ژنێك لە لووتكەی خۆشەویستی دا!

ژنێک لە لووتکەی خۆشەویستی دا!


نەوال سەعداوی ئەو ژنە عەرەبەی كە بەردەوام بە پێچەوانەی رەوتی ئاو مەلەی دەكرد، لە تەمەنی ٨٩ ساڵیدا لەشاری قاهیرە ماڵئاوای لە ژیان كرد. نەوال ساڵی 1931/ی زاینی لە گوندێكی نزیك، بە شاری قاهیرە لە دایكبوو. وەك بۆ خۆی لە رۆمانی”رواڵەتی شاراوەی حەوادا” دەنووسێت; تەمەن شەش ساڵانە بووە، كە لە پێش چاویی دایكی و لە حەمامەكەی ماڵی خۆیاندا، یەكەم ئەزموونی تاڵی رەگەزی ژن بوونی، تەجرووبە كردووە و خەتەنە كراوە. نەوال سەعداوی جگە لەوەی پلەکانی خوێندنی ھەتا بوون بە پزیشک بڕی، لە هەمان کاتدا؛ هەتا كاتی مردنەكەی زیاتر لە پەنجا رۆمان و پەرتۆكی جیاوازی لە پێوەندی لە گەڵ کێشەی ژنان، لە ناو وڵاتە ئیسلامییەکاندا چاپ و بڵاو كردووەتەوە و گەلێک خەڵاتی بەنەسیب بووە.  لە ساڵی ١٩٧١ زاینی لە گەل كۆمەڵێكی دیكە لە تێكۆشەرانی ماڤ و بەرژەوەندییەکانی مرۆڤی سەردەم، لە لایەن ئەنوور سادداتەوە دەگیردرێ و هەتا كاتی كوشتنەكەی ئەنوەر ساددات، لە بەندیخانە دەمێنێتەوە. چالاکییەکانی نەوال، تەنیا تەرخان بە ماڤی ژنان نەبوو. كتێبی بیرەوەرییەكانی بەندیخانەی لە ژێر ناوی; ”من بووم، تفم کردە ناو چاوی تۆ، راپۆرتی ژنێک لە خاڵی سیفردا”بەرهەمی ئەو سەردەمەیە، كە نەوال سەعداوی، بە قەڵەمی چاورشتن، کە لە ژنە سۆزانی و لەشفرۆشەکانی ناو بەندیخانەی وەردەگرت، لەسەر لاپەڕەی کلینیکسی ئاودەستی ناو بەندیخانە نووسیبووی. نەوال، نەتەنیا لە وڵاتەكەی خۆی بەڵكوو لە ئاستی جیهانیشدا، ژنێكی دیار و بەناوبانگ بوو. بە هۆی ئازایەتی و بوێری لە رادەبەدری نەوال سەعداوییەوە بوو، کە جیهان شارەزای ستەم و هەڵاواردنی رۆژانەی ژنانی وڵاتە ئیسلامییەكان و لەوانە وڵاتی میسر بووبووە. نەوال سەعداوی، دژی ئەو دەق و یاسا بەناو پیرۆزانە وەستایەوە، کە ژنانی هەتا ئاستی ئاژەڵ بچووککردبووە و تەنیا ژنی وەک نیوەی پیاو و کەرەستەیەک بۆ چێژیگرتنی پیاوان چاو لێ دەکرد و بەخەبات و نووسینەکانی خۆی، جیهانی هێنایە بەردەم ئەو پرسیارە ویژدانییە، کە چۆن دەکرێ، بەناوی رەگەزی بچووكتر و یاسا بنەڕەتییەكانی سەدەکانی رابردوو، دایکان و خوشکان و هاوژینی پیاوان،  تووشی هەڵاواردن و ستەمی سیستماتیک ببنەوە و بەوپەڕی نەهامەتی و چارەڕەشییەوە بژین. هەڵبەت دەنگ هەڵربڕین و نووسراەوكانی نەوال سەعداوی زۆر جار كێشەی توندی لێكەوتووەتەوە، و نەیارانی، وەک وەحشی و کافر و ھتد ناویان لێدەنا و هەڕەشەی کوشتنیان لێ دەکرد. شتێک کە خۆی رەتی ناکاتەوە و بێ باکانە دیفاعی لێدەکرد. ناوەکەی سەعداوی واتە؛ نەوال، لە بەخشینەوە ھاتووە. لە راستی دا، نەوال وەک ناوەکەی، ھەموو ژیانی بۆ ئازادی ژنان و ماڤەکانی ئەوان تەرخان کرد. کرووپە بنئاژۆکان ھەرشەی مردنیان لێکرد، خرایە بەبندیخانە و سزای دوورخستنەوە لە وڵاتی بەسەردا سەپێنرا. بەڵام نەوال زەینەب، ئەو چەشنەی کە خۆی دەیویست، کۆڵی نەدا و بوو بەو خاتوونە بەڕێزەی، کە لە لووتکەی نەمری و خۆشەویستی دا، ئەمڕۆ ماڵئاویی لە ژیان کرد.

تێبینی: بۆ زانیاری زیاتر لەسەر نەوال سەعداوی، بینینی ئەو وتوووێژەی خوارەوە سوود بەخشە.  (بە عبارت دیگر)


تعداد بازدیدکنندگان