دوا میراتی ترامپ بۆ بایدن!

پاش جێگیربوونی ژێردەریایی ناوکی "یو اس اس" جۆرجیا، لە گەل چەند پاپۆڕی شەڕكەری دیكە، لە ناو قووڵایی ئاوەکانی کەنداودا، ئەمڕۆ ئاژانسە هەواڵنێرییەکانی ئیسرائیل، بڵاویان کردەوە کە ژێردەریاییەکی ئیسرائیلی، کاناڵی سویزی بەرەو کەنداو بڕیوە. بەپێی ئەو هەواڵە، ژێر دەریاییەکه لە کاناڵی سویزدا هاتووەتە سەر چۆمەکە و دەڵێن؛ ویستوویەتی ئەم پەیامە بە جیهان رابگەێنێت؛ کە وڵاتی میسر، بۆخۆی، روخسەتی هاتنی ژێردەریاییەکەی بە ئیسرائیل دابوو. ئەمە لە کاتێک دایە، کە هەر لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، جگە لە دوو پاپۆڕیی گەورەی شەڕکەری تر، دوو بۆمب هاوێژی گەورەی بی - ٥٢، کە هەڵگری بۆمبی ناووکین، لە رووبەری ئاسمانی ناوچەکەدا خۆیان نوواندووە. هەر لەم پێوەندییەدا، جگە لە سەردانەکەی کوشنر و تیمەكەی بۆ ئیسرائیل، کە زاوا و موشاوێری پایەبەرزی ترامپە، ژنڕاڵ "کنت مەکەنزی”، فرماندەی "سنت کام"، کە کورتکراوەی فەرماندەیی گشتی ناوەندیی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکایە، سەردانی چەند وڵاتێکی ناوچەکە و لەوانە سوورییەو عێراقی کردووە و لە نزیکەوە، لە گەڵ گەورە بەرپرسانی چەکداریی هێزەكانی خۆیاندا وتوووێژیی کردووە. لە گەڵ ئەوەی هێشتا بەتەواوی روون نییە; هۆی سەرەکی ئەو ئاڵوگۆڕە چەکدارییەی ناوچەكە، دەیهەوێت كام ئامانج بپێكێت؛ بەڵام ئامریکا و ئیسرائیل، نایشارنەوە، کە لە ئەگەری هەرچەشنە دەستکردنەوەیەکی ئێران، و تەنانەت، هێزە هاوتەریبە دەسكردەكانی، بە توندی تۆڵە دەکەنەوە.  چەند رۆژ لەوەو پێش حەسەن نەسرووڵا، وتبووی؛ "ئیسرائیل بە تەمایە، هێرش بکاتە سەر حیزبووڵای لوبنان، بەڵام من شوێنەكەم پارێزراوە". هەر ئەمڕۆ، "ئاویو کوخای" فەرماندەی گشتی سوپای ئیسرائیل وتبووی؛" ئەمەوێ بە روونی و بێگرێ بە نەیارەكانمان بڵێم، وەڵامەکانی ئێمە و هەموو پلانەکان ،ئامادەن و بە وردی کاریان لە سەر کراوە." بەدڵنییاییەوە هێنانی ئەو هەمووە هێزە چەكدارییە پۆشتەیە بۆ کەنداو، بۆ لێدانی حەسەن نەسرووڵا نییە! ئێران خۆی ماتە داوە و جگە لە شەمخانی کە وتبووی؛ لە ساڵیادی کوشتنەکەی قاسم سوڵێمانیدا، بە نیازی تۆڵە کردنەوەن، جموجووڵێکی ئەوتۆی، لەخۆ نیشان نەداوە. ئەوەی کە ئایا ترامپ، لەم ماوە کورتەدا و پێش ئەوەی، بەتەواوی کۆشکی سپی بەجێ بێڵێت; بە یارمەتی ئیسرائیل، کورزێکی گورچووبڕ، لە ئێران بوەشێنێت، هێشتا بە تەواوی روون نییە. بە دڵنیاییەوە لێدان لە ئێران، کاریگەرییەکی گەورە و بەرینی دەبێ، هەم لە ئاستی جیهانی و بە تایبەت لە ناوچەکەدا. ئەگەری ئەوەش، کە ئێران بیەوێت لەم ساتە هەستیارەدا، تۆڵەی سڵێمانی و فەخریزادە بکاتەوە، زۆر کەمەو، کۆماری ئیسلامی لەم کاتەدا، ئامادەیی ئەو كردارەی نییە و حاڵی بە تەواوی شپرزە. هەر بۆیێ، گروپە هاوپیمانەکانی لە ناوچەکەدا ئاگادار کردووەتەوە، خۆیان لە جمووجۆڵ بپارێزن. هەرچەند گوێگرتنی ئەو هەمووە ملیشییا بێ سەرووبەرەیە بۆ ئێران، زۆریش ئاسان نییە. لێرەدا ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە، ئەگەر ترامپ و نتانیاهۆ سوور‌بن لە سەر هێڕشێکی رووخێنەری کورتماوەی گورچووبڕ، ئێران چۆن دەتوانێت، کاردانەوە سەلبی و ئیجابییەكانی ئەو کردارە؛ بەرپەرچ بداتەوە؟ بێزاری و تووڕەی گەلانی ئێران گەشتووەتە ئاستی تەقینەوە و هەر هەڵمەتێك، كە بتوانێت; بەهێزیی و هەیبەتی دەسەڵاتداران لە چاو خەڵك بخات و سامی دەسەڵاتداران بیشكێنێ، دەتوانێت; ئەزموونەكەی عێراقی پاش شەڕی یەكەم و دووەمی كەنداو دووپات بكاتەوە.  ئێران ئاوسی تەقتنەوەیە، بەڵام چۆن و كەی ئەو تەقینەوەیە روودەدات، دیار نییە. ئاشكراییە، كە مێژووی رووخان و هەرەسی رژیمە دیكتاتۆر و تۆتالیتەرەكان، لەگەڵ سەردەمی شەڕی سارد بە تەواوی جیاوازە. لە ئەگەری هەڵگرسانی شەڕدا، ئایا دەسەڵاتداران، چۆن دەتوانن، ورەی هێزەكانیان رابگرن، روون نییە. هەڵگرسانی شەڕ، رەنگە پلانی كاتی بوون و چوارچێوەیەكی دیاریكراوی بۆ داڕێژرا بێت; بەڵام مەرج نییە، شەڕ هەر لەو بازنەیەدا بووەستێ كە بۆی دیاری كراوە. بەشێك لە پرسیاریی ئەگەری هەڵگرسانی شەڕ، ئەوەیە; كە لێدان و كز كردنی مەلاكانی تاران، دەتوانێت چ كاریگەرییەكی لە سەر گەلانی ئێران و ئێمەی كورد هەبێت؟ ساڵی ٢٠٠٧/ی زاینی، گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل، جارێكی دیكە گەشتبووە ئاستی تەقینەوە و لە كاتەشدا، ئەگەرەکانی لێدانی ئێران زیاد بوو. بەڵام ئێرانی ٢٠٠٧، لەباری هێز و قەیران و کێشە ناوخۆییەکانییەوە، جیاوەزییەکی بنەڕەتی لە گەل کۆتاییەکانی ٢٠٢٠دا هەیە. هەر ئەو کاتە، پێشبینی و لەیکچوونی، هەندی رووداوی پاش ئەگەری هەڵگرسانی شەڕم کردبوو، کە لە ماڵپەڕی "اخبار روز"دا، لە ژێر ناوی" حملەی آمریكا و فرهنگ تسامح گریز " بە فارسی بڵاو بووەوە. هەست دەكەم، ئەو بەشەی كە پێوەندی بە سەر، كاریگەرییەكانی شەڕ، بە سەر ئێمەی كورددا دەبێت، گۆڕانكارییەكی ئەو تۆی بەسەردا نەهاتبێت. لێرەدا لینکی وتارەكە دادەنێم.


تعداد بازدیدکنندگان