دوونیا بێ ترامپ ئاسوودەترە

جیهانی بێ ترامپ ئاسوودەترە!؟

گومان لەوەدا نییە، کە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی، لە وڵاتە یەکگرتووەکاندا، بە تایبەت ئەم خولەی ئێستا، کاریگەرییەکی بەرینی دەبێت؛ لەسەر رهەندی گشتی سیاسەتی ناوەوەوی دەوڵتی ئەمریکا و نەخشەی سیاسەتەکانی دەرەوەی ئەو وڵاتە بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردیشەوە. ئەگەرچی ئاماژەکان وامان پیشان دەدەن، کە بایدن براوەی ئەم خولە لە هەڵبژاردنەکانە. بەڵام تا روونبوونەوەی ئاکامی گشتی ھەڵبژاردنەکە، کە رەنگە چەند رۆژێکی دیکە بخاێنێ؛ دەبێ چاوەرووانی کۆتایی ژماردنی دەنگەکان بین. بەتایبەت ئەو دەنگانەی کە ھێشتا لە هەندی لە ویلایەتەکانی ئەو وڵاتەدا نەخوێندراونەتەوە. دنیا بە هەستیارییەوە چاو لە هەڵبژاردنەکانی ئەم خولە، لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی ئامریکا دەکات. ئەگەر ترامپ دۆڕاوی کێبەرکێکە بێت، وەک وادەردەکەوێت. ئەوە لە ساڵی ١٩٣٣ زاینی بەم لاوە، لە تەنیشت جەڕاڵد فورد، جیمی كارتر و بووشی باوك، بۆ یەکەم جارە کە لە  مێژوویی وڵاتە یەکگرتووەکاندا، سەرۆک کۆمارێک پاش یەک خول مانەوە لە دەسەڵاتدا، دەبێ کۆشکی سپی بەجێ بێڵێت. جگە لەوە، کاریگەرییە ئەرێنی و نەرێنییەکانی ئەم جێگوڕکێ هەسیارەی ناو کۆشکی سپی، بێ گومان دەتوانێت؛ بەرین و بەربڵاو بێت. ترامپ و شاباڵەکانی، لە چوار ساڵی رابردوودا، كاریگەرییەكی زۆریان هەبوو لەسەر رەوتی رووداوەكان و  زۆر گڵۆڵەی ئاڵۆز و وونیان لە ئاستی سیاسەتی نێوخۆیی و نێونەتەوەیی و ناوچەیی، لە پاش خۆیان بەجێ هێشتووە یان بەجێی دێڵن، كە بۆ نمونە دەتوانین ئاماژە بە هەندێكیان بكەین:
١-  لە ئاستی ناوەوە، ئەوەی ئۆباما و دیموکراتەکان لە ماوەی هەشت ساڵدا رستبوویان، ترامپ هەمووی لێکردنەوە بە خوری. سیاسەتی بیمە کۆمەڵایەتییەکەی ئۆباما کە بە یەکێک لە دەسکەوتە هەرە گەورەکانی خۆی دەزانی؛ هەڵوەشاندەوە و سیاسەتەکانی کۆمارییخوازەکانی لەو بوارەدا دەستەبەر کرد. بەڵێنی دابوو، درێژایی سنوورەکانی لەگەل وڵاتی میکزیک، بە دیوار دابخات و بەڵێنەکەی خۆی بردە سەر. رێژەی بێکاری لە هەندێ لە ویلایەتەکان هێنایە خوارەوە و ئەگەر بەڵای کرۆنا و بەکەم گرتنی مەترسییەکانی ئەو پەتایەی نەدەگرتە بەر، رەنگە ئێستا لەگەل دووربینی ئاکامێکی دیکە، لە هەڵبژاردنەکانی ئەم خولە، بەرەوروو دەبووین.
٢- لە ئاستی نێونەتەوەیدا، بێجگە لەوەی پێوەندی ئەمریکا و دۆستانی لە مێژینەی ئەو وڵاتە، بەتایبەت وڵاتانی یەکگرتووی ئۆرۆپا، تووشی ئاڵۆزیی و ساردییەکی بێ وێنە بوو. لە پێوەندی لە گەڵ دوو زلهێزەکەی دیکەشدا، واتە؛ چین و رووسییە، رەهندێکی دیکەی بەسەر سیاسەتی ناووکی، ئەو وڵاتەدا زاڵ کرد. لە پێوەندی لەگە ھەڕشە گشتییەکانی ژینگەدا، یەکلایەنە، ھاوپیمانە جیھانییەکانی بەجێ ھێشت، و خۆی لە سەرفکردنی پارە بۆ پاراستنی ژینگە پاراست.
٣- لە ئاستی ناوچەیی و لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراستیشدا، ببوە میراتگری كۆمەڵێك كێشەی كەڵەكە بووی چارەسەر نەكراو، كە بەپەلە بوو هەرچی زووتر بەدەستیانەوە رزگاری بێت. ئاڵۆزییەکانی پاش یازدەی سیپتامبر، کە بە رووخانی دەسەڵاتی ئەماراتی ئیسلامی تاڵەبان لە ئەفغانستانەوە دەستی پێکردبوو، و دوواتر بە ھاتنی سەرەی عێراق، کە لە شەڕی یەکەمی کەنداودا بە تەوای بێھێز بووبوو؛ بە رووخانی سەددام حەسێن، گەشتە لووتکەیەکی تایبەت. بە هەڵکردنی شنەبای بەهاری عەرەبی و  رووخانی یەک لە دوای یەکی دەسەڵاتە تکنۆکراتەکانی وڵاتە عەرەبییەکان و چەقبەستنی درێژەی ئەو رەوتە لەسوورییەدا، بووە هۆی سەرهەڵدانی ئاڵۆزی زیاتر و بەھێز بوونی رەوتە بنئاژۆ و توندڕەوە ئیسلامییەکان  و لەوانە داعش و رووداوەکانی پاش ئەو. ترامپ یەکە یەکە لەو کێشانە ھاتەدەرەو، یان خەریکی خۆ قوتار کردن بوو بە دەستیانەوە. ئەوەی بۆ ترامپ گرنگ بوو، مەسرەف نەکردن بوو، بۆ کێشەیەک کە بە کێشەی ئەمریکای نەدەزانی.
٤- فەلەستینیەكان و ئەفغانییەکان بە دڵنیاییەوە، بایدنیان لە ترامپ پێ باشترە. لە ژێر رێبەری ترامپدا بوو كە پێتەختی ئیسرائیل گوازرایەوە بۆ بەیت ئەلموقەدەس و دواتر بەبێ ئەوەی چارەسەرییەك بۆ كێشەی فەلەستینییەكان دۆزرابێتەوە، چەند وڵاتی تری عەرەبی، ئیسرائیلیان بە فەرمی ناسی و زیاتر لە هەر كات كێشەی فەلەستین كەوتە پەراوێزەوە. ترامپ بۆ ئەوەی سەرکەوتنەکەی خۆی لەم خولەی هەڵبژاردنەکەدا مسۆگر بکات، بە پەلە بوو کێشە قووڵەکانی ناوچەکە بە خێرایی چارەسەر بکات. ھەتا ئەو بەڵێنەی کە بە لایەنگران و دەنگدەرانی خۆی دابوونی، بباتە سەر. واتە؛ چی دیکە نەھێڵێ سەربازی ئامریکایی، لە ئەفغانستان و عێراق و سوورییە و ھتد بکوژرێن. تاقمی تاڵەبانی هێنایە سەر هێڵی وتوووێژ و بەم شێوەی دەسکەوتەکانی ئەم چەند ساڵەی گەلی بەشمەینەتی ئەفغانستانی لە گەل مەترسییەکی گەورە بەرەو روو کرد.
٥- تورکەکان گەورەترین سوودیان لە سیاسەتەکانی ترامپ لە ناوچەکەدا وەرگرت. ئەگەرچی جاروبار پێوەندی ئەو دوو وڵاتە تووشی ئاڵۆزی دەبوو، بەڵام بەگشتی لە ژێرسێبەری رەحمەتی ترامپدا بوو کە توانی بەشێک لە خاکی رۆژئاوای کوردستان، کە بە نرخێکی گران لە چنگ داعش رزگار کرابوو؛ داگیر بکات. ئۆردغان لەبەر ئەو دەستکەوتە ناوچەییانەی کە بە چاونووقاندنەکانی سەرۆك كۆماری ئامریكا، دەستی كەوتبوون؛ مانەوەی ترامپ لە دەسەڵاتدا، بە قانزانجی خۆی دەزانێت. چوونکوو رەنگە بە ھاتنە سەرکاری تیمەکەی بایدن، چی دیی نەتوانێت؛ ھەروا ئاسان دەستدرێژییەکانی بۆ سەر وڵاتەکانی ناوچەکە درێژە پێبدات.
٦- بەڵام ئێران لە سیاسەتی نوێی وڵاتە یەکگرتووەکاندا، رەهەندێکی دیکەی تەجرووبە کرد. ترامپ، هەر لەسەرەتاوە بەدڕاندن و هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتننامەی بەرجام، کە لە ئاکامی وتوووێژیی ژێربەژێرەی ئۆباما و نەرمی نواندنەکانی تیمەکەی ئەوەوە، واژۆ کرابوون؛ خوڵێکی نوێی لە سیاستی وڵاتە یەکگرتووەکان، بەرانبەر بە ئێران دەستی پێکرد. کە بە کوشتنی شێرە ناوچەییەکەی کۆماری ئیسلامی، واتە؛ قاسم سوڵێمانی،  گەشتە لووتکەی ئاڵۆزی خۆی. ھەرچەند دەسەڵاتدارانی ئێران، و لە سەرووی ھەموویانەوە رێبەری نیزام، عەلی خامنەیی، دەیانهەوێت وانیشان بدەن کە؛ بۆ ئەوان ھیچ جیاوازییەکی نابێت، کە کێ جڵەوی کۆشکی سپی بەدەستەوە بگرێت. بەڵام بە دڵنییاییەوە دیوێکی تری ئەو خۆدەرخستنە ئەوەمان نیشان دەدات کە دەسەڵاتدارانی ئێران، بێسەبرانە، چاویان بڕیوەتە ئاکامی هەڵبژاردنەکەی ئەم خولە و چاوەڕوانن بە لاچوونی ترامپ، لە ژێرەوە رەهەندی سازان و رەوتی وتوووێژەکان بگێڕنەوە بۆ سەردەمی ئۆباما و هەلوومەرجی خاوکردنەوەی گەمارۆ ئابوورییەکان، لە سەر ئێران خۆش بکەن. ئەوەی کە تیمەکەی بایدن، لە ئەگەری سەرکەوتنیاندا، چۆن دەیانەوێت مامەڵە لەگەل ئێراندا بکەن، هێشتا بە تەواوی روون نییە. بەڵام گەڕانەوەی دۆخەکە بۆ سەردەمی پێش ترامپیش، ناتوانێت هەروا ئاسان و بێ کێشە بێت. رەنگە بۆ ئێران، باجدانی دەسەڵاتداران، بە بایدن و دیمۆکراتەکان، بۆ دەربازبوونیان لەم قیرانەی ئێستا، جیاوەزتر بێت؛ لە وتوووێژ و باجدانەکانیان بۆ تیمەکەی ترامپ. بە گشتی ترامپ سەرۆک کۆمارێکی سەیر بوو، رووانینی ئەو بۆ کێشە ناووکی و هەستیارەکان، رووانینی سوود و زیانی ماددی بوو و لە یەک وشەدا، بەردەوام توورەکەی بۆ قانزانجەکان هەڵدووریبوو. مەلاکانی ئێرانیش، ھەر وەک ترامپ، ئامادەی مامەڵە کردنن. بە مەرجێك ژێربەژێرە و بێدەنگ بكرێت و دەنگی دەرنەێەت. دەبێت چاوەروان بین بزانین، سەرۆك كۆماری نوێی كۆشكی سپی، ئەگەر بایدن بێت، كامیان هەڵدەبژێرێت. 
٧- بەڵام لە پێوەندی لە گەل کوردا، لانیکەم لە سێ بەشی باشوور و باکوور و رۆژئاوادا، کوردەکان ئاواتەخوازن، ترامپ سەرنەکەوێت. ئەزموونی دەسەڵاتداریی ترامپ، بۆ کوردەکانی ئەو سێ بەشەی خاکی کوردستان، ئەزموونێکی بێ کێشە نەبوو. لە رۆژئاوادا هەرکە کوردەکان، شکستی داعشیان بۆ مسۆگەر کرد، گڵۆپی سەوزی بۆ ئۆردۆغان دایسان، کە بەشێک لە خاکی کوردستان داگیر بکات. و لەم بەستێنەدا گوێشی نەدایە راوێژکارە چەکدارییەکانی خۆی. لە باشووریش چاو نوقاندنەکانی ترامپ، رێکای بۆ هاتنەوەی سوپای عێراق و ئێران و حەشدی شەعبی خۆش کرد؛ هەتا دەست بەسەر  کەرکووکدا بگرنەوە. بەڵام رۆژهەڵاتییەکان بە دۆڕاندنی ترامپ خۆشحاڵ نیین. هەستی رۆژهەڵاتییەکان ئەوەیە، کە گوشارە ئابوورییەکانی ترامپ، بەڵکوو بتوانێت؛ لە ئاکامدا، بە کز بوون و رووخانی کۆماری ئیسلامی کۆتایی پێ بێت. ئاواتێک کە بەشێک لە ئۆپۆزسیونی ئێران، کوردیشی لە گەل بێت، ئاواتەکانی خۆیان لەسەر ھەڵچنیوە.
تعداد بازدیدکنندگان