توشای باڵندەیەكی غەریبی زاگرۆس

 توشای باڵندەیەكی غەریبی زاگرۆس 


لە ناو زنجیرە شاخەكانی زاگرۆس دا، شوێنێك هەبوو; دوور لە چاوی مرۆڤەكان، شوێنێكی بەرز و هەڵەت و لە گیران نەهاتوو . لەو شوێنەدا كرۆڵێكی تێدابوو؛ كە باڵندەیەكی غەریب، بە ناوی توشای تێدا دەژیا.
تووشای كاكۆڵێكی ئاورین و داخێكی رەشی لەسەر قوڕگ دایە، كە بە هەزار رەنگ دەنوێنێ. هەموو ساڵێك كاتی پاییز، جارێك و تەنیا یەكجار، گۆرانییەك دەچڕێ. ئەوەندە تاڵ و خەمگین و سەرسووڕهێنەر، كە لە حەسرەتاندا، شاخ لەهەزار لاوە قەڵەش دەبا و درەختەكان لە ماتەمدا گەڵاكانیان، زەر هەڵدەگەڕێ و باڵندەكان، دڵگران و بەئازار، كۆچ دەكەن و روو لەئاسمانەكانی دیكە دەكەن. بزنەكێویەكان شاخە بڵندەكانیان، دەسوونە سنكی شاخە ھەڵەت و بەرزەكان، هەتا هەپروەن، ھەپروون دەبن.  تووشای لە ناو قووڵایی ئەو هەڵەتە دوورە پەرێزانەدا، بە تاقی تەنیا دەژیی. هەموو ساڵێك، وەرزی پاییز، كاتێك هەورە خۆڵەمێشییەكان، لووتكەی بەرزی شاخەكان دادەپۆشن و مژێكی خەست، تا داوێنی شاخەكان شۆڕ دەبنەوە؛ تووشای لە كرۆڵەكەی دێتە دەرەوە و بە كاكۆڵە ئاورینەكەی و داخە ڕەشەكەی سەر قوڕگیەوە، بە هەزار رەنگ، چین لە سەر چین خۆدەنوێنێ. لەسەر بناوەچی دارێك، كە لەبەردەم كرۆڵەكەی روواوە، رۆدەنیشێ و كلكە درێژەكەی، لە ناو مژەكەدا بۆ خوارەوە شۆڕدەكاتەوە. ئەو شتەی لە ناو قەڵای كۆۆندا و لە وڵاتی تابووتەكاندا دیویەتی; جارێك و تەنیا یەكجار سەرلەنوێ، دەیگێڕێتەوە و دەگریی. ئینجا دڵۆپە خوێێکی گەورە، لە دەنووكیەوە دادەچۆڕێ و پاشان دەگەڕێتەوە ناو ئەشكەوتەكەی و هۆشی لێ دەبڕێ.
ئەو باڵندانەی گوێ لە چیرۆكەكەی تووشای دەگرن، خاڵێكی شین. لەسەر تەوێڵیان دەڕوێ و هەتاهەتایە، چریكەی دەنگیان، ئاھەنگی ماتەمینیی لەخۆ دەگرێ. باڵندەكان بە تووشای دەڵێن:
- چیرۆكێكی دیكەمان بۆ بگێڕەوە، چیرۆكێكی دیكە.
تووشای بە دڵە خەمگین و بریندارەكەیەوە دەڵێت:
- من هەر ئەو چیرۆكەم لەبەرە.
باڵەندەكان دەڵێن: چیرۆكەكەی تووشای زۆر خەمگینە و پیرمان دەكات.
تووشای دەڵێ: جارێك لەناو قەڵای كوندا، بۆ خۆم دەسووڕام، لەو كاتەوە هەتا ئێستا، لەم ئەشكەوتەدا دوورە پەرێزییم، كردووتە پیشە و شتێكی نوێم نەدیوە و نەبیستووە. بەڵام هەركات پاییز دەستپێدەکات و تەم و مژە خۆڵەمێشییەكان شاخ و یاڵە رووتەكان لەخۆ ھەڵدەپێچن؛ باڵندەكان لە دەور هێلانەكەی تووشای كۆ دەبنەوە و تووشای بەو رقەی کە لەناو قوڕگیایەتی; دەچریكێنێ و چیرۆكەكەكەی بەم شێوەیە دەست پێدەكات:
- وەكوو ئەمڕۆ، پاییزە رۆژێك بوو. لەسەر قەڵاكەی پیرۆزەوە، دەرباز دەبووم و ماندوو بووم. رۆشتم و لە بەر پەنجەرەێكی نیوەكراوەدا، رۆنیشتم. لەمدیو پەنجەرەکەوە، تەماشایەكی ناوەوەم كرد. كیژێكی  گەنج، بە ناو تووشای، كە من ئەم ناوەی خۆم، لەوەوە بە خەڵات وەرگرتووە؛ لە بەرانبەر قازی تیزابدا راوەستابوو. سیمای تووشای، وەكوو گوڵە کێویلەیەک، جوان و بێ ئاڕایشت  بوو. چاوە گەش و گەورەكانی دەت گوت؛ دوو دڵۆپە شەونمی گەورەن. 
قازی لە تووشای پرسی:
- پێی لێنێ، كە رۆشتیە  ناو قەڵاكەوە.
تووشای ئارام و لە سەرەخۆ وتی:
- بەڵێ.
قازی سەركەوتووانە  تەماشایەكی قەرەوڵەكەی كرد و وتی:
- هەتا كلیلی، دەركە داخراوەكە بدۆزییەوە و بیبەی؟
من لە پشت پەنجەرەكەوە وتم:
- تووشای، تووشای، بە قازی تیزاب درۆ بڵێ. فریوی مەخۆ. بە دەروونێكی ئاسوودەوە، درۆی پێ بڵێ. بەڵام تووشای لە زمانی من تێنەدەگەیشت. تەماشایەكی كردم و بۆ ساتێك چاوەكانی كرانەوەو بزەیەك نیشتە سەر لێوی ولە وەڵامی قازیدا وتی:
- بەڵی.
 قازی لە كاتێكدا، ژێرچەنەكانی چین لەسەر چین، لەگەل ورگە قەڵەو و ئاوساوەكەی، پێكەوە دەلەرینەوە; پرسیاری كرد:
- هەتا چی بكەی؟ بیڵێ كچەكەم، راست بڵێ، هەتا رزگارت بێت.
من وتم:
- تووشای، تووشای، راست نەڵێی. بەزەییت بە خۆتدا بێتەوە.
بەڵام تووشای لەزمانی من تێنەدەگەیشت و راستیەكەی دركاند.
- هەتا لە رازی وشەی نھێنی تێبگەم!
قازی بە خۆشحاڵییەوە وتی:
- خۆت پێت لێ نا. كارت تەواوە. ئێستا لەبەر ئەوەی كە كیژێكی باشی، بە دڵپاكییەوە ناوی ئەو هاوڕێیانەت بڵێ، كە دەیانویست لەگەل تۆدا بێنە ناو قەڵاكەوە و هەڵهاتن.
من وتم تووشای! بڵێ من هاوڕێیەكم نییە. بە تاقی تەنیا هاتم و قەڕەوڵەكان درۆ دەكەن. بەڵام لە ناكاو، رواڵەتی تووشای، سوور هەڵگەڕا و بە رق و نەفرەتەوە، تفێکی كردە ناو چاوی قازی تیزاب.
قازی بە قۆڵی كەواكەی، دەم و چاوی سڕی و فەرمانی كرد:
- بیبەنە تەنیشت ئەو دیوارەوە!
قەڕەوڵەكان تووشایان بردە ناو حەوشەی قەڵاكە. تووشای، قەیتانی پێڵاوەكانی بەست و حەگاڵە گوڵدارەكەی رێككرد و لە ناكاو، لە ناو حەوشەو داڵانە، پێچ وپڵووچەكانی قەڵاکەدا، دەستی كرد بە هەڵاتن و مستەكانی رادەوەشاند. دەتگوت; كیژۆڵەیەكە و بەدەور خۆیدا هەڵدەسووڕێ. دەتگوت; زەریایەكی خرۆشاوەو وزنگ دەدات و دەنگێكی سەرسووڕ هێنەر لە گەروویەوە بەر دەبووەوە.
لەپشت پەنجەرە داخراوەكانی قەڵاكەوە، بەهەزاران چاوی پەرێشان، بۆی دەگریان. سەرئەنجام قەرەوڵەكان گرتیان و دەستەكانیان لە پشتەوە بەست و پاڵیان بە دیواری قەڵاكەوە دا. لە تەنیشت دیوارەكەدا، هەردوو لاقیان بەستەوە، هەتا چی دی نەتوانێت هەڵ بێت. پاشان لەسەر زەوییەكەدا چۆكیان دادا و رووەو تووشای، دەستیان بە دەسڕێژ كرد. دڵی تووشای تەقییەوە و هەزار پارچە یاقووتی سوور، رژایە سەر زەویەکە. قەرەوڵەكان بەپەلە دەستیان بە هەڵهاتن کرد؛ هەتا یاقووتەكان كۆ بكەنەوە. كاتێك دەستیان لە پارچە یاقووتەكان دەكەوت; دەستەکانیان دەسووتا و سەرتاپا، مووی لەشیان سپی هەڵدەگەڕا و بە گرمەگرم، لەناو حەوشەكەدا هەڵدەهاتن و شێت دەبوەن.
تعداد بازدیدکنندگان