“خاوەنی پەیکانە شۆکۆلادییەکە"

 "خاوەنی پەیکانە شۆکۆلادییەکە"

  • ئەرسەلان عەزیزی

شەبڕەنگ ناوی یەکێک لە گۆڕەپانە سەرەکییەکانی شاری مەریوانە کە ناوەکەی خۆی لە میوانخانەیەکەوە بە میرات بۆ ماوەتەوە؛ کە لە باکووری رۆژهەڵاتی ئەو گۆڕەپانەدا ساز کرابوو. میوانخانەیەک کە ساڵانێکی زۆر دوور، حاجی ئەحمەد ڕاستی دروستی کردبوو. میوانخانەکە دوای شۆڕش روخاو و شوێنەکەی بوو بە کەلاوە. هەڵبەت ئەو شوێنە، گۆڕەپانی «یادبود»یشیان پێدەگوت. هۆی ئەو ناوە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی دەیەی چل. پاش شۆڕشی سپی و چاکسازیی زەوی‌وزار لە سەردەمی شادا، یادبوودێک دروست کرا کە لەوحێکی برنجی گەورەی پێدا هەڵواسرابوو و هەردوازدە خاڵەکەی ئەو شۆڕشە سپییەی لەسەر هەڵکەنرابوو. بلوارێکی درێژ لە سەرەتای یادبوودەکەوە دەستی پێ دەکرد و هەتا خواروی شار و چۆمی کەڵینکەوە، ئەو بەشەی شاری دەکرد بە دوو کەرتەوە. لە نێوانی هەردوو سایتی بلوارەکەدا چیمەن و ناوبەناو دارپەڵکیان چاندبوو. هەرکە دار پەڵکەکان گەورەبوون، سێبەر و جوانییەکی تایبەتییان بەو بەشەی شار بەخشتبوو و بووبوو بە شوێنێک بۆ پیاسە و کاتبەسەربردنی ئێوارانی خەڵک، بەزۆری چینی مامناوەندی شار، مامۆستایانی قوتابخانەکان و مووچەخۆرانی فەرمانگەکان، قۆڵیان بەناو قۆڵی یەکتردا دەکرد و لە لای راستی بلوارەکەدا بە شێنەیی پیاسەیان دەکرد. پاش شۆڕش و جێگیربوونی دەسەڵاتی نوێ، وردەوردە هەموو شتێک گۆڕدرا. شۆڕشگێڕان سەرەتا لەوحەکەیان لێ کردەوە و دروشمی خۆیان بەسەرەوە نووسی. پاش ئەوان حکومەت یادبوودەکەی ڕووخاند و ئاسەواری نەهێشت و لە جێگاکەی هەیکەلی حەسێن فەهمیدەی دانا، کە ئەویش لەئاکامی شۆڕشی خەڵک سوتێندرا و بە تراکتۆر ڕاکێشکرا بۆ ناو دۆڵ و کەنداوێکی چۆڵ. ئەوەی مایەوە، ناوە کۆنەکەیەتی کە لەو میوانخانەیەوە بە میرات بۆی ماوەتەوە. درێژەی بابەت


سەرەتاکانی دەیەی حەفتا و پاش کۆتاییی شەڕ، یەکەم جار لە شەبڕەنگ دەكەی ڕۆژنامەفرۆشیم دانا و ماوەیەک پاشتر سازمانی تەبلیغاتی ئیسلامی، کە ناوەندەکەی لە ماڵە دەستبەسەرداگیراوەکەی کاک [بابا] عەلی میهرپەروەردا جێگیر بووبوو، دەكەیەکی گەورەیان لە تەنیشتی دەكەکەی من دروست کرد، کە بە ئەندازەی دووکانێکی گەورە دەبوو. کتێبی حکوومەتی، تەبلیغاتی شیعەگەری، هەندێ دیوان و بەرهەمی شاعیرانی کلاسیک، قەڵەم و قاقەز و شتی لەو بابەتەیان تێدا دەفرۆشت. ناویان لێ نا «کتێبسرای خاتم الانبیاء». لە سەرەتای لای چەپی بلوارەکەدا و ڕێک لە پێش دووکانەکەی ڕەحمەت باغەبانی، دەكەیەکی دیکەش دروست کرابوو کە ئەویش بە قەد ژوورێک دەبوو. ئەو دەكەیە بۆ پاسەوانەکانی هاتوچۆ (ڕاهنمایی و ڕانندگی) دروست کرابوو. بەزۆری سەربازی گەنج، بە جلوبەرگی پۆشتەی تایبەتی ئەو فەرمانگەیە، بە کڵاو و دەستماڵی دەورمل و پێڵاو و گوریسێکی پەلکەچن و فیقەیەکی سپییەوە، لەوێ دەحەوانەوە و بە نۆبە ئۆتۆمبیل و قەرەباڵغیی ئەو ناوەیان کۆنتڕۆڵ دەکرد. پیاوێکی مامناوەندی کە ناوی محەمەد بوو، ئەو کتێبسرایەی بەڕێوە دەبرد. سازمانی تەبلیغاتی ئیسلامی کە ڕاستەوخۆ لە لایەن وەلی فەقیھەوە ئیدارە دەبێت، ناوەندێکە بۆ پەرەپێدانی ئاینزای شیعەگەری لە ناوچە سوننەنیشنەکانی ئێراندا. خانووە دەستبەسەرگیراوەکەی کاک [بابا] عەلی لەو کتێبسەراییەوە تەنیا چەند سەد مەترێک دوور بوو. بەرپرسی ناوەندەکە مەلایەکی شیعە بوو کە ئێواران عەبا و عەمامەکەی لادەبرد و شەڕواڵێکی ئاسایی ناوماڵ و کراسێکی دەرەدامانی سپی یەخە ئاخوندی، کە هەتا نزیک ئەژنۆی دەگەیشت، لەبەر دەکرد و بە جووتێک نەعلەوە دەهات و لەسەر کورسی بەردەم مێزی فرۆشیار دادەنیشت؛ وادیار بوو زیاتر بۆ کاتبەسەربردن دەهات.

سەری ڕووت بووبووەوە و ناوبەناوە تاڵەمووی درێژ تێکەڵ بە یەک بووبوون. ریشێکی تۆپزی نە زۆر درێژی رەش  و خاڵێکی ڕەش وەکوو جێکای داخکردن، بە ناوچاویەوە دیار بوو. کاتێک بە جلوبەرگی مەلایەتییەوە دەهات، دیار نەبوو چەندە قەڵەوە، بەڵام ئێواران کە جلوبەرگەکەی لەخۆی دادەماڵی، دەکرا بە ڕوونی هەست بە بەز و چەوریی گەدەی بکەیت کە چین لەسەر چین کەڵەکە بووبوو. پیاوێکی مامناوەندی بوو؛ نە زۆر کورت و نە باڵابەرز. قەڵەویی و چەوریی تەنیا لە سینگ و ورگ و دەست و مەچەکیدا کۆ نەبووبووەوە، بەڵکوو کاتێک لە ماشینەکەی دادەبەزی و بەرەو کتێبسەراکە دەهات، وەکوو پەزێکی قەڵەو دوو چین چەوریی و بەزی بەدوای خۆیدا ڕا دەکێشا. تەمەنی لە نێوان چل بۆ پەنجا ساڵدا بوو، بەڵام لەبەر خڕپنی و قەڵوییەکەی هندێک بەتەمەنتر دیار بوو.

وەکوو هەموو ڕۆژێک لە ماشینەکەی دابەزی و هێدی هێدی ڕۆیشتە ناو کتێبسەراکە. محەمەد کە دەیزانی کەی بەرپرسەکەی دێت، هەموو شتێکی ئامادە کردبوو؛ کتێبەکان و مێزی کارەکەی ڕێک و پێک کردبوو و ئەو ناوەی گسگ دابوو. ئۆتۆمبیلەکەی لە ناو گۆڕەپانەکە و ڕێک بەرامبەر بە دەكەکەی من ڕاگرتبوو. ئۆتۆمبیلەکەی لە جۆری پەیکان و ڕەنگەکەی قاوەییەکی شۆکۆلاتی تێر بوو. هەموو جارێک یەکێک لەو گەنجانەی پۆلیسی هاتوچۆ بە بینینی ئۆتۆمبیلەکە بەدوای خاوەنەکەیدا دەگەڕا و هاواری دەکرد: «خاوەنی ئەو ئۆتۆمبیلە شۆکۆلاتییە لە کوێیە؟» منیش بە ئاماژەی چاو و پەنجەی شادە ئاماژەم بە دەرگای کتێبسەراکە دەکرد و دەمگوت: «لەوێیە.»

هەموو جارێک پاسەوانە گەنجەکان بە گوڕ و متمانەبەخۆبوونەوە دەڕۆیشتنە ژوورەوە و حاجی ئاغا پێی دەگووتن: «دەنگت دابەزێنە.» پاسەوانەکان سەرەتا سەیرێکی حاجی ئاغایان دەکرد و سەرەڕای ئەوەی دەیانزانی دەبێ لەگەڵ کابرایەکی دەسەڵاتداردا ڕووبەڕوو بووبن، دیسان هەوڵیان دەدا حاجی ئاغا تێ بگەیەنن کە ڕاگرتنی ئۆتۆمبیل لە ناو گۆڕەپاندا ڕێگاپێنەدراوە، بۆیە نزمتر دەیانگووت: «تکایە ئۆتۆمبیلەکەت بگوازرەوە بۆ شوێنێکی دیکە.» بەڵام حاجی ئاغا دیسان بە تووڕەییەوە دەیگووت: «وتم بڕۆ دەرەوە!» پاسەوانە گەنجەکان سەیرێکی حاجی ئاغایان دەکرد و بەبێ ئەوەی شتێک بڵێن، ئەو ناوەیان بەجێ دەهێشت و دەڕۆیشتن.

هەر چەند ڕۆژ جارێک ژمارەیەک پاسەوانی نوێ دەهاتن و پاسەوانە کۆنەکان دەگوازرانەوە بۆ شوێنی دیکە. ڕۆژێک پاسەوانێکی باڵابەرزی نوێ هات و بە زاراوەی ئیسفهانی و بە دەنگی بەرز هاواری کرد: «ئەو ئۆتۆمبیلە شۆکۆلاتییە هی کێیە؟» ئەو ناوە قەرەباڵغ بوو، بەڵام کەس وەڵامی نەدەدایەوە. دەستی بەسەر کاپۆتی ئۆتۆمبیلە پەیکانە شۆکۆلاتییەکەدا دەکوتا و هاواری دەکرد: «ئەم داشقەیە هی چ کەرێکە؟!» خەڵکەکە ئوتۆمبیلەکەیان دەناسی و دەیانزانی هی کێیە، بەڵام دەنگیان نەدەکرد و پێیان خۆش بوو بە «کەر» ناوی خاوەنەکەی دەبرد.

کاتێک پاسەوانە گەنجەکە لە دۆزینەوەی خاوەنی پەیکانەکە نائومێد بوو، هاتە لای من و پرسیاری کرد: «تۆ خاوەنی ئەو پەیکانە شۆکۆلاتییە ناناسی؟» وتم: «بەڵێ.» وتی: «ئەی من لە بەیانییەوە هاوار دەکەم، بۆ دەنگ ناکەیت؟» لە وەڵامدا وتم: «ئەو پەیکانە هی کەسێکە کە تۆ ناتوانیت هیچیشی پێ بڵێیت.» تووڕە بوو وتی: «چۆن ناتوانم؟ هی هەرکەسێک بێت، نالی دەکەم.» وتم: «وازلەخۆت بێنە، تۆ سەهلی، بەرپرسەکەشت پێی ناوێرێت.» پاسەوانە گەنجەکە، کە تەمەنی لە نێوان نۆزدە بۆ بیست ساڵدا بوو، بەو قسەیەی من تووڕە بوو و وتی: «گاڵتەم پێ دەکەیت؟» وتم: «نەوەڵا، بە جدیمە.» وتی: «تۆ پێم بڵێ، وەڵڵا وات بۆ نال دەکەم کەس نەیکردبێ.»

چاوێکم لە ناوچاوی کرد؛ جەوانێکی بزێو و پڕ لە وزەم هاتە پێش چاو. بە ئاماژەی دەست پێم وت: «حاجی ئاغا لەوێیە.» بە پەلە لە من دوور کەوتەوە و بەرەو کتێبسەراکە کەوتە ڕێ. هەر لە دوورەوە بە دەنگی بەرز هاواری کرد: «ئەو ماشینە شۆکۆلاتییە هی کێیە؟» حاجی ئاغا لەکاتێکدا کتێبێکی بەدەستەوە بوو، سەری بەرز کردەوە و لەناکاو بەسەر گەنجەکەدا تەقییەوە: «دەنگت دابەزێنە، ئەحمەق!» گەنجەکە چاوی بڕییە دەستە خڕپن و پڕ لە ئەنگوستیلەکانی ئەو پیاوە تووڕەیە و ویستی قسە بکات، بەڵام حاجی ئاغا دەستی بەسەر مێزەکیدا کوتا و وتی: «هەتا زووە لە پێش چاوم ون بە!» پاسەوانە گەنجەکە پشتاوپشت کشایە دواوە و بەشەرمەوە و بێ ئەوەی بۆ من بنواڕێت، بەرەو لای کیۆسکەکەی خۆی چەمایەوە و لە پێش چاو وون بوو.

محەمەد هاتە بەر دووکانەکە و پاشان ڕۆیشتە ژوورەوە. حاجی ئاغا دیسان کتێبەکەی بە دەستەوە گرت. دوو کەس ڕۆیشتنە ناو کتێبخانەکەوە و دەستیان کرد بە پشکنینی کتێبەکان. لە دەكەکەم هاتمە دەرێ و بەرەو کتێبسەراکە کەوتمە ڕێ. لەم دیو درگەکەوە چاوێکم بە حاجی ئاغادا خشاند؛ کتێبی گوڵستانی سەعدی بە دەستەوە بوو. وێنەی سەعدی لەسەر ڕووبەری کتێبەکە دڵتەنگ و غەمگین دیار بوو. سڵاوم کرد. حاجی سەری هەڵبڕی و چاوی تێ بڕیم؛ دیار بوو دەمناسێ، بەڵام وەڵامی سڵاوەکەی نەدایەوە. محەمەد خۆڵکی کردم و وتی: "فەرموو ژوورەوە." وتم:" پرسیارێکم لە حاجی ئاغا هەیە. حاجی ئاغا دیسان چاوی لە گوڵستان کەندەوە و هەوڵی دا بزانێت باسی چی دەکەین. محەمەد وتی: جەنابی حاجی ئاغا، ئەم ئاغایە دەڵێت پرسیارم هەیە. حاجی ئاغا رووی تێکرم و بە بێوازییەوە وتی: "گوێم لێتە."وتم: «حاجی ئاغا پرسیارێکم هەیە، دەکرێت وەڵام بدەیتەوە؟» وتی: «پرسیارەکە چی بێت؟» وتم: «شێعرێکم بیستووە و دەزانم ئێوە باشتر لە هەموو کەس دەتوانن بۆم شی بکەنەوە.» حاجی ئاغا بزەیەک هاتە سەر لێوی و وتی: «دەبێ بزانین شێعرەکە چییە.» دوو کەسەکەی ناو کتێبخانەکە وازیان لە پشکنینی کتێبەکان هێنا و سەرنجیان خستە سەر دیالۆگەکەی من و حاجی ئاغا. حاجی ئاغا کتێبەکەی سەعدی بەست و لەکاتێکدا قاچی ڕاستی خستبووە سەر قاچی چەپی، بە لەخۆباییبوونەوە گوێی بۆ شێعرەکەی من ڕاگرت. وتم: 

در باغ رعیت گر ملک کند سیبی

 غلامان برآرند آن درخت از بن.

حاجی ئاغا لە ژێرەوە بۆ سەر، چاوێکی بە باڵامدا خشاند و بە توانجەوە گوتی: «ئەمە کە زۆر روون و سەرەتاییە، جەوان؛ لێی تێناگەی؟» وتم: «بەڵێ، بەڵام تەرجومە و لێکدانەوەی ئێوەی ئاخوند، زۆر جیاواز و تاقانەیە؛ کوا ئێمە وەک ئێوە دەتوانین شێعری کەسێکی وەک سەعدی لێک بدەینەوە؟» حاجی ئاغا نێوچاوی کرایەوە و دەستی کرد بە لێکدانەوەی شێعرەکەی سەعدی و ویستی بە زمانی سادە تێم بگەیەنێت کە مەبەستی شاعیر چییە. لە وەڵامدا گوتم: «سپاس دەکەم، حاجی ئاغا، بۆ لێکدانەوەی شێعرەکە، بەڵام لە هەموو جیهاندا ڕاگرتنی ئۆتۆمبیل لەناو گۆڕەپاندا ڕێگاپێنەدراو و قەدەغەیە؛ کەچی ئێوە هەموو ڕۆژێک ئۆتۆمبیلەکەتان لەناو ئەو گۆڕەپانەدا ڕادەگرن و بەو شێوەیەش لەگەڵ ئەو گەنجانەدا بەرەوڕوو دەبنەوە. ئایا ئەم شێعرەی حەزرەتی سەعدی جەنابتان ناگرێتەوە؟»

دوو کەسەکە لە شوێنی خویاندا وشک بووبوون. چاوم لێ بوو، محەمەد وەک شەقشەقە دەلەرزی. حاجی ئاغا قاچی لە سەر قاچەکەی دیکەی داگرت و جارێکی دیکە لە نووکی قاچمەوە هەتا تەوقی سەر سەیری کردم. رەش هەڵگەڕا و بە ڕواڵەتیدا دیار بوو کە تووڕەیەکی لەڕادەبەدەر لە ناو هەناویدا پەنگی خواردووەتەوە. خۆی کۆکردەوە و تەنیا لە کۆتایدا بە شێنەیی وتی: حق با شماست. «قسەکەت هەقە!»


تعداد بازدیدکنندگان