
تێبینی:
(ئه‌م وتاره‌ی به‌رده‌ستان ساڵی 1371/ی هه‌تاوی له ئێواره شیعرێکی ئه‌نجومه‌نی ئه‌ده‌بی مه‌ریواندا خویندراوه‌ته‌وه)
- ئه‌رسه‌لان عه‌زیزی
ساڵی رابردوو ئه‌نجوومه‌نی ئه‌ده‌بی مه‌ریوان به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌م راستییه و بۆ خزمه‌ت به وشه‌ی ره‌سه‌نی کوردیی و په‌ره‌دان به هه‌ست و بیری کوردان، کۆڕێکی گه‌وره‌ی بۆ ناساندن و ریزگرتن له شاعیر و تێکۆشه‌ری کورد، مامۆستا شێخ ئه‌حمه‌دی مه‌ردۆخی ناسراو به شه‌پۆل به‌ڕیوه‌برد؛ که پێشوازییه‌کی گه‌رم و گوڕی لێ‌کرا. له‌و کۆڕه‌دا داوا له‌وکه‌سانه‌کرا که به‌جۆرێک ئاگاداری په‌رتۆک و کتێب و نووسراوه‌ی شاعیر یان نووسه‌رێکن یاریده‌ی ئه‌نجومه‌ن بده‌ن، تا به‌و شێوه‌یه له له‌نێچوون و فه‌وتان بپارێزرێن. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته گه‌شتێکی ناوچه‌ی کۆماسیم کرد و به خۆشییه‌وه دوو پارچه شیعری شاعیری نه‌ناسراو، سه‌ردار به‌گی که‌ڵکه‌جان و دوو شیعری ئه‌حمه‌د به‌گی کۆماسی/م له‌م گه‌شته‌دا ده‌ستکه‌وت. سه‌ردار به‌گی که‌ڵکه‌جان کوڕی مه‌حمه‌د عه‌لی به‌گی وله‌ژێر و یه‌کێک له‌و شاعیره ناسک خه‌یاڵانه‌ی ناوچه‌ی مه‌ریوانه که زیاتر له‌ژێر کاریگه‌ریی شیعری مه‌وله‌وی و ئه‌حمه‌د به‌گی کۆماسی دا، به زاراوه‌ی گۆرانی شیعری هۆنیوه‌ته‌وه. شیعره‌کانی له حوجره‌ی مزگه‌وتان و دیوه‌خانی ماڵه‌گه‌وران و ته‌نانه‌ت خه‌ڵکی نه‌خوێنده‌وار له‌به‌ریان کردووه و چێژیان لێوه‌رگرتووه.
