تازیەبارانی بەیەل

 غلام‌حسین ساعدی

وەرگێڕانی: ئەرسەلان عەزیزی


(١)


دەمەدەمەی ئێوارە بوو کە مەشەدی جەببار گەیشتە «بەیەل». بەیەلییەکان لە گۆڕەپانە گەچکەکەی پشت خانووەکەی مەشەدی سەفەر کۆ ببوونەوە و بە گەرمی قسەیان دەکرد.

کوێخا هەر کە چاوی بە مەشەدی جەببار کەوت، بە خەندەوە وتی: «یا ئەڵڵا مەشەدی جەببار! سەفەر بەخێر، لە شار چ هەواڵ و باسێک بوو؟» «درێژەی بابەت»

مەشەدی جەببار بە ساردی وەڵامی دایەوە: «لە شار هیچ نەبوو، هەواڵێکی ئەوتۆ لە ئارادا نەبوو.»

مەشەدی بابا پرسی: «بە پێ هاتی؟»

مەشەدی جەببار لە تەنیشت ئیسلام دانیشت. لەکاتێکدا پێڵاوەکانی لە پێ دەخست، بە پرته‌پرتی وتی: «لە قەراخ جادەکەوە تا ئەگرە، بەڵێ... بە پێ هاتووم.»

ئیسلام پرسی: «کەی گەیشتیتە قەراخ جادە؟»

مەشەدی جەببار وتی: «کەمێک لە نیوەڕۆ ترازابوو.»

کوێخا بە سەرسوڕمانەوە وتی: «ئەی بۆ وادەنگی کەوتووی؟ ئەو هەمووە کاتە لە ڕێگادا بووی؟»

مەشەدی جەببار وتی: «بەڵێ، لە نیوەی ڕێگاکەدا چاوم بە شتێکی غەریب کەوت و بەدوایدا ڕۆیشتم.»

کوڕەکەی مەشەدی سەفەر پرسی: «شتێکی غەریب؟ چی بوو؟»

مەشەدی جەببار وتی: «وەڵڵا هەرچەند تێفکرم، هیچی لێ تێنەگەیشتم.»

کوێخا گوتی: «تێنەگەیشتی؟ چۆن تێنەگەیشتی؟»

مەشەدی بابا وتی: «ئاخر شێوەی چۆن بوو؟»

مەشەدی جەببار هەناسەیەکی هەڵکێشا و وتی: «شتێکی زەبەلاح بوو، بەقەد گایەک دەبوو. هەرچەندم هەوڵ دا نەمتوانی بجووڵێنم.»

عەوڵڵا وتی: «چۆن بوو؟ سەر و گوێی هەبوو؟ نەیهبوو؟ وردەکارییەکەی چۆن بوو؟»

مەشەدی جەببار کەوتە تێفکرین و وتی: «تێنەگەیشتم... نە چاو و گوێی دیار بوو، نە شتی تریش.»

کوێخا وتی: «ئەی دەست و لاق چی؟»

مەشەدی جەببار وتی: «دەست و لاق؟ نە، هیچی نەبوو، ئاخر زۆر قورس بوو.»

ئیسلام وتی: «سەر و گوێلاکی چۆن بوو؟»

مەشەدی جەببار دیسان تێفکرا و وتی: «چۆنتان بۆ باس کەم؟ وەک گاری نەبوو.»

مەشەدی بابا بە گاڵتەجاڕییەوە وتی: «سەرەتا گوتت وەک گا بوو!»

مەشەدی جەببار وتی: «بەڵێ، بەقەد گایەک دەبوو، بەڵام شتێکی دیکە بوو؛ گورج و گۆڵتر و نامۆتر بوو.»

کوێخا وتی: «تۆ کە وتت دەست و لاقی نەبوو...»

مەشەدی جەببار وتی: «بەڵێ، دیسانیش دەیڵێمەوە؛ نە دەست و لاقی هەبوو، نە چاو و گوێ.»

ئیسماعیل وتی: «وەک چی بوو؟»

مەشەدی جەببار چاوی گێڕا بە ناو ڕیزی پیاوەکان و خانووەکاندا، پاشان چەند جارێک بۆی کۆکی و وتی: «لە هیچ نەدەچوو. شتێکی سەیر و سەمەرە بوو... وەڵڵا نازانم چی بڵێم!»

عەوڵڵا وتی: «چۆن ڕێی دەکرد؟»

مەشەدی جەببار وتی: «بە ڕێدا نەدەڕۆیشت. شتێکی وەک خانوویەکی گەچکە بوو، وەک خانووەکەی بابا عەلی کە قۆپچەی گەورەگەورەی بەملا و ئەولایدا چێنرابێت.»

ئیسلام پرسی: «لە چی دروست کرابوو؟»

مەشەدی جەببار وتی: «نازانم، حەڵەبی بوو، ئاسن بوو، یان شتێکی دیکە.»

ئیسلام وتی: «قاپڵۆخە ماشین نەبوو؟»

مەشەدی جەببار وتی: «نە باوکم، نە تایەی هەبوو، نە ئەم جۆرە شتانە. زۆر قورس بوو.»

کوێخا پرسی: «لە کوێ دیتت؟»

مەشەدی جەببار وتی: «ڕێک چەند هەنگاو لە سەرووی شوورەزارەکەوە، لە سەرووی ڕێگاکەی پوورووسەوە.»

ئیسلام وتی: «کەوا بوو، ئێستا خەریکە تێ دەگەم.»

هەموو پیاوەکان چاویان بڕییە ئیسلام.

کوێخا وتی: «لە چی گەیشتی، مەش ئیسلام؟»

ئیسلام بە دڵنیاییەوە وتی: «بێگومان لە ژێر سەری ئەم پوورووسیانەدایە. دڵنیام لە شوێنێک دزیویانە و لە ناوەڕاستی ڕێگاکە فڕێیان داوە.»

مەشەدی جەببار وتی: «ڕاست دەڵێ، کار کاری پوورووسییەکانە.»

پیاوەکان هەموویان دۆش داهاتن.

مەشەدی بابا وتی: «باشە، ئێوە دەڵێن چ بکەین؟»

کوڕەکەی مەشەدی سەفەر وتی: «ڕوونە، دەکەوینە ڕێ و دەچین ببینین چییە، بەکەڵک دێت یان نا!»

ئیسماعیل سەیری ئاسمان و دەوروبەری ئەستێرەکەی کرد و وتی: «خەریکە دنیا تاریک دادێ، زۆری نەماوە شەو دابێ.»

مەشەدی بابا وتی: «بیر لە شەو مەکەرەوە باوکم.»

کوێخا ڕووی کردە ئیسلام و وتی: «تۆ چ دەڵێی مەشەدی ئیسلام؟»

ئیسلام وتی: «با بڕۆین بزانین چی تێدایە.»

کوێخا بە کوڕەکەی مەشەدی سەفەری وت: «مەشەدی جافر، دەتوانی دوو چرا فانۆسمان بۆ بێنی؟»

کوڕەکەی مەشەدی سەفەر هەستایە سەر پێ و وتی: «بۆ ناتوانم؟» و بەپەلە ڕۆیشت.

ئیسلام وتی: «با بڕۆین ببینین چ شتێکە. ئەگەر بەکەڵک هات، دەیێنینەوە بەیەل؛ ئەگەر نا، هەر لەوێ بە ئامانی خوا بەجێی دەهێڵین.»

کوێخا وتی: «زۆر باشە، هەتا درەنگ نەبووە با بجووڵێین.»

پیاوەکان هەستانە سەر پێ. نزیکەی مەغریب بوو؛ مانگێکی ئاوساو و ڕەنگ‌پەڕیو، لە لای پوورووسەوە خەریک بوو سەردەکەوت.


(٢)


پاش ئەوەی کە شێویان کردەوە و لە قەراخ ئەستێرەکەدا کۆ بوونەوە، ئیسلام ئەسپەکەی لە گارییەکە بەست و گارییەکەی هێنایە ژێر داربییەکەی قەراخ سیاسەنگی مردەشۆرەکە. سمایل و کوڕەکەی مەشەدی سەفەر بە دوو چرا فانۆسەوە گەڕانەوە بۆ لای پیاوەکان؛ فانۆسەکانیان نایە سەر گارییەکە و چاوەڕوان مان.

کوێخا وتی: «فانۆسەکانتان هەڵکردووە کە چی؟»

مەشەدی جەببار وتی: «خۆت وتت کوێخا.»

کوێخا وتی: «هەوا ڕووناکە، چاوتان لە مانگ نییە؟»

بە ئاماژەی دەست ئەستێرەکەی پیشان دا. پیاوەکان وەر سووڕان و مانگیان لە ناو ئەستێرەکەدا بینی.

کوڕەکەی مەشەدی سەفەر وتی: «خۆت وتت کە فانۆس بێنم. مەگەر نەتوت؟»

مەشەدی جەببار وتی: «فانۆس پێویستە. فانۆس کە نەبێت ناکرێت تێ بگەین کە شتەکە چییە.»

بزنە ڕەشەکەی ئیسلام لە پەستووکەکەدا باڕاندی. دەنگی سیسرکەکان لە ناو باخەکانی ئەربابەوە دەگەیشتە بەرگوێ.

کوێخا وتی: «هەتا بگەینە شوور، نەوتی فانۆسەکان تەواو دەبێ. سەعات و قوتارێک ڕێگا دەبڕین.»

مەشەدی بابا بە کوڕەکەی مەشەدی سەفەری وت: «بیانکوژێنەرەوە هەرکە گەیشتینە شوور، هەڵیان دەکەینەوە.»

مەشەدی جەببار فتیلەگانی کێشایە خوارێ و فووی لێ کردن. فانۆسەکان کوژانەوە. ئیسلام کە لە سەر کۆتە دارێک دانیشتبوو، بە دەنگی بەرز پرسیاری کرد: «باشە، کێگەل دێن؟»

کوێخا وتی: «ڕاست ئەڵێ، هەموو کە ناتوانن بڕۆن.»

مەشەدی بابا وتی: «من دەڵێم گەنجەکان بڕۆن. لەبەر ئەوەی، یەکەم بەهێزترن و دووەمیش ئەگەر تووشیان بە تووشی پوورووسییەکانەوە بوو، هەڵدێن. ئەوا ئەگەر تووشیش بوون، دەتوانن بەباشی لەگەڵیان بەشەڕ بێن.»

کوێخا وتی: «گەنجەکان، یانێ کێگەل؟»

مەشەدی بابا وتی: «بەخوا، من...»

کوێخا وتی: «شەرمی ناوێ مەشەدی بابا، هەستە سوار بە.»

مەشەدی بابا هەستایە سەر پێ. ڕۆشتن بەرەو گارییەکە. بەیەل بێدەنگ بوو. تەنیا وەڕەی چەند سەگێک نەبێ، کە لە دوورەوە دەهاتە بەرگوێ. مەشەدی سەفەر کە لە کوناوەژەکەی سەربانەکەوە سەری هێنابووە دەرێ، تەماشای سێبەرەی پیاوەکانی دەکرد کە خەریک بوون سواری گارییەکە دەبوون. سێبەرەی مانگ کە ڕەنگی بە ڕووەوە نەمابوو، لە ناو ئەستێرەکەدا گەورە و بچووک و لار و لوێر دەبووەوە.


(٣)**

هەرکە پیاوەکان ڕۆشتن، نەنەخاتوون و نەنەفاتم دەرکەوتن و لە کۆڵانی یەکەمەوە تێپەڕ بوون، لە بەیەل دەرچوون و بەرەو تەپۆڵکەی نەبی ئاغا کەوتنە ڕێ. شەوی هەینی بوو. پیرەژنەکان دەڕۆشتن بۆ شەفای نەخۆشەکان خاک بێنن.

**(٤)**

دەشتەکە ڕووناک بوو. ئەسپەکە بە غار بەرەو پێش دەچوو. پیاوەکان لە ناو گارییەکەدا دانیشتبوون و قاچیان لە باوەش گرتبوو، ئەسپەکە بەرەو پێشی دەبردن. ئیسلام قایشەکەی بە دەوری سەریدا دەسووڕاند و بە دەنگی بەرز هاواری دەکرد: «ئەهای، ئەهای، ئەهای!»

ئەسپەکە بە بیستنی دەنگی قایشەکە، بە گوڕتر تێی دەتەقاند. ئیسماعیل شان بە شانی ئیسلام دانیشتبوو و گۆرانیی دەچڕی. پیاوەکان پاڵیان بە یەکەوە دابوو. مەشەدی جەببار فانوسە هەڵنەبووەکانی لە باوەش گرتبوو. کوێخا لە پەسا، دەمنەکەی کوڕەکەی مەشەدی سەفەری دەگرت و خاڵی و پڕی دەکردەوە. سەرووژێریی جادەکەیان بە شێوەیەک دەبڕی، دەتگوت بەرەو ناو چاڵان بەردەبنەوە. ئەسپەکە و سێبەرەکەی گەورەتر لە هەمیشە وێنا دەکران. ئیسلام واق بووبوو بە دەشتەکە. هەموویان بەکەیف بوون؛ مەشەدی بابا نەبێ، کە بە دڵئێشایی سەری نابوو سەر ئەژنۆی و وەنەوزی دەدا، یان لە ژێر لچەوە ئەی بۆڵاند.

**(٥)**

هێشتا نەگەشتبوونە شوورەزارەکە، ئیسلام هەوساری ئەسپەکەی ڕاکێشا و گارییەکە ڕاوەستا.

کوێخا گوتی: «گەیشتینێ؟»

ئیسلام گوتی: «خەریکە دەگەینێ. باشە مەشەدی جەببار، لە کام لا دیتت؟»

مەشەدی جەببار گوتی: «لە سەرووی ئەگرە، لە سەر ئەو باریکە ڕێگەیەی کە بەرەو پوورووس دەڕوات.»

ئیسلام گوتی: «کەوابوو بچمە سەرتر؟»

مەشەدی بابا گوتی: «نە مەشەدی ئیسلام، بەرەو پوورووس مەڕۆ. تۆ بەخوا کار بەدەستمانەوە مەدە.»

پیاوەکان پێ کەنین. ئیسلام قامچییەکەی بەرز کردەوە و گارییەکە دیسان جمەی کرد. کاتێک گەیشتنە شوورەزارەکە، کەوتنە تاریکی. چی دیکە دەنگی چەرخەکان و سمی ئەسپەکە بەر گوێ نەدەکەوت؛ دەنگێکی دیکەش نەدەبیسترا. مەشەدی جەببار فانوسە هەڵنەبووەکانی بە سینگییەوە دەگوشی.

مەشەدی بابا لەسەرخۆ لە عەوڵای پرسی: «دەیانهەوێت بۆ کوێ بڕۆن؟»

ئیسلام پێکەنی و کوڕەکەی مەشەدی سەفەر وتی: «دەڕۆین بۆ ناو پوورووس؟»

مەشەدی بابا گوتی: «گاڵتە مەکە، مەشەدی ئیسلام قەت کاری وا ناکات.»

ئیسلام گوتی: «ترست نەبێ مەشەدی بابا، ئەگەریش بڕۆینە پوورووس، پوورووسییەکان قەت کاریان بە تۆ و ئەوانی ترەوە نییە.»

مەشەدی بابا گوتی: «سەرەڕای ئەوەش هەر نەڕۆین چاکترە. وانییە کوێخا؟»

ئیسلام پێکەنی. کاتێک گارییەکە گەیشتە سەر جادە باریکەکەی پوورووس، سێ پوورووسی بە سواری ئەسپ دەرکەوتن و لە پێش گارییەکەوە وەکوو برووسکە، لایان دا بۆ لاڕێیەک. مەشەدی بابا خۆی لە پشت ئەوانی دیکە حەشاردابوو. ئیسلام گارییەکەی ڕاگرت. بەیەلییەکان بێدەنگ، چاویان لە سێ پوورووسییەکە دەکرد کە بەرەو ئیشوو تێیاندەتەقاند. مەشەدی بابا گوتی: «نەمگوت؟ نەمگوت ئیسلام؟»

کوێخا گوتی: «ئەوان کاریان بە ئێمە نەبوو.»

ئیسلام پێکەنی. کوڕەکەی مەشەدی سەفەر گوتی: «بڕۆین مەشەدی ئیسلام!»

گارییەکە کەوتە ڕێ و ئیسلام گوتی: «مەشەدی جەببار، گەیشتینە هەرکوێ ئاگادارمان بکەرەوە.»

مەشەدی جەببار گوتی: «وەکوو شتێک هەر لەم ناوەنەدا بوو.»

ئیسلام گارییەکەی ڕاگرت. بەیەلییەکان چاوێکیان بە دەوروبەری خۆیاندا خشاند.

کوێخا گوتی: «کوێیە؟»

مەشەدی جەببار گوتی: «بڕۆینە خوارێ، بڕۆینە خوارێ.»

هەموو پیاوەکان دابەزین. کوڕەکەی مەشەدی سەفەر یەکێک لە فانوسەکانی هەڵکرد و دایە دەست مەشەدی جەببار و بۆ خۆی فانوسە هەڵنەبووەکەی هەڵگرت. پێکەوە شان بە شانی یەکتر کەوتنە ڕێ.

ئیسماعیل گوتی: «بۆ کوێ دەڕۆین؟ ئەگەر دەچینە پێشتر باشترە، سەرلەنوێ سواری گارییەکە ببین.»

مەشەدی جەببار ڕاوەستا و بە سەرسوڕمانەوە چاوێکی بە دەوروبەردا خشاند و گوتی: «هەر لەم ناوەنەدا بوو.»

کوڕەکەی مەشەدی سەفەر گوتی: «ڕێی هەڵەمان نەبڕیوە.»

مەشەدی جەببار گوتی: «نە، هەڵە نەهاتووین، هەر لەم ناوەنەدا بووە.»

فانوسەکەی هەڵگرت و چەمییەوە و دەستی کرد بە سەیرکردنی زەوییەکە. کوڕەکەی مەشەدی سەفەر دایە قاقای پێکەنین. ئیسلامیش پێکەنی. کوێخا گوتی: «بەدوای چیدا دەگەڕێی مەشەدی جەببار؟ دەتگوت زۆر گەورەیە و ناکرێ بیجوڵێنی؟»

هەموو پیاوەکان پێکەنین. مەشەدی جەببار وەڵامی نەدایەوە. هەر بەو شێوەیە لە کاتێکدا بەرەو زەوییەکە چەمیبووەوە، بەدوای شتێکی ونبوودا دەگەڕا.

**(٦)**

نەنەخاتوون و نەنەفاتم لە سەر سەکۆی دەرگەکەی نەبی ئاغا دانیشتبوون و چاوەڕوان بوون دەنگەدەنگ و هاتووچۆی ناو زیارەتگاکە کۆتایی پێ بێت و بچنە ژوورەوە. بەیەل لە ژێر پێیاندا، باخەکەی ئاغا بەرامبەریان و ئەستێرێکی گەورە کە لە ناوەڕاستی ماڵەکاندا بوو، لە ژێر تریفەی بێ گیانی مانگدا وەکوو چاوی مردوویەک سەیری ئاسمانی دەکرد.

کاتێک هەراهەراکە کەم بووەوە، نەنەخاتوون هەستا، دەرگەی زیارەتگەکەی کردەوە و ڕۆشتە ناو تاریکییەکە. بە ئەسپایی مۆمێکی دایساند. هەرکە مشکەکان چاویان بە ڕووناکیی مۆمەکە کەوت، بەرەو زەریحەکە هێرشیان برد و لە کونای سندووقەکەوە چوونە ژوورەوە. نەنەفاتم لە کاتێکدا لە پێش دەرگەکە ڕاوەستابوو، بە ئارامی گوتی: «یا ئەڵڵا، یا حەزرەتی عەلی، یا محەمەد، یا حەسێن! ئەسەلامو عەلەیک یا ئەڵڵا، یا حەزرەت، یا ئیمام، یا عەلی، یا ئەڵڵا، نەخۆشەکانی بەیەل شەفا بدە!»


(٧)


مەشەدی جەببار لە ژێر ڕووناکیی فانوسەکەدا چەمیبووەوە و دەڕۆیشتە پێش، ورد و درشتی زەوییەکەی دەپشکنی و بەیەلییەکان بە هێوری و لەسەرخۆ بەدوایدا ڕێیان دەکرد.

ئیسماعیل گوتی: «نەبێ مەشەدی جەببار شتێکی لێ بەسەر هاتبێ؟»

کوڕەکەی مەشەدی سەفەر گوتی: «هیچی نییە، خۆی گێل کردووە.»

ئیسلام گوتی: «مەشەدی جەببار! مەشەدی جەببار! چتە؟ بۆ وادەکەی؟»

مەشەدی جەببار لەسەر زەوییەکە دانیشت و لەناکاو هاواری کرد: «ئەوتە! دیمەوە، دیمەوە!»

پیاوەکان بە دەوری مەشەدی جەبباردا حەلقەیان بەست و چەمینەوە. مەشەدی جەببار زەوییەکەی نیشان دا و گوتی: «چاوتان لێیەتی؟ هەر لەم شوێنەدا بوو کە بردوویانە. چاوت لێیەتی مەشەدی ئیسلام؟ چاوت لێیەتی مەشەدی بابا؟»

ئیسلام گوتی: «ڕاست دەکات، شتێک لێرەدا بووە کە زەوییەکەی قوڵ کردووە.»

کوێخا گوتی: «چ بووە؟ چۆنیان بردووە؟ کێ بردوویانە؟»

کوڕەکەی مەشەدی سەفەر گوتی: «ڕەنگە پوورووسییەکان بردبێتیان. خێرا نەجووڵانەوە و ئەوان هاتوون و بردوویانە.»

مەشەدی جەببار لارەلار ڕۆیشت و گەیشتە قەراخ دۆڵەکە، چەمییەوە، فانوسەکەی بەرز کردەوە و چاوی لە ناو دۆڵەکە کرد و هاواری کرد: «هۆ مەشەدی ئیسلام، هۆ کوێخا، ئەوەتا لە ناو دۆڵەکەدایە!»

بەیەلییەکان خۆیان گەیاندە قەراخ دۆڵەکە و چەمینەوە؛ سندووقێکی ئاسنیی گەورە لە سەر لایەک کەوتبوو و لە ژێر تریفەی مانگدا بریقەی دەهات.

ئیسلام گوتی: «خۆیەتی مەشەدی جەببار؟»

مەشەدی جەببار گوتی: «ئەرێ خۆیەتی! خۆیەتی!»

سەرەتا مەشەدی جەببار و پاشان پیاوەکانی دیکە لە لێژایی دۆڵەکەوە ڕۆیشتنە خوارێ. مەشەدی جەببار بە دەوری سندووقەکەدا سووڕا و گوتی: «ڕاست خۆیەتی.»

کوڕەکەی مەشەدی سەفەر لەسەر زەوییەکە دانیشت، فانوسە هەڵنەبووەکەی لە دەست ئیسماعیل دەرهێنا و هەڵی کرد و ڕۆیشتنە پێشەوە. چەرخێکی بە دەوری سندووقەکەدا دا و لە تەنیشت ئەوانی دیکەدا دانیشت و فانوسەکەی لە بەرامبەر خۆی دانا.

ئیسلام گوتی: «کێ خستوویانەتە ئەگرە؟»

مەشەدی جەببار گوتی: «سەرەتا کاتێک من دیتم، لێرە نەبوو، لەو سەرە بوو.»

کوێخا گوتی: «ڕەنگە کاری پوورووسییەکان بێت.»

ئیسماعیل گوتی: «چاک بوو دیتمانەوە.»

مەشەدی بابا دەمنە و کیسەی تووتنەکەی دەرهێنا و گوتی: «هەست دەکەی چ شتێک بێت مەشەدی جەببار؟»

عەوڵا گوتی: «سندووقێکە ئیتر، سندووقێکی تەنکە.»

مەشەدی بابا گوتی: «دیارە کە سندووقێکە، بەڵام چی تێدایە؟»

عەوڵا هەستایەوە، بە دەوری سندووقەکەدا گەشتێکی دا و گوتی: «دەرگەی کە نییە؛ کاتێک دەرگەی نەبێت، چی دیکە ناکرێ بزانین چی تێدایە!»

ئیسماعیل گوتی: «کاتێک دەرگەی نییە، ناوەشی نییە، هەتا پڕ یان خاڵی بێت.»

عەوڵا گوتی: «نەبێ ماشین بووبێت و چەپ بووبێت و بەم شێوەیە بەسەر هاتبێ؟»

ئیسلام گوتی: «نە باوکە، ماشین نییە، ئەگەر ماشین بوایە تەگەری دەبوو.»

کوێخا گوتی: «شتی حەمام چی؟»

ئیسلام بە سەرسوڕمانەوە گوتی: «چی حەمام؟»

کوێخا گوتی: «لەوەی کە لە شار، لە سەر بانی ماڵی حاجی عەنایەت دیتمان؟»

ئیسلام گوتی: «نە، ئەوە ناوەکەی بەتاڵ بوو و ئاویان تێکردبوو، وەک ئەمە نەبوو.»

کوڕەکەی مەشەدی سەفەر گوتی: «ئەمە هیچ نییە، هەمووی ئاسنە.»

مەشەدی بابا گوتی: «تازه بەکەڵکی چی دێت؟ کەڵکی چییە؟»

کوڕەکەی مەشەدی سەفەر گوتی: «دەکرێ قازانی لێ ساز بکرێ، بایەی لێ ساز بکرێ و زۆر شتی دیکەی لێ دروست بکرێ.»

ئیسلام لە کاتێکدا بە عیشقەوە چاوی پڕی بوو لە سندووقەکە، گوتی: «نە، ئەمە ئاسن نییە، ئەمە شتێکی سادە نییە. چاوتان لە دیوارەکانییەتی؟ شەبەکەکانی دەبینن؟ قۆپچەکانی دەبینن؟»

کوێخا گوتی: «مەشەدی ئیسلام ڕاست دەکات، ئەمە دەبێ شتێک بێت بۆ خۆی، دەبێ شتێکی زۆر گرنگیش بێت.»

کوڕەکەی مەشەدی سەفەر گوتی: «هەرچی بێت هەست ناکەم شتێکی بەکەڵک بێ.»

عەوڵا گوتی: «ئەگەر بەکەڵک بووایە پوورووسییەکان فڕێیان نەدەدا.»

ئیسلام گوتی: «ڕەنگە هێزیان پێ نەشکاوە بیبەن.»

کوێخا گوتی: «تۆ بەخوا مەشەدی ئیسلام، هەستە بزانە چییە.»

ئیسلام هەستا و ڕۆیشت ڕوو بە سندووقەکە. دەستی تێ سا و هەڵیسەنگاند و لە تەنیشتی دانیشت، دەستی لە قۆپچەکانی وەردا. مانگ تیشکی خستبووە سەر سندووقەکە و پرشنگەکانی مانگ بەملا و ئەولایدا بڵاو دەبووەوە. ئیسلام لە بەر خۆیەوە گوتی: «چییە؟ دەتوانێ چ بێت؟»

سەری بردە پێشەوە و ڕوومەتی بە سندووقەکەوە نا و پاشان گوێی پێوە نا و گوێی گرت. لەناکاو بە پەلە هەستایەوە. پیاوەکان سەیریان کرد.

ئیسلام گوتی: «هەستن! وەرن گوێ بگرن! کوێخا وەرە، مەشەدی بابا وەرە، ئیسماعیل!»

پیاوەکان هەستان و ڕۆیشتنە پێشەوە و گوێکانیان بە سندووقەکەوە چەسپاند.

ئیسلام گوتی: «گوێتان لێیە؟»

کوێخا گوتی: «ئەرێ، ئەرێ.»

کوڕەکەی مەشەدی سەفەر گوتی: «من هیچ نابیسم.»

ئیسلام گوتی: «چاک گوێ هەڵخە.»

خۆیشی دانیشتە تەنیشت ئەوانی دیکە و گوێی بە دیوارەی سندووقەکەوە نا و دیسان گوتی: «گوێتان لێیە؟»

مەشەدی بابا گوتی: «من شتگەلێک دەبیستم.»

ئیسماعیل گوتی: «ڕاست دەکات، شتگەلێک هەیە.»

کوڕەکەی مەشەدی سەفەر گوتی: «من کە گوێم لە هیچ نییە.»

ئیسلام گوتی: «گوێت لێیە کوێخا؟»

کوێخا گوتی: «ئەڵێی لە ناویدا با هەڵی کردووە.»

مەشەدی بابا گوتی: «وانییە، دەنگی ئاو دێت.»

ئیسماعیل گوتی: «نەبێ هەندێ زەڕگەتە و مێش ڕژابنە ناوی؟»

کوڕەکەی مەشەدی سەفەر گوتی: «من کە گوێم لێ نییە.»

ئیسلام سەری بەرز کردەوە و گوتی: «نە، دەنگی هیچ نایەت، لە ناویدا دەگرین، دەنگی گریان و شین دێت.»

پیاوەکان گوێیان بە دیواری سندووقەکەوە نا و بە ترسانەوە هەستانەوە.

کوێخا گوتی: «ئەرێ، بە خوای گەورە قەسەم، دەنگی گریان دێت.»

مەشەدی بابا گوتی: «کەواتە دەڵێی لە ناوەکەیدا کەسێک هەیە کە دەگری؟»

ئیسلام گوتی: «لە ناویدا کەس شین و زاری ناکات. ئەمە گومەزە، گومەزی ئیمامزادەیەکە. نایبینن چۆنچۆنییە؟ گوێتان لە دەنگی گریانەکانەوە بوو؟»

کوڕەکەی مەشەدی سەفەر گوتی: «من کە گوێم لێ نەبوو.»

پیاوەکان پشتاوپشت کشانەوە و لە سەر زەوییەکە دانیشتن.

کوێخا گوتی: «ئێستا چی بکەین مەشەدی ئیسلام؟»

ئیسلام گوتی: «دەیبەینەوە بۆ بەیەل، دەیبەینەوە بۆ بەیەل.»

مەشەدی بابا گوتی: «بیبەین چی لێ بکەین؟ بیبەین بیخەینە تەنیشت ئەوانی دیکە لە عەلەمخانەکەدا؟»

ئیسلام گوتی: «ئێستا دەیبەین و پاشان دەڵێم دەبێ چی لێ بکەین.»

لە جادەکەوە دەنگێک وەک حیلەی ئەسپ دەهاتە بەرگوێ. کوڕەکەی مەشەدی سەفەر بە پەلە ڕۆیشتە سەرەوە؛ کەسێکی پوورووسی لە کاتێکدا قەمەی بە دەستەوە بوو، لە دەوروبەری گارییەکەدا خولی دەخوارد و بەدوایاندا دەگەڕا. هەرکە سەر و گوێلاکی کوڕەکەی مەشەدی سەفەر دەرکەوت، وەکوو با هەڵهات و لە تاریکیی قەراخ دۆڵەکەدا ون بوو.


تعداد بازدیدکنندگان