بۆ قه‌قنه‌سه‌کانی نیشتمانەكەم! (١
· فه‌رزاد که‌مانگه‌ر
و/ ئەرسەلان عەزیزی
نازداره‌که‌م سڵاو!
رۆژی ژنە، ئه‌و رۆژه‌ی که بەردەوام چاوه‌ڕێی ئه‌که‌م.
له‌م رۆژه‌دا له بری نه‌وازشی ده‌سته‌کانت، گوڵە نێرگزه‌که‌م، ئاوێزانی خه‌یاڵی ئاڵۆزتر له زوڵفه‌کانت ده‌که‌م. دوو ساڵه، ده‌سته‌کانم نه ره‌نگی وه‌نه‌وشه‌یان به‌خۆوه بینیوه و نه بۆنیشیان به گوڵە یاسێكه‌وه کردووه. دوو ساڵه چاوه‌کانم تامه‌زرۆی چه‌ند دڵۆپه فرمێسکێ دەكەن، که له کاتی شایڵۆغان و دڵخۆشیدا داده‌بارێ. تۆ باشتر ده‌زانی، که من هه‌موو رۆژه‌کانی ساڵ، چاوه‌ڕێی هاتنی ئه‌م رۆژه‌م ده‌کرد. به‌ڵام ئه‌مرۆ ماومه‌ته‌وه، بۆ ئه‌م رۆژه، چت پێشکه‌ش که‌م. گۆرانی (مراببوس) (٢) یا گۆرانییه‌که‌ی (باخچه‌ی پاشا) (٣) یان، مۆمێکت بۆ هەڵبكەم، که رووناکیبه‌خشی ژیانمان بێ.
به‌ڵام خۆشه‌ویسته‌که‌م !
نه دەنگی گۆرانییه‌که‌م ده‌بیستی و نه ده‌توانم مۆمێکت بۆ هه‌ڵبکه‌م. له‌م شوێنه‌دا، خواوه‌ندی "دیواره‌کان" مۆمه‌کانیش زنجیر ده‌که‌ن. شاعێریش نییم، تا وه‌ک ئه‌و پیره ئه‌وینداره" رۆحی ئه‌وین بکه‌م به له‌شی بادا، هه‌تا نه‌وازشگه‌ری کراسه‌که‌ی به‌رت بێ"(٤)
یان هۆنراوه‌یه‌کت بۆ بهۆنمه‌وه که کێشه‌که‌ی سارێژکه‌ری ئازاره‌کانی هه‌زاران ساڵه‌ت بێ و سه‌رواکه‌شی نیگای پڕبه‌زه‌ییت بگرێته خۆی. ته‌نانه‌ت تۆ ناتوانی به زمانی خۆت بخوێنیته‌وه، ئه‌گینا ، وه‌کوو "ناڵه‌ی هێمن"، هه‌موو شه‌وێک ده‌مکردییه، میوانی مانگه‌شه‌و. بۆێی، ناچارم به زمانی فروغ بۆت بنووسم، تا نه‌ڵێی" که‌س ئاگای له گوڵه‌کان نییه" یان" دڵم ته‌نگ بووه" ده‌نووسم، تا منیش بروام هێنابی، به سه‌ره‌تای "وه‌رزی پێنجه‌م"
به‌ڵام ڕازی بێ ئۆقره‌ییه‌که‌ی من و رۆژکه‌ی تۆ:
گوله‌كم!
من له نیشتمانێکدا له دایک بووم، که ژنه‌کانی، وه‌ک ژنانی دیکه‌ی ئه‌م دنیا‌یه، نەك تەنیا، نیوه‌یه‌ک نین له کۆمه‌ڵ، به‌ڵکوو" نیوه‌یه‌کن له ئاسمان". له‌م نیشتمانه‌دا، بۆ یه‌که‌م جار، یه‌که‌م گریانی ژیانم، تێکه‌ڵ به هاواری ئه‌و ژنانه بوو، که له گەڵ سه‌مای گڕدا، وانه‌ی بێزاری و خۆڕاگرییان دا به ئاگر.
خونچه‌ی یه‌که‌م خه‌نده‌ی منداڵانه‌م، ئه‌و کاته له سه‌ر لێۆ پشکووت، که داربه‌ڕووه به‌عومره‌کان، ئێره‌ییان به رازی مان و بڕشتی ژنانی نیشتمانه‌که‌م ده‌برد. یه‌که‌م هه‌نگاوه‌کانی ژیانم، تێکه‌ڵ به رێگایه‌ک کرد؛ که پێشتر گوڵاله سووره‌کان، به شه‌ونمی ده‌مه‌وبه‌یان، له دژوارترین و به‌سامترین لووتکه‌کانی مێژوو و ژیاندا، هه‌نگاوه قایمه‌کانی ژناننیان پێلستبووه‌وه. ئه‌و ژنانه‌ی که ئه‌مرۆ سروودی ئه‌وین و به‌رخۆدان، به گوێی دیواره‌کاندا ده‌چڕن. لای لایه‌ی منداڵانی نیشتمانه‌که‌م، هه‌ر ئه‌و سروودانەن، که مرۆڤه‌کان له به‌رانبه‌ر" ئاسرۆیدیته‌کان" و ئایشتاره‌کان" خواوه‌نده‌کانی سه‌ره‌تای مرڤایه‌تی، ده‌یانخوێنده‌وه.
چۆن ده‌کرێ، رۆژه‌که‌ی تۆ، رۆژی "قوربان" و "نه‌ورۆزم" نه‌بن. زۆرن ئه‌وانه‌ی وه‌ک تۆ، ساڵانێکی درێژه له قه‌راخ په‌نجه‌ره‌دا، چاوه‌ڕێ ئه‌که‌ن؛ هه‌تا خۆشه‌ویسته‌کانیان بگه‌ڕێنه‌وه. بۆیان فه‌رق ناکات که‌ی.... له گه‌ل یه‌که‌م بارینی به‌فری زستاندا بێت، یان ئه‌وکاتانه‌ی به مشتێک گه‌نم، چۆله‌که‌کان ده‌که‌نه میوانی ته‌نیایی خۆیان. یان کاتێک بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی په‌ڕه‌سیلکه‌کان، ماڵه‌که‌یان سواق ئه‌ده‌ن. یان نه، ئه‌و کاته‌ی، خۆا، ده‌بێته میوانی سفره‌ی به‌ربانگیان... تۆش ئەگەر بۆ چه‌ند رۆژێکیش بووه، به کراسێک، وه‌ک ره‌نگی ئاسمان شین و ناسک وه‌کوو" سیاچه‌مانه‌که‌ی عوسمان"(٥) و" چڵێک به‌ڕه‌زا" (٦) و پڕگه‌رده‌نێک گوڵه مێخه‌ک، چاوڕێم بە. مێخه‌ک بۆ من، بیرهێنه‌ر‌ەوەی بۆنی ژن و بۆنی نیشتمانه‌کەم و بۆنی هه‌تاهه‌تایی و له یه‌ک وشه‌دا؛ بۆنی تۆی لێدێ. تا ئه‌و کاته، به خولقێنه‌ری شه‌ونم و بارانت ده‌سپێرم.
فه‌رزاد که‌مانگه‌ر / به‌ندیخانه‌ی ره‌جایی شاری که‌ره‌ج
پێرست:
١ ـ سه‌ردێری ئه‌م نامه‌یه ئاماژه‌یه بۆ رێژه‌ی یه‌کجار زۆری خۆگڕتێبه‌ردانی ژنانی شاره‌که‌م، که ژانێکی کوشه‌نده‌یه و هه‌ر له منداڵییه‌وه مێشکم ئازار ده‌دات.
٢ ـ مرا ببوس: ئێحسان گولنه‌راقی. [ئه‌م کۆرانییه‌ش، له پاڵ رازی خنکانی سه‌مه‌د به‌هره‌نگی له چۆمی ئه‌ره‌سدا و مه‌رگی غوڵام ره‌زا ته‌ختی به ده‌رزی هه‌وا و ..هتد، یه‌کێکی دیکه‌یە له‌و خاڵه پڕ کێشانه‌ی فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌بیاتی سیاسی ئێران، که تا ئێستاش ناوبه‌ناوە، له‌یره‌وله‌وێ له‌سه‌ری ده‌نووسرێت و باس ده‌کرێت. جگه له چیرۆکی ته‌ماوی دانه‌ری ئاهه‌نگ و وێژه‌رکه‌ی، که ته‌نیا هه‌ر ئه‌و گۆرانییه‌ی تۆمار کردووه، دانه‌ری شیعره‌که‌شی تا ئێستا، له ناو جه‌غزێکی ته‌ماویدا به‌سه‌رده‌بات و بیرووڕای گشتی له ئێران‌دا له‌سه‌ری یه‌کڕا و یه‌ک بۆچوون نیین. پاش کوده‌تای 28/ی گه‌لاوێژی سالی 1332 هه‌تاوی که ئاکامه‌که‌ی بووه هۆی تێکشکانی ده‌وڵه‌تی میللی دوکتوور موسه‌دیق و سه‌قامگیر بوونی دیکتاتۆری پاله‌وی له ئێران‌دا، ژماره‌یه‌کی به‌رچاو له ئه‌فسه‌رانی سازمانی نیزامی حیزبی تووده، گیران و گووله‌باران کران. ئه‌و گۆرانییه به جۆرێک له‌گه‌ل ئه‌و رووداوانه و به تایبه‌ت تراژدی گووله‌بارانی ئه‌وان تێکه‌ڵ بووه که هێشتا پاش زیاتر له په‌نجا ساڵ که به‌سه‌ر ئه‌و رووداوه‌دا تێپه‌ڕ ده‌بێ، بۆچوونێکی تر نه‌یتوانیوه خۆی جێگیر بکات. مرا ببوس، له راستیدا ره‌مزی هه‌ڵپێکانی هه‌ستی هاوده‌ردی خه‌ڵک و که‌مکردنه‌وه زه‌بری کووده‌تا له سه‌ر جه‌سته‌ی شۆڕشگێڕانی ئێران‌دا بوو، نه‌سڵی دووای کووده‌تا و به‌ره‌ی شکست‌خواردووی ئه‌و سه‌رده‌مه، به گوێگرتن له‌و شیعره و ده‌نگه ئه‌فسووناوییه‌که‌ی ئێحسان گولنه‌راقی، له راستیدا ته‌می خه‌م و دلته‌نگییان له خۆ دوور ده‌کرده‌وه. سالانێکی درێژه بیرووڕای گشتی چه‌ند به‌ره له ئێرانییه‌کان پێی وایه؛ و ره‌نگه ئێستاش هه‌ر پێێ وابێ، که شیعری ئه‌و گۆرانییه، سه‌رهه‌نگ عیزه‌ت سیامه‌ک، له کاتی ئاخرین دیداری پێش گوولله‌باران بۆ کچه‌که‌ی نووسیوه، یان هه‌ر هیچ نه‌بێت رای ئه‌و که‌سانه راسته، که پێیان وایه؛ سه‌رهه‌نگ دووه‌می تۆپخانه، محه‌مه‌د عه‌لی موبه‌شه‌ری که ئه‌ویش یه‌کێک بووه له ئه‌فسه‌رانی حیزبی تووده، له وه‌سفی ئه‌و دوادیداره‌دا هۆنیویه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌م ساڵانه‌ی دواتر، باس له‌وه ده‌کرێ که هۆنه‌ری ئه‌و شیعرانه، که‌سێکه به ناوی حه‌یده‌ری ره‌قابی، که پاش سه‌رکه‌وتنی کووده‌تا له ئێران هه‌ڵهاتووه و سه‌ره‌تا رؤشتووه‌ته ئه‌مریکا و پاشان له به‌ر ناکۆکیی و خه‌باتی ئاشکرای دژ به رژیمی پاله‌وه، که گوایه سه‌ربه به‌ره‌ی میللی ئێران بووه ( جبهه‌ی میللی) ناچار کراوه ئه‌و وڵاته به‌جێ بێڵێت و روو بکاته ئاڵمان و له‌وێ درێژه به خویندن بدات. حێده‌ر ره‌قابی، پاش شۆڕشی گه‌لانی ئێران له سالێ 1357/ی هه‌تاوه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئێران به‌ڵام دیسان له گه‌ڵ کاربه‌ده‌ستانی تازه به ده‌سته‌ڵات گه‌یشتوو، دانوویان پێکه‌وه ناکوڵێت و دیسان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا که سه‌ر ئه‌نجام له ساڵی 1367/دا تووشیاری نه‌خۆشی شێرپه‌نجه ده‌بێت که له‌سه‌ر داوای خۆی، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئێران و له ئاکامدا رۆژی نۆزده‌ی سه‌رماوه‌زی 1367/ی هه‌تاوی له تاران کۆچی دوایی ده‌کات و له گۆڕستانی ئیبنه بابویه‌ی شاری ره‌ی، به خاک ده‌سپێردرێت. نازناوی حه‌یده‌ر ره‌قابی، (هاله) بووه و فرمێسکی ئاسمان، ناوی کۆمه‌ڵه شیعرێکه که ناوبراو بڵاوی کردووه‌ته‌وه. (وه‌رگێڕ)]
٣ ـ باخچه‌ی پاشا، ئاماژه‌یه بۆ یه‌کێک له شاکاره هه‌ره‌به‌رزه‌کانی مامۆستا گۆران/ی شاعیر، که عومه‌ر دزه‌یی به ده‌نگه په‌مه‌ییه‌که‌ی خۆی، رۆحی نه‌مریی کردووه به گیانیدا. چیرۆکی کچێکه، به مه‌رجێک حازره له گه‌ل ئه‌وینداره‌که‌ی بچێ بۆ زه‌ماوه‌ند و هه‌ڵپه‌ڕکێ، که گوڵی زه‌رد و سووری بۆ بێنێت و ده‌ڵێ: گوڵ نه‌بێ بۆ سه‌رم، ئاڵ چه‌پکێ، زه‌رد چه‌پکێک / نایه‌م بۆ زه‌ماوه‌ند، نایه‌م بۆ هه‌ڵپه‌ڕکێ. کوڕه ده‌ڵی: پاییزه، گه‌ڵای دار رژاوه باغ رووته ... به‌ڵام کچه، ڕازی نابێت و ده‌ڵێ: بتداێ دڵ به من به هه‌موو مه‌عناوه./ دوو چه‌پکت ئه‌هانی له باخچه‌ی پاشاوه! کوڕه روو ده‌کاته باخچه‌ی پاشا. به‌ڵام پاسه‌وانانی باخچه‌که ده‌یپێکن و به برینداری ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ لای ئه‌وینداره‌که‌ی و ده‌ڵی؛ ... زه‌رد هه‌بوو بۆم چنیت، چنگ نه‌که‌و گوڵی سوور ... به‌ڵام کچه‌که دیسان هه‌ر حازر نابێت له‌گه‌لی بچێته زه‌ماوه‌ند. سه‌رئه‌نجام کوڕه، یه‌خه‌ی مرادخانییه‌که‌ی ده‌ترازێنی و ده‌ڵێ: ناته‌وێت ئه‌م زامه‌ی سه‌ر دڵم له باتی؟ که کچه‌که به بینینی زامی سه‌ر دڵی کوڕه‌که ده‌ڵێ: هه‌ی هاوار، تفه‌نگی دوژمنیش پێکاتی؟/ راکشێ تاوێ سه‌ر بنێره سه‌ر رانم/ بابگریم بۆ دڵێ، بۆ گوڵێ دۆڕاندم؟
٤ ـ ئاماژه‌یه بۆ شاعیری نازک خه‌یاڵی سلێمانی، مامۆستا قوبادی جه‌لی زاده و یه‌کێک له شیعره‌کانی ئه‌و شاعیره. [پێویسته لێره‌دا ئاماژه‌ش به‌و راستیه بکه‌م؛ که زۆرم هه‌وڵدا، به‌ڵکوو بتوانم شیعره‌که‌ی مامۆستا قوباد، وه‌ک خۆی دابنێم، به‌ڵام به‌داخه‌وه ده‌ستم نه‌که‌وت، بۆ په‌یدا کردنی ئه‌و دێره شیعره، جگه له ئه‌نتێرنێت و گوگل، رووم، کرده چه‌ند براده‌رێک که خۆیان به وه‌رگێڕانی شیعره‌کانی مامۆستا قوباده‌وه خه‌ریک کردووه، دیسان سوودی نه‌بوو. هه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته، چه‌ند رۆژ بڵاوکردنه‌وه‌ی وه‌رگێڕدراوی ئه‌م نامه‌یه‌م دووا خست. له گه‌ل داوای لێبووردن له کاک قوبادی جه‌لی زاده، ناچار بووم به‌و شێوه‌یه‌ی سه‌ره‌وه بلاوی بکه‌مه‌وه. دیسان ئه‌گه‌ر مامۆستا یان هه‌رکه‌سێکی دیکه ئه‌و شیعره‌ی لایه، ده‌توانێت به‌و مایله‌ی خواره‌وه بۆم ره‌وانه کات، زۆر سپاسی ده‌که‌م. وه‌رگێڕ / azizi61615@yahoo.com]
٥ ـ سیاچه‌مانه: گۆرانییه‌کی زۆر خۆشی ناوچه‌ی هه‌ورامانه، که به باڵای ئه‌وینداران و سروشتدا ده‌وترێت. عوسمان هه‌ورامی مامۆستای پایه‌به‌رزی ئه‌م شێوه گۆرانیه‌یه.
٦ ـ به‌ڕه‌زا: گوڵێکی یه‌کجار که‌م، به‌ڵام زۆر بۆنخۆشی شاخه به‌رزه‌کانی شاهۆیه
٧ ـ نامه‌یه‌که بۆ ئه‌ویندارێکی خه‌یاڵی..
- و/ ئه‌رسه‌لان عه‌زیزی