
سه‌عات ده‌مێکه له ده‌سته ترازاوه. دایک و بابم له‌و دیو، پرخه‌ی خه‌ویان رۆژه‌ڕێیه‌ک ده‌ڕوات. خه‌ریکی خوێندنه‌وه و پێداچوونه‌وه‌ی چێرۆکه‌که‌م (دوو دڵۆپ خوێن) بووم. له‌پڕ دعبایه‌کی گه‌وره، وه‌ک مێشه‌سه‌گانه‌یه‌ک به‌ڵام گه‌وره‌تر، له دیوه‌که‌مدا ده‌ستی کرد، به فڕین و ویزه‌ویزکردن. له کویڕا هاتبووه‌ته ئه‌و دیوه، نازانم. ماوه‌یه‌ک خه‌ریک بووم هه‌تا بیکوژم. به‌ڵام بۆم نه‌کرا. به‌ویزه‌ویز به بناگویمدا تێده‌پڕی و لێم بووبوو به مووی به‌ر لووت.چه‌ند جار ده‌فته‌ره‌که‌م بۆ به‌رز کرده‌وه، به‌ڵام دیسان نه‌متوانی بیکوژم، جارێکی دیکه، پاش ئه‌و چه‌ند جاره‌ی پێش، هه‌وڵم دا به‌ڵام نه‌ک نه‌متوانی به‌سه‌ریدا زاڵ بم ، به‌ڵکوو ده‌فته‌ره‌که‌م لێبه‌ر بووه‌وه و یادداشته‌کانی ناوده‌فته‌ره‌که و یه‌ک دوو لاپه‌ڕه‌ی ده‌فته‌ره‌که‌ش لێبووه‌وه. گه‌رچی هه‌وای ده‌ره‌وه به‌ته‌واوی سار بووبه، به‌ڵام ویستم به‌کردنه‌وه‌ی ده‌لاقه‌ی دیوه‌که به‌جۆرێک به‌ده‌ست ئه‌و ده‌عبایه‌وه رزگارم بێت، به‌ڵام دیسان نه‌کرا. له کاتێکدا به ویزه‌ویزه‌که‌ی، به ته‌واوی تێکی دابووم، ده‌ستم به کۆکردنه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌کان کرد. له‌پڕ دیتم که دعباکه نیشتووه‌ته‌وه، به ده‌فته‌ره‌که‌وه هه‌ستام هه‌تا تۆڵه‌ی لێبکه‌مه‌وه، به‌ڵام به سه‌رسووڕمانه‌وه، سه‌یرم کرد ئه‌وه نه قالۆنچه‌یه نه مێشه سه‌گانه، مێش هه‌نگوێنێکه مه‌یله‌و ره‌ش، که له‌سه‌ر په‌ڕه‌ی گوڵی نێو پۆسته‌ری سه‌ر دیواری دیوه‌که‌دا نیشتووه‌ته‌وه. له هه‌ڵوێسته‌که‌م په‌شیوان بوومه‌وه و ده‌ستم کرده‌وه به درێژه‌ی کاره‌که‌م.ــــــــــــــــ
دیسان له‌یادداشتی ناو ده‌فته‌ره کۆنه‌که‌م(شه‌و‌ی 1372.8.29).ـ
