• ئەرسەلان عەزیزی
مەریوان، لە ژێر سێبەری داربەڕووەکاندا؛ ((Marivan unter den Kastanienbäumen ناوی رۆمانێکی نوێیە، کە رۆژی ١١/ی گوڵان بە زمانی ئاڵمانی هاتە ناو بازاڕی کتێبی ئەو وەڵاتەوە. رەنگە ئەمە یەکەم جار و یەکەم رۆمان بێت کە لە لایەن کوردێکی رۆژهەڵاتەوە، بە زمانی ئاڵمانی چاپ و بڵاو بووبێتەوە. رۆمانەکە لە قەوارەی رقعی و لەسەر یەک ٤٤٧ لاپەڕ دەگرێتە خۆی و لە لایەن چاپەمەنی ئنگەلسدۆرفەرەوە، لە شاری لایپزیک،(Engelsdorfer Verlag Leipzig) لە چاپ دراوە. رووبەرگی کتێبەکە کاری خاتوو ئینگرید هەرزینگەر/ە (Ingrid Herzinger) و پشتبەرگەکەی کە وێنەیەک لە ئۆردووگای کانی میران(٢) نیشان دەدات؛ لە لایەن هونەرمەند، کاک مەنسوور سیدقی/یەوە کێشراوە. نووسەری ئەم رۆمانە، کاک حوسێن ئیزەدی/یە کە بۆ خۆی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە و لە شاری مەریوان لە دایک بووە.