"شیکاریی و خەسارناسی" بناغە هزرییەکانی بکارهێنانی چەمکی تیرۆر!

 بەشی یەکەم؛

"تیرۆر بە ناوی خوداوە"(١)

 (بە بۆنەی ساڵیادی، تێرۆری دوکتۆر قاسملوو و هاوڕێیانی)


[...رۆژی سێزدە ژۆئیە، دوکتۆر قاسملوو و  عەبدوڵا قادری ئازەر، بەبێ هیچ چەشنە پاراستنێکی ئەمنی، دەگەنە  کۆڵانی لینکەبانی ژمارە ٥ [ Linke bahngassse 5] کە پێشتر وەک شۆێنی چاوپێکەوتن دیاری


کرابوو. چاوپێکەوتنەکە بۆ سەعات پێنج و نیوی پاش نیوەڕۆ، هەر لەو ئاپارتمانەدا، کە پێشتر فازڵ رەسووڵ بۆ ئەو کارەی تەرخان کردبوو، دیاری کرابوو. بێجگە لە فازڵ رەسووڵ کەسی دیکە، ئاگاداری ئەو  شوێنە نەبوو. شۆێنەکە لە قاتی سێیەمی ئاپارتمانەکەدا هەڵکەوتبوو، کە دەرکەی چوونە ژوورەوەکەی، بە سێ قفڵ دادەخرێ. دەرکەکەش تەنیا لە رێگای ئایفۆنەوە دەکرێتەوە. بەشداربووان بریتین لە: محەمەد جەعفەر سەحراروودی، موستەفا موستەفەوی(ئاجوودی)، غەفوور دەرجەزی دولەق، لە ژێر ناوی؛(ئەمیر مەنسوور بوزرگیانی ئەسڵ)، فازڵ رەسووڵ، عەبدووڵا قادری ئازەر و عەبدولرەحمان قاسملوو.

 لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە، سەحراروودی و موستەفەویی ئەندامی وتوووێژەکەن و غەفووری دەرجەزی دوولەقیش، بەرپرسی پاراستنی گیانیانە و لە ژوورێکی دیکەدا دەمێنێتەوە. «درێژەی بابەت»

[...رۆژی سێزدە ژۆئیە، دوکتۆر قاسملوو و  عەبدوڵا قادری ئازەر، بەبێ هیچ چەشنە پاراستنێکی ئەمنی، دەگەنە  کۆڵانی لینکەبانی ژمارە ٥ [ Linke bahngassse 5] کە پێشتر وەک شۆێنی چاوپێکەوتن دیاری کرابوو. چاوپێکەوتنەکە بۆ سەعات پێنج و نیوی پاش نیوەڕۆ، هەر لەو ئاپارتمانەدا، کە پێشتر فازڵ رەسووڵ بۆ ئەو کارەی تەرخان کردبوو، دیاری کرابوو. بێجگە لە فازڵ رەسووڵ کەسی دیکە، ئاگاداری ئەو  شوێنە نەبوو. شۆێنەکە لە قاتی سێیەمی ئاپارتمانەکەدا هەڵکەوتبوو، کە دەرکەی چوونە ژوورەوەکەی، بە سێ قفڵ دادەخرێ. دەرکەکەش تەنیا لە رێگای ئایفۆنەوە دەکرێتەوە. بەشداربووان بریتین لە: محەمەد جەعفەر سەحراروودی، موستەفا موستەفەوی(ئاجوودی)، غەفوور دەرجەزی دولەق، لە ژێر ناوی؛(ئەمیر مەنسوور بوزرگیانی ئەسڵ)، فازڵ رەسووڵ، عەبدووڵا قادری ئازەر و عەبدولرەحمان قاسملوو.

 لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە، سەحراروودی و موستەفەویی ئەندامی وتوووێژەکەن و غەفووری دەرجەزی دوولەقیش، بەرپرسی پاراستنی گیانیانە و لە ژوورێکی دیکەدا دەمێنێتەوە. 

وتوووێژەکە دەستپێدەکات و قسەکان بەدزییەوە لە لایەن دوکتۆر قاسملووەوە زەبت دەکرێت. وتوووێژەکە بە ئامانج ناگات و لە ئاکامدا دوکتۆر قاسملوو و فازڵ رەسووڵ داوا دەکەن، وتوووێژەکە، لە رۆژی ۱٤/ی ژوئیە، سەعات شەشی سەر لە ئێوارە، درێژەی هەبێت. تۆزێک پاش ئەم داواکارییە، لە رێگای دوو دەمانچەوە، تەقەی تفەنگ دەستپێدەکات. گولـلەکان بەر تەوێڵ و لاجەنگ  و قووڕگی دوکتۆر قاسملوو دەکەون و سێ کولـلەش بە سەر فازڵ  رەسووڵەوە دەنرێت و دوو جاریش قوڕگی بەر گولـلە دەکەوێت. ئەو دوو کەسە دەسبەجێ دەکوژرێن. رەنگە عەبدووڵای قادری ئازەر، تەنیا کەسێک بووبێ، کە پارێزگاری لە خۆی کردبێ و لە پشت سەرەوە، گولـلەیەکی بەردەکەوێ و دوو گوولـلەش بە ناوقەدییەوە دەنرێ و گولـلەیەک بەر لاجەنگی دەکەوێ و یەکێکی دیکەش بە قوڕگییەوە دەنرێ و گولـلەیەک شانی دەپێکی و قامکی ئاماژەشی، گولـلەیەکی بەر دەکەوێت. بکوژەکان، بۆ دڵنیا بوون لە کارەکەیان، یەکەیەکە گولـلەی کۆتایی، بەسەر هەر سێکیانەوە دەنێن. بە جۆرێک کە بەشێک لە گۆشت و پێستی کوژراوەکان، بەسەر دەنگبڕی دەمانچەکەوە دەمێنێتەوە...](٢)

ئەوەی سەرەوە بەشی سێیەمی ئەو شانۆ تراژدییەیە، کە ئێرانییە دەسەڵاتدارەکان، بەناوی خوداوە، دژ بە یەکێک لە دیارترین کەسایەتییەکانی نیوسەدەی رابردوو، لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا، دایان رشت و سەرکەوتووانە کۆتاییان پێ هێنا. لەناوبردنی دووکتۆر قاسملوو، بۆ رژیمی کۆماری ئیسلامی زۆر گرنگ بوو. بۆێە تەنانەت بەلایانەوە گرنگ نەبوو، کە دەبێ چ باجێک بۆ  ئەو کردەوەیە بدەن. کوشتنی دووکتۆر قاسملوو، لەو ئاستەدا، یەکەم تێرۆر و دووا تێرۆری کۆماری ئیسلامی نەبوو و تەنانەت دوواتر گورزی گورچووبڕی دیکەشیان وەشاند. بەڵام جیاوازی ئەم تێرۆرە لەوەدایە، کە بەکوژان، لە کاتی دانووسان و وتوووێژدا، گولـلەیان بە بەرانبەرەکانیانەوە ناوە و ئەوە جارێکی دیکە، ئەو راستییە تاڵەی ئاشکرا کردەوە، کە کوردەکان وەک هەمیشە، لەبەر دەرس وەرنەگرتن لە مێژوو، ناچارن کارەساتە ناخهەژێنەکانیان نە یەکجار، بەڵکوو سەد جار دووپات بکەنەوە. دوکتۆر قاسملوو یەکەم سەرکردەی کورد نەبوو، کە لە کاتی دانووسان و وتوووێژدا گیانی لەدەست داوە. لانیکەم لە چەند سەد ساڵی رابردوودا، دەیان سەرکردەی کورد، لەسەر خوانی دوژمن، یان لەسەر مێزی دانووسان و وتوووێژدا کوژراون، یان بەدیل گیراون. هەڵڕشتنی فرمێسک و ئیدانەی تیرۆریستان، پووشێک لە خەرمانی خەمەکانی گەلی کورد کەم ناکاتەوە. ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە، دەبێ جارێک بۆ هەمیشە، لە مێژوو ئەزموون وەربگرین. ئەم هەمووە قوربانییە هاوشێوەیە، جێگای لەخۆبایی بوون و شانازی نییە. بەڵکوو دەبێ فێربین کە لە کونێکەوە، نابێ سەدجار پێوەدرێین. سەرچاوە مێژووییەکان، هیچ بەڵگەییکمان بەدەستەوە نادەن، کە کورد لە سەر خوان و ماڵی خۆی، یان لەکاتی دانووسان و وتوووێژدا، زەبر و خەساری بە بەرانبەرەکەی گەیاندبێ. بەڵام زۆر سەرۆک هۆز و سەرکردەی سیاسی و تەنانەت خەڵکی سویل، لە کاتی وتوووێژ یان لەسەر خوانی دوژمن، دەرماخوارد کراون، یان زەبری قوورسی لێکەوتووە و  ماڵوێرانی بە نەسیب بووە. کورد بەسەر چوار وڵاتدا دابەش بووە و چوار نەتەوە و دوو ئاینزای گەورەی سەر بە ئایینی ئیسلام، کاریگەریی و کاردانەوەیان لەسەر بووە و حوکمیان کردووە. ئەم نەتەوەو ئایین و ئایینزایانە، نە هاوشێوەن و نە ئاراستەی ئایینی و مێژووییان چوون یەکە.  بەشێکی زۆر لەو کارەساتانەی لە کاتی دانووسان، یان میوانداریەتیدا، روویان داوە؛ لە رۆژهەڵاتی کوردستان هاتووەتە ئاراوە. ئێرانییەکان لەم بوارەدا، گرەویان لە هەموو نەتەوە باڵادەستەکانی دیکە بردووەتەوە. لە درێژەی ئەم باسەدا هەوڵدەدرێت، بە شیکاریی بناغە هزرییەکانی چەمکی تیرۆر و بە هێنانەوەی نمونەگەلێکی دیکە، هەندێ لایەنی هزریی و ژێرخانی ئایینی ئەم چەشنە کردارە، زیاتر شی بکرێتەوە. 


پەراوێز:

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

١- پەرویز دەستماڵچی

۲- هەمان سەرچاوە


(درێژەی هەیە)






درێژه‌ی بابه‌ت:

تعداد بازدیدکنندگان