«ژمارە هەشت»
- ئەرسەلان عەزیزی
ڕۆژێک وەک هەموو ڕۆژانی دیکە لە ناو خانەقای بەندیخانەکەدا دانیشتبووین. کاتێک دەڵێم خانەقا بە لاتانەوە سەیر نەبێت؛ شوێنەکە وەک خانەقای شێخێکی گەورە وابوو. تەنیا جیاوازییەک کە لەگەڵ خانەقای شێخێکی گەورەدا هەیبوو، ئەوە بوو لەم خانەقایەدا هەرکەسەو گیای دۆڵێکی دەجوی و بە دە کەس نەدەبوونە مریدی شێخێک. هەمیشە زیاتر لە سەد کەسی لێ بوو، لە کاتی بەربوون و ڕزگاربوونی بەندییەکانیشدا، قەت لە سەد کەم نەدەبووەوە، چونکە هەمیشە میوانی تازە بەڕێوە بوون.
ژوورێکی گەورە و پان و پۆڕ، ڕاڕەوێکی تەسک و باریک، ئاودەستێک، ژوورێکی بچووک کە بەندییەکان بۆ چالێنان کەڵکیان لێ وەردەگرت، سێ ژووری تاکەکەسی و لە کۆتاییدا دەرگایەکی ئاسنچ و دەلاقەیەکی بچووک بەقەد کڵاوڕۆژنەیەک؛ سەرتاپای ئەو بەندیخانەیان پێکدەهێنا.
سەرلەبەیانی کاتی هەڵهاتنی هەتاو، باقەیەک ڕووناکی لە نێوان شووشەی پەنجەرەکەوە خۆی دەهاویشتە ناو کۆشی خانەقاکەوە و بەم شێوەیە بەندییەکان ڕۆژێکی نوێیان تەجربە دەکرد. هەتا ترووسکایی لە تیشکە ڕووناکەکە دەبڕا، هەرکەسە خۆی بە کارێکەوە خەریک دەکرد. بەندیخانەکە سیاسی بوو و زۆربەی بەندییەکان بە تۆمەتی سیاسی گیرابوون، بەڵام زەڵامی واشی تێدا بوو کە نە تەنیا فڕی بەسەر سیاسەتەوە نەبوو، تەنانەت نەشیان دەزانی پایتەختی وڵاتەکەیان کوێیە!
لە ناو ئەو بەندیخانەیەدا کەسێکی لێ بوو زۆر بێئاوەز و پووچ بوو؛ کابرایەکی کورتەباڵای کەچەڵ، پیس و پۆخڵ و هەتا مشتی بۆ بگریت، ئەسپێین. تاوانی ئەوە بوو کە دەستی لە دایکی بەرز کردبووەوە و گوێی لێ دابوو. هەرچەند دەیانگوت گوایە دایکەکەی ڕەزایەتی پێداوە، بەڵام دیسان لەو خانەقایەدا ڕاگرابوو. جلوبەرگێکی شڕۆڵەی لەبەردا بوو کە دەتگوت کورتانی جەجالە؛ ئەوەندەی چڵک پێوە بوو، ئەگەر لە زرێبارت بهاویشتایە، ماسی تێدا نەدەهێشت!
بەندیخانەکە حەمامی نەبوو. بەندییەکان لە شوێنی چاخانەکەدا بە شێوەیەکی زۆر سەرەتایی لە ناو سەتڵێکی گەورەدا ئاویان گەرم دەکرد و بە سەرە خۆیان دەشوشت. خۆشۆردن بە سەرە بوو، لەبەر زۆریی حەشیمەتی بەندییەکان، جاری وا هەبوو دوو هەفتەی دەخایاند هەتا سەرەی کەسێک دەهاتەوە. بەو حاڵەشەوە چەند جار ئاویان بۆ ئەو کابرایە نایە سەر و جلوبەرگی نوێیان بۆ ئامادە کرد، بەڵام خوا نەیکات، توخنی ئاوەکە نەکەوت. ئەسپێ وەک مێروو بە لەشیدا دەگەڕا. جاروبار کە بێتاقەت دەبوو، ئەسپێیەکی دەگرت و لە ناو لەپی دەستیدا دەینا و بە پڵتۆکێک فڕێی دەدا؛ جا بەر کێ کەوتایە، خۆی و بەختی!
جگەرەی «زەڕ»ی دەکێشا. جگەرەی زەڕ سەرەتا جگەرەی خواپێداو و پارەدارەکان بوو، بەڵام ئێستا خەڵکی هەژار و بێپارە نەبێت کەس خۆی لەو جگەرەیە نەدەدا. جگەرەی بە جگەرە دادەگیرساند. ڕۆژانە کە هەتاو خانەقاکەی ڕووناک دەکردەوە، ئەو بۆ خۆی شوێنێکی دەکردەوە و وەک ئەوەی کارێکی بەپەلەی هەبێت، بە پەلە لە سووچێکەوە بۆ سووچەکەی تر لە هاتوچۆدا بوو. لەسەریەک مژی لە جگەرەکە دەدا و جاروبار دەکۆکی. دووکەڵی جگەرەکەی هەتا قووڵایی سییەکانی پاڵ پێوە دەنا و کەیفی ساز دەبوو. کاتێک کۆکەی دەهات، دەستی لە پشتەوە لەیەک هەڵدەپێکاو گۆرانییەکی دەچڕی. بەردەوام هەر ئەو گۆرانییەشی دەوتەوە کە ڕۆژانی پێشتر وتبوویەوە. سەربەندی گۆرانییەکە «ئای مەقەسی مەقەسی» بوو. دەنگی گۆرانییەکە و دووکەڵی جگەرەکەی، لەگەڵ خۆیدا لە ناو ژاوەژاوی بەندیخانەکەدا ون دەبوو.
خواردنێکی کەمیان دەدایە بەندییەکان و بەردەوام لەسەر خواردن دەبوو بە قڕە و هەراهەرا و بیگرە و بەری دە. بەو حاڵەشەوە ئەو کابرایە، ئەوەی دەیاندایێ لێشی دەمایەوە. بەندییەکان زۆر جیاواز بوون، بەڵام جیاوازیی ئەو کابرایە هەر زۆر زیاتر بوو. ئاودەستچوونەکەشی تایبەت بوو؛ شەو و ڕۆژێک جارێک دەچووە ئاودەست، بەڵام کاتێک دەچوو، ماوەیەکی درێژ نەدەهاتە دەرێ. جا ئەگەر کەسێک کاری ئاودەستی بووایە، دەبوو دان بە خۆیدا بگرێت هەتا ئەو پیاوە کورتەباڵایە دەهاتە دەرەوە.
ئەو بەندیخانەیە هەموو ڕۆژێک میوانێکی تازەی بۆ دەهات. زۆر ئاسایی بوو ئەگەر پاسدارێک، جاشێک یان کاربەدەستێکی دیکەی حکوومەت لە یەکێک بەدگومان بووایە، خێرا دەگیرا و دەیانهێنایە ئەو بەندیخانەیە. ڕۆژێک وەک هەموو ڕۆژانی دیکە، دەرگا ئاسنییەکە کرایەوە و بەندییەکی ڕیشبژی کورتەباڵای دیکەیان کردە میوانی خانەقا. کڵاو و جامانە سوورەکەی دابووە بن هەنگەڵی؛ شێواو و پەرێشان دیار بوو. ماوەیەک بوو هەرکات میوانێکی نوێیان دەهێنا، ببووە عادەت وەک شێت یەکێک لە پشتەوە دەپەڕییە سەر کۆڵی و بەرەو خانەقاکە ڕێنوێنی دەکرد. کەسی تازەگیراو وایدەزانی ئەو کارەش درێژەی هەمان لێدان و سووکایەتیی پاش گیرانەکەیەتی. بەم شێوەیە کابرا نوێیەکەیان بردە ژووری خانەقاکە. ئەوەی سواری کۆڵی ببوو، دابەزی و پێی وت: «لێرە دانیشە!» وەک هەر تازەهاتوویەک، لە ناو خانەقادا دەورەیان دا و هەرکەسە و پرسیارێکی لێ دەکرد.
کابرا بە تەواوی گێژ ببوو. هەر ئەوەندەی لێ هەڵکڕا کە ناوی **ڕۆستەم**ە و خەڵکی باشووری کوردستانە. زاری وشک ببوو. خەڵکەکە کشانەوە و ئەویش پاڵی بە دیوارەکەوە دا و قووڵ سەیری خەڵکەکە، ناو ژوورەکە و هاتووچۆی ئەوانی دەکرد.
شەو کاتی نووستن بردیان و لە ناو ڕاڕەوەکەدا خەواندیان. هەرکات ژمارەی ئەو خەڵکەی بەردەبوون لەوانەی کە دەگیران کەمتر بووایە، کەسی تازەگیراو لە ناو خانەقا و ژوورە تاکەکەسییەکاندا (کە شەش کەسی تێدا دەخەوت) جێی نەدەبووەوە و دەبوو لە سووچێکی ڕاڕەوە تەنگەبەرەکەدا بنوێت، هەتا کەسێک بەردەبوو و ئینجا ڕوخسەتی هاتنە ناو خانەقای دەدراێ. ڕۆستەم بێ گوێدان بەو ژاوەژاو و دەنگەدەنگەی بەندییەکان خەوی لێکەوت و سەرلەبەیانی زووتر لە هەموو بەندییەکان خەبەری بووەوە.
وردەوردە بەندییەکانی دیکەش خەبەریان بووەوە و پاش دەستاوودەست و دەموچاو شتن و کۆکردنەوەی ڕاخەرەکانیان، سفرادەیان ڕاخست و ناشتایان کرد. ڕۆستەم شتێکی ئەوتۆی بۆ نەخورا و پێش هەموو خەڵکەکە کشایەوە.
لە ناو بەندیخانەکەدا کەسێک هەبوو لە زانکۆ یاسای (حقوق) خوێندبوو. کاری ئەو ئەوە بوو بزانێت میوانی نوێی خانەقا کێیە و بۆ گیراوە. ئەو زۆر بە شارەزاییەوە ئەرکەکەی خۆی جێبەجێ دەکرد. ڕۆستەم پێشمەرگەی پارتی بوو، کە ئەو کاتە «قیادەی مۆقەتە»یان پێ دەگوتن و لە چاوی خەڵکدا زۆر بێزراو و ناشیرین بوون، چونکە لە شەڕەکاندا پشت بە پشتی جاش و پاسدار، شەڕی پێشمەرگەیان دەکرد. بەرپرسی لێکۆڵینەوە بۆی دەرکەوت کە ڕۆستەم لە یەکێک لە شەقامەکانی شاردا چەند پاسدارێکی گەنجی بینیبوو کە بە دوای کچە کوردێک کەوتوون و قسەی پێ دەڵێن. کیژە کوردەکەش ویستبووی لە دەستیان هەڵبێت. ڕۆستەم بە دیتنی ئەو دیمەنە دەروونی گڕ دەگرێت و لەبەر خۆیەوە دەڵێت: «شەرەفی کوردانە بۆ کەی؟ خۆ گوایە ئەمن لە ماڵ و حاڵی خۆم لەبەر ئەم چەشنە سووکایەتییە هەڵهاتووم!» هێرش دەکاتە سەر پاسدارەکان و یەکێکیان دەگرێت و دەینێتە ژێر خۆی و هەتا خوا دەڵێت بەسیەتی، دەیکوتێت. ئەوانی دیکە دێنە دەست و ڕۆستەم دەگرن؛ پاش لێدان و ئەشکەنجەدانێکی زۆر، ڕەوانەی پادگان دەکرێت و دەبێتە میوانی خانەقاکە.
بۆ تێگەیشتن لە ڕەفتار و ئاکاری بەندییەکان، کەسی نوێ دەبوو ماوەیەک بمێنێتەوە هەتا خۆی لەگەڵ کەشی ناو خانەقاکەدا بگونجێنێت. هەندێک جار دەبوو باجی ئەو خۆگونجاندنەش بدات. ڕۆژی سێیەم، ڕۆستەم هەلی بۆ ڕەخسا و لە پێش دەرگای هاتنە ژوورەوەی ناو خانەقاکەدا شوێنێکیان بۆ تەرخان کرد. پاش قاوەتوون بوو، کە ویستی سەرێکی ئاودەست بدات. پاڵی بە دەرگای ئاودەستەکەوە نا، دەرگاکە داخرابوو. ماوەیەک چاوەڕوان ما، بەڵام دەرگاکە نەکرایەوە. قەدەرێک چاوەڕوان ما و پاشان بە ئەدەبەوە یەک دوو تەقەی لە دەرگاکە دا و تۆزێکی تر چاوەڕوان بوو. بۆ جاری دووەم و سێیەم دیسان بە هێمنی و لەسەرخۆ تەقەی لە دەرگاکە کرد، دەرگا نەکرایەوە. ڕۆستەم تەنگەتاو ببوو، تاقەتی نەما و بە مستەکۆڵە دەرگاکەی دایە بەر کوتان.
لەپڕ دەرگاکە کرایەوە و ئەوەی لە ناوەوە بوو ئامبازی ڕۆستەم بوو. پیاوە کورتەباڵا چڵکنەکە پاڵێکی بە ڕۆستەمەوە نا و ویستی ڕێگاکەی بۆ ئاوەڵا بکات. دژکردەوەی ڕۆستەم بووە هۆی ئەوەی کە پیاوە کورتەباڵاکە مستێک لە ناو دەمی ڕۆستەم بدات. ڕۆستەم لە پێش دەرگاکە دارا بووەوە و بە پشتدا کەوت، بەڵام خێرا هەستایەوە. کەس ناوبژی بۆ نەدەکرا. ڕۆستەم مستێکی لە پیاوە چڵکنەکە دا و لە پێش دەرگای ئاودەستەکەدا هەڵیبڕی. کڵاو و جامانەکەی کەوتە خوارەوە و سەرە کەچەڵەکەی بە تەواوی دەرکەوت. پێش ئەوەی هەستێتەوە، ڕۆستەم پەلاماری دا و نەعلێکی هەڵگرت و بە هەموو هێزیەوە بە سەری کابرادا کێشای. پیاوە چڵکنە کورتەباڵاکە پێش چاوی ڕەش بوو و لە ناوەڕاستی ڕاڕەوەکەدا ئاگای لێ بڕا و لەسەر پشت تەخت بوو. سەری وەک هێلکە بریکەی دەهات و چەند چڵە تالەموویەکی درێژ و چڵکنی پێکەوە نووساو لە پشتەملەیەوە شۆڕ ببووەوە.
بەو هەڵایە و دەنگەدەنگە، قەسەوڵەکان (پاسەوانەکان) بەئاگا هاتنەوە و هاتنە ژوورێ و ڕۆستەمیان لەگەڵ خۆیان برد. ماوەیەکی زۆری نەخایاند دەرگاکە دیسان کرایەوە و ڕۆستەم لە کاتێکدا کڵاو و جامانە سوورەکەی دابووە بن هەنگەڵی، سەرلەنوێ هاتەوە ناو ڕاڕەوی خانەقاکە. پیاوە کورتەباڵا کەچەڵەکە هێشتا هەر بە بێهۆشی لە ناو ڕاڕەوەکەدا درێژ ببوو. ڕۆستەم چاوێکی پڕ لە نەفرەتی تێبڕی و ڕۆیشتە ناو خانەقاکە، کەلوپەلەکانی هەڵگرت و هاتە دەرەوە. خەڵکەکە لێیان پرسی: «بۆ کوێ دەڕۆیت؟» لە وەڵامدا وتی: «نازانم، دەڵێن: دیوانەس، بێڕوونش کون!» (دیوانەس، بیڕونش کن / شێتە، بیکەنە دەرەوە).
دەرگەوانەکە دەرگا ئاسنەکەی کردەوە و ڕۆستەم جارێکی دی چاوێکی بە کەلاکی کابرادا خشاند و ڕۆیشتە دەرەوە. خەڵکەکە پیاوە کەچەڵە چڵکنەکەیان ڕاست کردەوە. بۆنێکی کەنەفت و ناخۆش ئەو ناوەی پڕ کردبوو. ئاویان بە دەموچاوی کابرادا پژاند و وردەوردە هاتەوە سەر خۆی و پاڵی بە دیواری ڕاڕەوەکەوە دا.
خەت و ژمارەی نەعلەکەی بە سەریەوە دیار بوو، کە بە پیتی لاتینی نووسرابوو: "ژمارەی هەشت". (تەواو)
