رەوتی مێژووی سەرهەڵدانی سینەما،
لە شاری مەریواندا!(١)
ئەگەرچی لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەی زاینی، برایانی لۆمیر لە وڵاتی فەرانسەدا، بۆ یەکەم جار بە سازكردنی فیلمێکی کورتی ٤٥ چرکەیی، توانییان، ناوی خۆیان وەکوو یەکەم کەس، لەپێناوی سەرهەڵدانی هونەری سینەمادا، تۆمار بکەن و تۆزێک دوواتر، توماس ئەدیسۆن بە سازکردنی کەرەستەی فیلم هەڵگرتن، خێراییەکی زیاتری بەخشیە، رەووتی نوێی سینەما؛ بەڵام هەتا سەرەتاکانی سەدەی بیستەم، بۆ کەوتنە سەر هێڵی بەرهەم هێنانی فیلمی دەنگدار، و بۆ ئەوەی کە سینەما وەک هونەرێکی گشتگیر بە جیهاندا بڵاوبێتەوە، كاتێكی زیاتری پێویست بوو. ئێران یەکێک لەو وڵاتانە بوو، کە بە مەودایەکی کەم، پاش سەرهەڵدانی سینەما و پاش سەفەرەکەی موزەفەردین شای قاجار بۆ ئۆروپا و لەوانە وڵاتی فەڕانسە، کە بە دایکی سینەما دەناسرێت؛ دەرگای بەڕووی هونەری سینەمادا کرایەوە. موزەفەردین شا، وەکوو ناسرەدین شای باوکی، حەزی لە هونەری وێنەگرتن و نەقاشی بوو. بۆێی روخسەتی دا، هەتا ئەم هونەرە نوێیە، بگاتە وڵات. هەر لەم پێوەندییەدا، موزەفەردین شا، میرزا ئیبراهیم خانی وێنەگری هێنایە ناو کۆشکەکەی خۆی و یەکێک لە ژنخوشکەکانی خۆی لێ مارەکرد و نازناوی عەکاسباشی پێ بەخشی. درێژەی بابەت
میرزا ئیبراهیم خان، شەرەفی ئەوەی پێ بەخشرا، کە لە سەفەرەکەی موزەفەردین شا بۆ فەرەنگ، وەکوو وێنەگر، هاوسەفەری کاروانە سەد کەسیەکەی شای قاجار بێت. ئەگەرچی شاکانی قاجار و لەوانە موزەفەردین شا و باوکی، وڵات وێرانکەرێکی تەواو بوون و لە سەردەمی ئەواندا، جگە لە هەژاریی و قاتووقڕی بۆ وڵات، دەسکەوتێکی دیکەیان بەدوواوە نەبوو. بەڵام سەفەرە پڕ حەشیمەت و پڕخەرەکانییان، بۆ دەرەوەی وڵات، لەبواری شێوەی دەسەڵاتداریی و ئاڵوگۆڕی فەرهەنگیدا، هەندێ دەسکەوتی بەدوواوە بووە. کە دەکرێ هونەری وێنەگریی و دوواتر و بەتایبەتی تر، هاوردە کردنی هونەری سینەما بۆ ئێران، وەک بەرهەمی ئەرێنی ئەو سەفەرانە، لەبەر چاو بگیردرێت. بەم شێوەیە، یەکەم جار و تەنیا پێنج ساڵ، پاش سەرهەڵدانی هونەری سینما، کەرەستەیەکی زەبت و پەخشی فیلم؛ "سینماتوگراف (Cinématographe)"، هاوردەی ئێران کرا ومیرزا ئیبراهیم خانی عەکاسباشی، وەکوو یەکەم کەس، لەبوواری سەرهەڵدانی سەنعەتی سینەمادا و وەکوو یەکەم دەرهێنەری فیلمی سینەمایی لە ئێراندا، ناوی تۆمار کرا. بەڵام لەلایەک، دەسەڵاتی رەها و چەقبەستووی، دووانەی "نەریت و ئایین"، لەگەل وێرانی و ناپێشکەوتەیی وڵات و هەروەها گەندەڵی لەڕادەبەدەری دەسەڵاتدارانی قاجار و زیاتر لەوەش، پشێویی و ئاژاوەکانی پاش شەری جیهانگیر یەكەم، رێگرێکی گەورە بوون، لەوەی کە ئامێرەکانی هونەری حەوتەم، لەناو گۆشک و تەلارو دیوەخانەکانی شازەدەکانی قاجار و تەنانەت پەهلەوی یەکەم، دزە بکاتە دەرەوە و بەوڵاتدا بڵاو بێتەوە. دواتر و نزیک بە سی ساڵی خایاند، [١٣٠٩ هەتاوی/١٩٣٠ زایینی]، هەتا توانرا، یەکەم چیرۆکە فیلمی گاڵتەجاڕیی (ئابی و رابی] بەدەرهێنریی، "ئاوانس ئۆگانیانس"، لەدەرەوەی کۆشکدا بەرهەم بێت. هونەری سینەما لە ئێراندا، بەبەراوەرد لەگەل وڵاتانی دەراوسێ، بۆ نمونە; تورکیا، عێراق و تەنانەت ئەفغانستان، زۆر درەنگتر بە وڵاتدا بڵاو بووەتەوە. هەتا ئەوەی، كە هونەری سینەما بتوانێت؛ بگاتە ناوچە دوورەکانی ئێران و لەوانە شارەکانی کوردستان، ماوەیەکی زۆری خایاند. سازکردنی سینەما، لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بۆنمونە; لە شارەکانی کرمانشان، ورمێ، مەهاباد و سنە، دەگەڕێتەوە بۆ سەرتاکانی سەدەی سێزدەی کۆچی هەتاوی(١٩٣٠زاینی) و بە زۆری، ساڵی ١٣١٠ هەتاوی، وەک دەرکەوتنی ئەم هونەرە و سازکردنی بینای سینەما لەم شارانەدا، دیاری دەکرێت. رەنگە لەم مێژوانەدا هەندێ خوار و ژووریی بەرچاو بکەوێت. بەڵام بەگشتی، هاتنی هونەری سینەما، بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان، دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی سەردمی قاجاڕەکان وسەرەتاکانی سەرهەڵدانی دەسەڵاتی پالەوی یەکەم. بەوحاڵەش تەنیا لە شارە گەورەکاندایە، كە سینەما دەرفتی کرانەوەی بۆ دەڕەخسێ. ئەگەر لەم بەستێنەدا، شارەكانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە گەل باشووری کوردستان، و بۆ نمونە شاری سلێمانی(١٩١٠ زاینی)، یان ئامێد(دیاربەکر) لە باکووری کوردستان(لە نێوان ١٩١٠ تا ١٩٢٠)، و قامیشڵوو(١٩٢٠ بۆ ۱۹۳۰زاینی) لە رۆژئاوای كوردستاندا، بەراوەرد بکرێت؛ رۆژهەڵاتی کوردستان، دە بۆ بیست ساڵ، پاش بەشەکانی دیکەی کوردستان"، سەنعەتی سینەمای تێدا بڵاو بووەتەوە. ئەم باسە هەڵدەگرێت، بەدوواداچوونێكی زیاتریی بۆ بكرێت. بەڵام لەبەر ئەوەی، کاکڵەی سەرەکی ئەم وتارە، هەوڵێکە بۆ ناساندن و راڤە کردنی، "رەوتی مێژووی سەرهەڵدانی سینەما، لە شاری مەریواندا"، لێرەدا کۆتایی بەم پێشەکییە دەهێنرێت و زیاتر، جەخت دەکرێتە سەر مێژووی کرانەوەو رەوتی هەنووکەیی سینەما، لەم شارەدا.
- سەرەتا کورتەیەک سەبارەت بە مێژووی مەریوان:
ئەگەرچی مەریوان لە باری هەڵکەوتەی جوگرافیاییەوە، ناوچەیەکی هەستیار و مێژووییە. بەڵام لە شێوەی ئێستایدا، شارێکی کۆنی لەمێژینە ومێژوویی نییە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ١٢٨٢ کۆچی، [١٢٤٤هەتاوی، ١٨٦٥زاینی]، کە بە بەراوەرد لەگەل شاری سنە[١٠٤٦ هەتاوی]، شارێکی بەتەواوی نوێیە.
"لە سەردەمی ئامانوڵڵاخانی دووەم، ناسراو بە غوڵامشا خان، بەرانبەر بە ساڵی ١٢٨٢ کۆچی، یان بەواتایەکی دیکە ١٢٧٦ کۆچی، بە فەرمانی ناسرەدین شای قاجار، قەڵایەک لە مەریوان، کە ناوچەیەکی سنوورییە ساز کرا و ناوی لێنرا قەڵای شائاباد. ئەو قەڵایە بوو بە بناغەیەک بۆ شاری مەریوان."(٢)
دوواتر و لە ساڵی ١٢٨٦ کۆچی مانگی، فەرهاد میرزا، مامی ناسرەدین شای قاجاڕ، [پاش کۆچی دووایی ئامانوڵڵاخان]، بوو بەوالی کوردستان و دەستی کرد، بە نۆژەنکردنەوەی قەڵای شائاباد. "فەرهاد میرزا بەزۆر و[بە هەڕەشە]، سەد بنەماڵەی بەناوبانگی، لە شێخ و ئاغاوات و سەییدی ناوچەکە، کۆچ پێکرد ولە باکووری قەڵاکە نیشتەجێی کردن. لەو کاتە بەدوواوە، کەم کەم بناغەی شاری مەریوان دانرا.(٣ )
دوواتر کۆمەڵێک خەڵکی دیکە، لە شاری سنە وشوێنەکانی دیکەی نزیک بەو شارە،[بەزۆریی خەڵکانی سەنعەتکار و سەر بە پیشە جۆربەجۆرەکان]، بەرەو قەڵای شائاباد کۆچیان کرد و لە تەنیشت، مزگەوت و حەمامێک کە لە سەردەمی فەرهاد میرزادا ساز کرابوو؛ نیشتەجێ بوون. شەڕ و شۆڕ و بەرهەڵەستی ئاغا و دەرەبەگەکانی ناوچەکە، کە هەرکامەی لە گوند و ناوچەیەک، بۆ خۆی دەستەڵاتێکی سەربەخۆ، یان سەر بە عەشیرەت و خێڵێکی دیکە و جاروبار، سەر بە دەسەڵاتی ناوەندی پێکەوە نابوو؛ چەندجارێک قەڵای شائابادیی، تووشی چۆڵبوون ووێرانی کرد. بەڵام باری ژیئۆپولتیکی ناوچەکە، هاوسنوور بوونی لەگەل دەوڵەتی ئەوکاتی عوسمانی، کەش و هەوای لەبار و هەبوونی گەلێک گوندی ئاوەدان و پڕحەشیمەت و زۆر فاکتۆری دیکە، پێویستی سازکردن و گەشەی شارێکی نوێی لە ناوچەکەدا هەموار کردبوو.
لەو کاتەوە مەریوان بوو بە قەزایەک لە قەزاکانی سەر بە شاری سنە. کە دوواتر و لە ساڵی ١٣٣٧/ی هەتاویدا ولە ئاکامی سەردانەکەی، مەنووچەهر ئێقباڵ، "سەرۆک وزیرەزیرانی ئەوکاتی ئێران"، بۆ پارێزگای کوردستان؛ هەندێ گۆڕانکاریی لە بوواری قەزا و شارەکانی کوردستان پێکهات. مەریوان، بانە و قرووە کە هەتا ئەوکاتە قەزاێک بوون، لە قەزاکانی کوردستان، بەفەرمی بوونە شار و لەو رۆژە بەدوواوە، ناوی شائابادیش بۆ هەمیشە سڕایەوە و بوو بە شاری مەریوان.(٤)
کرانەوەی قوتابخانە وپەرەگرتنی دیاردەی کۆچ لە گوندەوە بۆ شار، کە لە دەییەی سی هەتاویدا، لە ئاکامی چەوسانەوەو زەخت و زۆری لە رادەبەدەری شێخ و ئاغا و دەرەبەگەکانی ناوچەکە و دوواتر، لە سەرەتاکانی دەییەی چلی هەتاویدا، بە هۆی جێبەجێ کردنی سیستەمی چاکسازی زەوی و زار (سیستم اصلاحات ارضی) لە سەردەمی پالەوی دووەمدا، کە حەمە رەزا شا، ناوی "شۆڕشی سپی" لێنابوو؛ ئەوەندەی دیکە بووە هۆی، کۆچی خەڵکی لادێکان و بە زۆری کۆچی جۆچن و رەشایی ناو گوندەکان بۆ شار. ئەو ئاڵووگۆڕە سیاسی، فەرهەنگی و ئابوورییانە، کۆمەڵێک دیاردەی نوێی خولقاند و وشارەکان بوون بە دەرفەتێکی نوێ و لەبار، بۆ چینی بۆرژوای تازە پێگەیشتووی ئێران و گەلێک مەودای لەبار و نوێی، بۆ گەشەی سیستەمی سەرمایەداریی خولقاند. کە لەم سۆنگەوە، بەخێرایی بەستێنی سینەما، وەکوو دەرفەتێکی لەبار و نوێی گرتەوەو. هەندێ لە سەرمایەدارەکانی ئێران، هاوکات لەبەشە جۆربەجۆرەکانی هونەری سینەمادا، هەر لە هاوردەکردنی کەرەستەی فیلم هەڵگرتن و پەخشەوە بگرە، هەتا بەرهەم هێنانی فیلمی نوێ و سازکردنی هۆڵی سینەما، لە شارە جۆربەجۆرەکانی ئێراندا، کەوتنە جووڵە و کێبەرکێ. لە ناوەڕاستەکانی دەییەی چلی هەتاویدا، پێبەپێ بەشێک لە شارەکانی دیکەی ئێران، مەریوانیش، بوو بە خاوەن سینەمای سەربەخۆ. لە سەرەتاوە، لە شاری مەریواندا، لەسەر یەک دوو چەشنە سینەما، بە دوو شێوەی جیاواز فیلمی سینەماییان بڵاو دەکردەوە. فیلمەکان بەزۆری بەرهەمی ناوخۆی ئێران و یا هەندێ دووبلاژە فیلم، [بەرهەمی وڵاتانی بیانی ولەوانە؛ هیندی، تورکی، عەرەبی و تاڕادەیەک، فیلمی رۆژئاویی] تێدا بڵاو دەکرایەوە.
سینەماکانی مەریوان، بریتی بوون لە:
١- سینەمای گەڕۆک یان سەرئاوەڵا [روباز].
٢- سینەمای جێگیر یان سەرداپۆشراو[سرپوشیدە].
١. (ئا): سینەمای گەڕۆک یان سەرئاوەڵا[روباز]، جۆرێک سینەما بوو، کە لە شوێنێکی کراوە و سەرئاوەڵادا، لەرێکای کەرەستەی پرۆژکتۆر، فیلمیان نیشانی خەڵک دەدا. ئاپاراتچی لە رێگای پرۆژکتۆرێکەوە، لە پشتی شوێنی دانیشتنی بینەران و لە جێگایەکی بەرزەوە، فیلمەکانی دەنارد بۆ سەر پەردەیەکی سپی یان دیوارێک کە بۆ ئەو کارە ئامادە کرابوو. ئەم جۆرە سینەمایە بەشەو و لە وەرزی هاویندا، فیلمیان، بە بینەرانی خۆیان پیشان دەدا. سەبارەت بە ساڵ و ماوەی بەردەوامی ئەم جۆرە سینەمایە لە مەریواندا، را و بۆچوونی جیاواز هەیە. بەڵام بە گشتی ئاماژە بە دوو سینەمای سەر ئاوەڵا لە مەریواندا دەکرێت. کە لە نێوان ساڵەکانی ١٣٤٧ هەتا ١٣٤٨/ی هەتاوی، لەم بوارەدا کاریان کردووە. یەکەم سینەما لە نێوان باخەکەی سەی عەلی مەمەد و دیژبانی پادگاندا، کە ئێستا شوێنەکەی بووەتە پاساژ[پاساژ ئەحا نەجاڕ]، فیلمی سینەمایی بڵاو دەکردەوە. لەبەر ئەوەی زەوی شوێنەکە، بەشێک بووە لە زەوی دیژبان پادگان، دەکرێ ئەو سینەمایە، راستەوخۆ لە لایەن ئەرتەشەوە دانرابێ و بەکەس یان کەسانێک بە کرێ درابێت. چواردەوری سینەماکە، بە گۆنی[تەلیس]، پەرژین کردبوو. خەڵکەکە ناویان لێنابوو سینەما گۆنی. [ئەگینا هیچ ناوێک، بۆ ئەم چەشنە سینەمایانە دیاری نەکراوە]. و تەنانەت هەندێ کەس پێیان دەگوت، سینەما مێشوولە! [چوون ئەو ساڵانە لە وەرزی هاویندا، و بە هۆی زەل و قامیشی قەراخ زرێبار، مێشوولەیەکی زۆر بە ناوچەکەدا بڵاو دەبووەوە و ژیانی لە خەڵک تاڵ کردبوو. لە کاتی بڵاوکردنەوەی فیلمەکاندا، خەڵکەکە تەپاڵەیان لەگەل خۆ دەبرد و دەیانسووتاند، هەتا لە چز وپێوەدانی میشوولەکان، پارێزراو بن.](٥)
کەسێک بە ناو "جەواد مەردی"، بەڕێوەبەری ئەم سینەمایە بووە. فیلمەکانی ئەم سینەمایە، لە سینەما ئێران، بەکرێ دەگیرا. کۆمەڵێک لە خەڵکەکە لە سەر کورسی و ئەوانی دیکەش، کە زۆربەیان منداڵ و مێر منداڵ بوون، لە سەر زەوی دادەنیشتن. نرخی بلیتی رۆشتنە ژوورەوە، پێنج قەران بووە.
دووەم سینەمای لەم چەشنە، هەر لەو ساڵانەدا، لە حەوشەی گاراژەکەی ئەحمەد وەفاقی، فیلمی سینەمایی بڵاو دەکردەوە. شۆێنەکەی دەکەوتە، پشت دایەرەی ئەوکاتی، بارهێنان و پەروەردەی مەریوان،[ کە ئێستا کوڕەکانی مامە نوورە، لەو شوێنەدا، کارگەی جۆشکارییان داناوە]. بەڕێوەبەری ئەم سینەمایە، دوو کەس بوون، ١. محییەی رەحیمی ٢. …هیجانی. لە سووچێکی حەوشەی گاراژەکەدا، شوێنێکیان بۆ بڵاو کردنەوە فیلم تەرخان کردبوو. کارەباکەی لە رێگای موتۆربەرقێکی تایبەتییەوە دابین دەکرا، کە ئەرکی خستنەگەڕ و چاککردنەوەکەی بە ئەستۆی حاجی زەرارییەوە بووە. نرخی چوونە ژوورەوە بۆ هەر کەسێک، پێنج قران بووە. هەندێ کەس بەتایبەت منداڵان، کە زۆر تامەزرۆی سینەما بوون و پارەی چوونە ژوورەوەیان نەبوو، لەسەر بانی دراوسێکانەوە، چاویان لە فیلمەکان دەکرد. ژاندارمەکانی مەرزەبانی ئەرکی چاوەدێریی و پاراستنی هێمنی سالۆنەکەیان بەئەستۆوە بووە.
٢. سینەمای جێگیر و سەرداپۆشراو [سرپوشیدە]:
ئەم سینەمایە کە پێش شۆڕش ساز کرا، لە ژێر ناوی سینەما ئێران و لە سەر شەقامی سەرەکی شار،[شەقامی پەهلەوی کە دوواتر بوو بە کۆماری ئیسلامی] و لە تەنیشت دووخانیاتی مەریواندا هەڵکەوتبوو. ساڵی ١٣٤٥ هەتاوی، سازکردنی بیناكەی دەستی پێکرد. وساڵی ١٣٤٦/ی هەتاوی، ئامادەی پەخش و بڵاوکردنەوەی فیلمی سینەمایی کرا. زەوییەکەی موڵکی سەعید بەگ رۆستەمی و ئەمین بەگی رۆستەمی بوو. سەرەتا بە هاوبەش لە لایەن سێ کەس بە ناوەکانی: حاجی محەمەد وەیسی، حاجی ئەمین بەگ و عەلی سەمەدپوور کرایەوە. کە پاش ماوەیەک فرۆشتیان بە دووبرا، کە ناوی یەکێکیان، موختار خان بوو. ئەو دوو برایە، خەڵکی ورمێ و لە سەرمایەدارە گەورەکانی ئێران بوون. موختار خان سینەماکەی رووخاند و سەرلەنوێ بەشێوەیەکی مودێڕن سازی کردەوە. هاوکات لە گەل پرۆژەی سازکردنی سینەما ئێران لە مەریواندا، کاری ساز کردن و کردنەوەی چەندین سینەمای دیکەشیان بە دەستەوە بوو. زۆربەی ئەو سینەمایانە، لە رۆژهەڵاتی ئێراندا هەڵکەوتبوون، کە بەشێکیان ناوچەکانی کوردستانی دەگرتەوە. پاش ئەوەی موختار خان سینەماکەی کردەوە، کەسانێکی جۆربەجۆر بە کۆ یان بە تاک، سینەماکەیان بۆ ماوەیەک بەکرێ دەگرت و بەڕێوەیان دەبرد. کە دەکرێ ئاماژە بەم ناوانە بکرێت: مەحییەی رەحیمی، (کە مامۆستای قوتابخانەکانی مەریوان بوو)، حاجی ئەمین بەگ رۆستەمی،(سێ دانگی زەویەکە، موڵکی ئەو بوو)، مەنسوور شیرازی کە لە مەریوان، کوورەی خشتبڕی هەبووە، محەمەد سەمەدپوور،(کاسبکار و بازرگان بووە)، حاجی محەمەد ویسی، (یەکێک لە دەوڵەمەندەکانی شار بوو). هەروەها فاتێح مودەڕەسی و مەنسوور سەلیمی، هەركامەیان بۆ ماوەیەك، ئەو سینەمایەیان بەڕێوە بردووە.
بیناسازی سینەمای مەریوان بە بەراورد لەگەل زەمەنی خویدا، بە تەواوی مودێڕن و ئەمڕۆییانە بوو. سینەماکە لە سەر زەوییەکی بەرینی دوو سووچ ساز کرابوو. بەشی پێشەوەی لەسەر شەقامی سەرەکی شار و سووچەکەی دیکەی لە سەر کۆڵانێک هەڵکەوتبوو، کە بە کۆڵانی سینەما بەناوبانگ بوو.
بیناکە بە خشتی سوور و چیمەنتۆو سەربانەکەی شیروانی بوو. لە پێشەوەی بیناکەدا، دوو گیشەی پسوولە کڕین و دەرکەیەکی گەورەی رۆشتنە ژوورەوە ساز کرابوو. پێش رۆشتنە ژوورەوە بۆ ناو هۆڵی نمایش، کە لە رێگەی داڵانێکی باریک و درێژ، دەستەبەر دەبوو؛ شوێنێک وەک بووفە، بۆ فرۆشتنی ئاو وشەربەت وچەرەسات و تەنانەت بەردڵ و شتی دیکە ساز کرابوو. لە پشتی بووفەکەوە، دەرکەێەک بۆ رۆشتنە ژوورەوەی بنەماڵەکانیش تەرخانکرادبوو. لە سەر یەک، سینەمای مەریوان، چوار دەرکەی رۆشتنە ژوورەوەی هەبوو. کە بە چەرم و مەخمەڵی سووریی تێر، داپۆشرابوون. لەخوارەوەی داڵانی رۆشتنە ژوورەوە، بە جیاواز، چەند ژوورێکی ئاودەست بۆ ژنان و پیاوان ساز کرابوو. هۆڵکە بۆ ٢٥٠ کەس، شوێنی دانیشتنی هەبوو.(٦) کە لە سەرەوە بۆ خوارەوە، بەسەر سێ بەشدا، دابەش کرابوو. بەشی سەرەوە، کە پێی دەگوترا لۆژ، بۆ بنەماڵەکان تەرخان کرابوو. پسوولەی چوونە ژوورەوە، بەپێی شوێنی دانیشتن، لە سەرەوە بۆ خۆارەوە، بە پانزدە قەران، دە قەران و پێنج قەران دەفرۆشرا. پاش کۆتایی فیلمەکان، لە رێگای سێ دەرکەی لە ئاسن سازکراوی گەورەی دووتاییەوە، خەڵکەکە دەیانتوانی بە هێمنی هۆڵی سینەما بەجێ بێڵن.
کەسێک وەکوو مودیر، لە لایەن خاوەن سینەماكەوە، ئەرکی راپەڕاندن و مویریەتی سینەمای بە ئەستۆوە بووە. چەند کەسێکی دیکەش، وەک یاریدەر، بۆ فرۆشتنی پسوولە و کردنە ژوورەوە و کۆنترۆڵی ناو هۆڵەکە، لەو سینەمایەدا كاریان دەكرد. ئاپاراتچی، کاری بڵاوکردنەوەی فیلمەکانی بە ئەستۆوە بوو و لە ژوورێك كە لە بەشی سەرەوەی سینەماكەدا ساز كرابوو؛ لە رێگای پرۆژكتۆرێكەوە، فیلمەكانی بڵاو دەكردەوە.
دەنگی فیلمەكانیش لە رێگای چەند بڵندگۆێکی گەورەوە، کە لە پێشی پێشەوە و لەبەردەم دیوار وسەكۆی بڵاوکردنەوەی فیلمەکان دانرابوو؛ دەگەشتە گوێی بینەران. هۆڵی سینەماكە بە شێوەیەك ساز كرابوو، هەتا بكرێت؛ بۆ كۆڕ و كۆبوونەوە و گوتاربێژیی و تەنانەت، پیشاندانی شانۆ، كەڵكی لێبگیردرێت.
بۆ خستنەگەڕ و دەسبەکار بوونی سینەماكەی مەریوان، لەبەر ئەوەی لە مەریواندا، کەسی لێوەشاوەو و شارەزای بواری سینەما دەست نەدەکەوت، بە مەبەستی راهێنان، ناچار لە سینەما رەوووفی سنەوە، کەسێکیان بە ناو، ”پەرویز نادری” هێنایە مەریوان، کە پاش فیرکردنی چەند کەسێک لە گەنجانی ئەم شارە و لەوانە محەمەد رەزاقی، بۆ بەشی فەنی،[وەکوو ئەپراتۆر]، گەڕایەوە شارەکەی خوی و دوواتر (ساڵی١٣٤٧ تا ١٣٥١)، محەمەد ئەمینی، پاش ماوەیەک کارکردن، وەکوو کونترۆڵچی و تەنانەت لە گیشەی پسوولە فرۆشتن، لە بەردەستی محەمەدی رەزاقی و بە یارمەتی ناوبراو، فیری ئەپراتۆریی و بەشەکانی دیکەی سینەما بوو. ماوەیەک دوواتر، ( ١٣٤٧ تا ١٣٥١) غوڵام قاسم نژاد، کە هاوکات لە کارگەی قیری گاڕان کاری دەکرد، بە ئێواران لەو سینەمایەدا، دەست بەکار بوو. ئەویش سەرەتا وەکوو کونترۆڵچی و بلیت فرۆش و دوواتر بە یارمەتی حەمەی رەزاقی فیری ئەپراتۆریی سینەما بوو. لەبەر ئەوەی شارەزای هونەری وێنەکێشی و خەتخۆشی بوو؛ بەشێک لە برۆشۆر و بانگەوازی فیلمە نوێکان، بۆ سەر شووشەی سینەما و تەنانەت دەرەوەی سینەماكە، لە لایەن ئەوەوە ئامادە دەکرا. پاش ماوەیەک محەمەد ئەمینی، جگە لە کارکردن لە بەشی ئەپراتۆرییدا، هەندێك جار دەچووە تاران و لەوێ فیلمی دەکڕی و لە ناو سندووقێكی خڕ، کە لە ئاسن ساز کرابوو، هاوردەی مەریوانی دەکردن. فیلمەکان لە ناو ئەو سندووقانەدا و ولەرێگای گاراژەکانی شارەوە، دەگەشتنە سینەما. لەو سەردەمەدا، لەبەر قازانجی كەم و دەست كورتی سینەما، زۆر بەدەگمەن فیلمی نوێ هاوردەی مەریوان دەکرا. وزۆربەی فیلمەکان لە کارکەوتوو، پەرپووت و كات بەسەرچوو بوون. فیلمە پەرپووتەكان بە پارەیەكی كەم، (دە تمەن) لە لایەن، محەمەد ئەمینیەوە، پینە دەكران و دیسان دەخرانەوە گەڕ. هەر لەسەرەتای کرانەوەی ئەم سینەمایەدا، کەسێک بەناوی حەسێن تورک، کە خەڵکی تەبرێز بوو، وەکوو بەڕێوەبەر وبەرپرس، سینەماكەی بەڕێوە دەبرد. سینەما خاوەن بووفەیەکی رێک و پێک بوو کە سەرەتا و بۆ یەکەم جار لە لایەن مەناف سادقییەوە دانراو و دوواتر بە یارمەتی نادعەلی برای، پەرەی پێدرا و جوانتر کرا.
کاریگەریی سینەما و بەرهەڵەستییەکانی نەریتی کۆمەڵگا:
ئەگەرچی هاتنی سینەما بۆ مەریوان، دەگەڕێتەوە بۆ ناەڕاستەكانی، دەییەی چلی هەتاوی. بەڵام بە بەراورد لە گەل رەوتی سەرهەڵدانی هونەری سینەما، لە جیهان و تەنانەت شارە ناوەندییەکانی ئێراندا، زۆر لەپاش بوو. دیسان کاردانەوە و کاریگەرییەکی گەورەی کردە سەر روانگەو و دونیابینی، تاکەکانی ناو گۆمەڵگا بەگشتی و منداڵان و گەنجانی شار بە تایبەتی. کرانەوەی سینەما هەر لە سەرەتاوە دەنگداەوەیەکی زۆری لەێ کەوتەوە و کۆمەڵگای بەسەر دوو توێژ ودوو جەمسەری جیاوازدا، دابەش کرد. بەشی نەریتیی[سوونەتی] کۆمەڵکا، وەکوو نەیار لە بەرانبەریدا راوەستا و توێژیی نوێ و خوێندەوار، هاوتەریب و سەوداسەری بوون. هەرچەند رۆژ بۆ رۆژ، رێژەی رۆشتن بۆ سینەما، لە زیاد بووندا بوو؛ دیسان جگە لە گەنجان و مێر منداڵان، نەیتوانی؛ توێژە نێوەندییەکانی شار و گوند بۆ لای خۆی راکێشێت. جگە لە دانیشتوانی مەریوان، کارمەندانی ناخۆجێی نیشتەجێ ئەم شارە، بە خۆیان و بنەماڵەکانیانەوە و دەرەجەدار وسەربازانی نیشتەجێی پادگان و بەشەکانی دیکەی هێزە چەکدارەکان لە ناوچەکەدا، هاتوچۆی سینەمایان دەکرد. کچان و ژنان زۆر بەدەگمەن، دەڕۆشتە سینەما. ئەو ژمارە كەمەش كە هاتووچۆی سینەمایان دەكرد؛ دەبوو یەكێك لە ئەندامانی، نێرینەی بنەماڵەکانیان لە گەل بوایەت. لە سەرەتاوە، جگە لە بنەماڵە ناخۆجێییەکان، ژمارەیەكی زۆر كەم، بە خێزانی، دەڕۆشتنە سینەما. خەلك بەزۆری ئەو کارەیان بە عەیبە و سووکەسەریی دەزانی و تەنانەت تا بۆشیان بكراێەت، رێگر دەبوون، لە رۆشتنی منداڵەکانیان بۆ سینەما. بەشی نەرییتی(سوننەتی) کۆمەڵگا، لە رێگای خوتبەکانی نوێژی هەینییەوە، بە ئاشکرا و بە نهێنی سینەمایان بە ماکەی بڵاو کردنەوەی گەندەڵی و بێ دینی دەزانی و رەخنەیان لەو هونەرە نوێیە دەگرت. سینەمای مەریوان لەرێگای بڵندگۆیەكەوە کە لەدەرەوە دامەزرابوو، دەنگی فیلمەکانی بڵاو دەکردەوە. ئەم کارە جۆرێک پڕوپاگاندە بوو، بۆ بەشداریی زیاتری خەڵک و رۆشتنیان بۆ سینەما. بەڵام ئەم کارە هەندێ لە مەلاکانی ناوشاری تووڕە کرد و توانییان، دەنگی بڵندگۆکەی دەرەوە کپ بکەن.
ئەو فیلمانەی کە دەهێنرانە مەریوان:
فیلمەکان بەزۆری بەرهەمی ناوخۆیی ئێران بوون. و رەنگدانەوەی ئەو کاتی سینەمای ئێران بوو. قارەمانی چیرۆکی ناو فیلمەکان، كەسێكی بەتوانا، ساکار وخاكی بوو. ئەكتەرەكان بەسەر دووبەرەی خێر و شڕ و مەرد و نامەرددا دابەش دەبوون. فیلمەكان لە ئاكامدا، زیاتر شەڕی لێدەکەوتەوە و شەڕەکانیش، بەسەرکەوتنی بەرەی خێر و قارەمانییەتی مەرد، کۆتایی پێدەهات. كەنجان ومنداڵان لە كاتی سەرکەوتنی كەسایەتی مەردی ناو فیلمەكان، خۆشحاڵ دەبوون. لەو کاتانەدا، فیكەیان دەكێشا و چەپڵەیان لێدەدا. پێش دەسپێکی فیلمەکان، سەرەتا کورتە فیلمێک لە سەفەری شا بۆ شوێنێک، یان رێوڕەسمێكی حكوومەتی نیشان دەدرا و پاشان وەك بانگەشە، بەشگەلێکی هەستیار لە فیلمەکانی داهاتوو بڵاودەبووەوە. کە پێیا دەگوت؛ پێش پەردە.
هێڕش بۆ سەر سینەما:
سینەمای مەریوان لە کۆتاییەکانی پاییزی ساڵی ١٣٥٦هەتاوی، کەوتە بەر هێڕشی کۆمەڵێک لە گەنجانی نەیاری رژیمی پاشایەتی و زۆربەی شووشەکانی شکێنرا. هاوکات لەگەل هێڕش کردنە سەر سینەما، شووشەی ئیدارەی موخابرات، بانکی سادرات، بانکی میلـلی و چەند شوێنێکی دیکەش تێشكێنرا. ئەم گەنجانە کە زیاتر لە ژێر هژموونی سازمانی چریکە فیداییەکاندا بوون، سینەمایان بە دەزگایەکی پڕوپاگەندەی رژیمی پێشوو دەزانی.(٧)
ئاکامی کۆتایی سینەمای مەریوان:
سینەمای مەریوان تا سەرەتای شۆڕش و کۆتایی دەسەڵاتی پاشایەتی بەو شێوەیە ئیدارە دەکرا. پاش شۆڕش و هەتا سەقامگیربوونی کۆماری ئیسلامی، بە نیوەچڵی درێژەی بە کاری خۆیدا و تەنانەت، رێكخراوی لاوانی حیزبی دیموکراتی كوردستانی ئێران، كە لە ژێر هیژموونی حیزبی توودەدا بوو؛ ژیاننامەی لنیین و شۆڕشی کریکارانی سۆڤیەتی بڵاو كردەوە! سینەمای مەریوان هەر لەو سەردەمەدا کە هێزە سیاسییەکان، دەسەڵاتی ناوچەکەیان بەدەستەوە بوو، جگە لە حیزبی دیموکرات، لایان بەلای سینەمادا نەکردەوە و هەوڵیان نەدا، فیلمی تێدا بڵاو بکەنەوە. پاش سەقامگیر بوونی کۆماری ئیسلامی لە کوردستاندا، سپای پاسداران دەستی بەسەر سینەمادا گرت و داگیری کرد. ناوی سینەماکەی گۆڕی و لە سینەما ئێرانەوە، کردیە سینەما لالە. سپای پاسداران، وەكوو میراتگر و بەڕێوەبەری نوێ، دەستی کرد بە بڵاوکردنەوەی فیلمە دڵخوازەکانی خۆی. و تیمێکی نوێی، ”کە بەشێکیان پێش شۆڕش، لە سینەمادا کاریان کردبوو؛ لێ دامەزراند. كە دەكرێ ئاماژە بەم ناوانە بكرێت; سەیید جەلال مینویی، تۆفێق عەبدی، خولە دۆم، مەنسوور ئەخگەر و … هەتد
شەڕی ئێران و عێراق وسیاسەتە چەوتەکانی کۆماری ئیسلامی لە لاێەكەوەو شارەزا نەبوونی بەڕێوەبەرە نوێكان لە لایەکی دیکەوە، سینەماكەیان بە تەواوی بەرەو وێرانی برد و لە ئاكامدا دەركەكەی بەتەواوی داخرا. پاش کۆتایی شەڕ(١٣٦٧)، سپای پاسداران جارێکی دیکە، سینەمای مەریوانی نۆژەن كردەوە. بەشێکی لێ دابڕی و کردی بە بانکی ئەنسار و لەو بانکەدا، مووچەی بەکرێگیراوانی خۆی دابەش دەکرد. ئەو رەوتە زۆری نەخایاند و سینەما، جارێکی دیکەو ئەم جارە بەتەوای داخرا و موڵكەكەیان، بۆ فرۆش خستە مەزایدە و هەڕاجیان کرد. سێ کەس لە دەوڵەمەندەکانی شار، لە گەل سپای پاسداراندا کەوتنە سەودا و مامەڵە کردن. ئەم سێ کەسە، جگە لە سپای پاسداران، دوو برا خاوەن موڵکەکەشیان،[موختار خان و براکەی] لە وڵاتی ئەمریکا دۆزییەوە و لەگەلیان رێکەوتن.[بە وتەی خۆیان]. ئەو سێ کەسە بریتین لە:[١. عوسمان مەحموودنیا، ناسراو بە عوسە وەیسەیی، ٢. فازڵ سەنندجی، ٣. جەلال ئازەری]. کڕیارەکان بە نیاز بوون لە جێگای سینەماکەدا، پاساژێکی مودێڕن بکەنەوە! بۆ ئەو کارە، دەبوو؛ پێناسەی سینەما، وەکوو ناوەندێکی فەرهەنگی بگۆڕن بە ناوەندێکی بازرگانی. بە پێی یاسای پێناسەی شوێنە فەرهەنگییەکان، گۆڕینی شوێنێکی فەرهەنگی، بۆ شوێنێکی بازرگانی و توجاری، ئەگەر موڵکەکەی دەوڵەتی بێ، ئەوا بە هیچ شێوەیەک رێگا پێدراو نییە.(٨) بەڵام ئەگەر شوێنەکە لە سەر دەوڵەت تاپۆ نەبێت؛ تەنیا بە مەرجێک رێگا پێدراوە، کە لە لایەن خاوەن موڵک یان خاوەن موڵکەکانەوە، هەر لەو شوێنەدا، هۆڵێک بکرێتەوە، کە بە ئەندازەی ژمارەی کورسیەکانی شوێنە کۆنەکە، جێگای بۆ دانیشتن هەبێ.(٩) هەر بەم هۆیەوە، کڕیاران پاش کردنەوەی پاساژەکەیان، لە قاتی سەرەودا، هۆڵێکیان سازکرد کە، ٣٠٦ شوێنی دانیشتن لە خۆ دەگرێت. ئەمە جگە لە شوێنێکی ٣٠ کەسی لە باڵکۆنی سینەماکەدایە. سینەمای مەریوان، کە ساڵی ١٣٤٦هەتاویدا، [لە ژێر ناوی سینەما ئێران و لە پانتایی زەوییەکی بەریندا کرابووەوە]، ئێستا لە سەر زەوییەکەی خۆی و[لە ژێر ناوی سینەما کوردستان]، لە باڵاخانەی پاساژێکی لۆکسدا، بەردەوام چاوی بڕیوەتە داهاتوو.بەم شێوەیە، ئەگەرچی بینا کۆن و مێژووییەکەی سینەما تێکدرا، بەڵام شوێنەکەی بەتەواوی کوێر نەکرایەوە. بەپێ گرێبەستی ناوخۆیی هەرسێ شەریکەکە، کاری بەڕێوەبەریی سینەما نوێکە، کەوتە ئەستۆی عوسمان مەحموودنیا و ئەویش بەڕێوەبەریی و خستنەگەڕی سینەماکەی، بە عەبدوولی برای سپارد. عەبدوول مەحموودنیا لە کارەکانیدا سەرکەوتوو نەبوو و دەرکەی سینەما نوێکە داخرا. لە ئاکامدا لە ئاڵوگۆڕی ناوخۆیی دا، شەش دانگی سینەما بۆ هەمیشە، بە جەلال ئازەری بڕا و ناوبراویش؛ لە ساڵی ١٣٩٢ بەدواوە، ئەرکی بەڕێوەبەری سینەمای سپاردە، فاتێح بادپەروا، کە بۆ خۆی، کەسایەتییەکی فەرهەنگیێە و ساڵانێکی درێژە لە بواری شانۆدا کار دەکات. سینەما کوردستان، یەکێک لەو دەگمەن سینەمایانەی کوردستانە، کە سەرەڕای هەموو گیروگرفتەکانی سەر رێگای سەنعەتی سینەما، بێ وچان خەریکی کار و تێکۆشنە و لەپێ نەکەوتووە.(تەواو)
پێڕست:
—----------------
١- بۆ نووسینی ئەم لێکۆڵێنەوەیە، پرسیار لە کەسانی شارەزا، بەتایبەت کەسانێک کە یان بۆ خۆیان، بەشێک بوون لە کادری فەنی سینەما، یان رووداوەکانی ئەو سەردەمەیان لە بیر بووە. کە پڕ بە دڵ سپاسیان دەکەین.
٢- ئاوڕێک لە رابردووی مەریوان/ ئەنوەر رەوشەن/ لاپەڕەی ١٧٥.
٣- هەمان سەرچاوە.
٤- هەمان سەرچاوە.
٥- نادر زەراری، کە بۆ خۆی لەو سەردەمدا هاتوچۆی ئەو سینەمایانەی کردووە و راستەوخۆ، ئاماژ بە هەردوو سینەماکە دەکات و دەڵێت: "سینەماکەی پشتی دیژبانی، لە لایەن ئەرتەشەوە دایەر کرابوو و هەر ئەوان بەڕێوەیان دەبرد." محەمەد ئەمینی کە ساڵێک پاش کردنەوەی بینای سینەما ئێران، لەو سینەمایەدا کاری کردووە دەڵێت:" ئەو جۆرە سینەما گەڕۆکانە، پاش کردنەوەی سینەما ئێران، بۆ چەند ساڵێک، لە فەزایەکی، کراوە و ئاواڵادا، فیلمیان بڵاو دەکردەوە.، ئەوان تەنانەت فیلمەکانیشیان، هەر لەو سینەما ئێران بەکرێ دەگرت. محەمەد ئەمینی لە درێژەدا دەڵێت؛" کەسێک بەناوی جەواد مردی، بەڕێوەبەری ئەو سینەمایە بوو کە لە پشت دیژبان، ساز کرابوو." نرخی چوونە ژوورەوە، پێنج قەران بووە. بەزۆری گەنجان و مێرمنداڵان تامەزرۆی بەشداریی لەم سینەمایانەدا بو.
٦- رەنگە رێژەی کورسییەکان، زیاتر لەوە بووبێت.
٧- پێش شۆڕشی ١٣٥٧ دوو تیمی تەشکیلاتی، بە نهێنی لە راستای سازمانی چریکە فیدائیەکانی گەلدا تێدەکۆشان. بەپرسی یەکێک لەو تیمانە، ئەبووی کەریمی بوو.[عبدالرضا کریمی]. بۆ جێبەجێ کردنی ئەرکەکەنی ئەو شەوە، بە سینەمای مەریوانیشەوە، ئەم کەسانە بەشدار بوون: ناسر سەلیمی، مەجید سەلیمی، (ع - پ)، (م - ک)، (ع - ک) و …
٨- [سینەمای مەریوان پاش سەقامگیربوونی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان، دەستی بەسەردا گیرا و وەکوو موڵکێکی داگیر کراو، (مصادرە)، بوو بە بەشێک لە موڵکەکانی دەوڵەت و رەنگە رۆشتبێتە ناو، داراییەکانی ئەم سێ شوێنە: ١. بونیادی موستەعزەفان. ٢. بونیادی شەهید. ٣.حەسێب سەدی ئیمام!. لە ئاوا هەلوومەرجێک دا، چۆن توانراوە ئەو موڵکە، کە لە سەر دەوڵەت تاپۆ بووە، بفرۆشرێت بە کەسانێکی دیکە و لە ناوەندێکی فەرهەنگییەوە بکرێتە پاساژ و چۆن توانیویانە ئەو خاڵە بنەڕەتییە دەور لێدەنەوە.!؟]
٩- بە مەبەستی گۆڕینی سینەما مەریوان بە پاساژ لەم خاڵانەی خوارەوە، کەڵک وەرگیراوە.
ماده ۱۶۱: در صورتی که مکان یا بنایی با کاربری فرهنگی مانند سینما تغییر کاربری داده شود، مالک یا متقاضی موظف است حداقل یک سینمای جایگزین در همان منطقه بسازد یا تأمین کند. در غیر این صورت، تغییر کاربری امکانپذیر نیست.
د) در موارد بازسازی سینماها و مجتمعهای فرهنگی و یا ساخت سینماهای جدید و تالارهای نمایش شهرداریها موظفند بدون اخذ هر نوع عوارض و دریافت هزینه، پروانه ساخت صادر و در صورت هماهنگی با طرحهای جامع شهری حداکثر معادل زیر بنای سالنهای نمایش، مجوز ساخت تجاری و خدماتی صادر کنند. سینماها و مجتمعهای فرهنگی که با استفاده از این امتیازات ساخته میشود تا بیست و پنج (۲۵) سال پس از بهرهبرداری مجاز به تغییر کاربری نیستند.
