کورتە چیرۆک(یاغی)

  یاغـــــــــــی

محەمەد رەزا نەجەفی

و/ ئەرسەلان عەزیزی

٢/ی ئۆكتۆبری ٢٠٢٣



پیاوەکە پەڕۆی برینەکەی کردەوە؛ پەڕۆکە بە برینە وشکبووەکەوە نووسابوو. لەبەر ئەستێرۆکێک کە کەوتبووە سەر خاکەکە، چاوی لە برینەکەی لادا. بە هێمنی سەری بۆ پێشەوە برد. ڕووناکیی ئەستێرۆکەکە ئەوەندە نەبوو کە بزەی سەر لێوی پیاوەکە لە تاریکیی شەودا دەرکەوێت. بە هێمنی بە گوێی ئەستێرۆکەکەیدا چپاند:

  • ​لەم هەموو ڕووناکییەت ناترسێی؟

​شنەیەک، گۆنا تەڕەکانی پیاوەکەی فێنک کردەوە. دەستێکی بە سمێڵە خورماییە بادراوەکەیدا هێنا. بەبێ ئەوەی قامکی لەسەر پەلاپیتکەی تفەنگەکەی لابەرێت، بە شێنەیی سەری نایە سەر زەوییەکە. ئەوە نۆ مانگ بوو قامکی لەسەر پەلاپیتکەی تفەنگەکەی دوور نەکردبووەوە.

  • ​ئەم شەو خانووەکەی منیش ڕووناک دەبێتەوە.

چاوەکانی توانای خوماریی شەونەخونی ئەو شەوانەی نەمابوو. پەلاپیتکەکەی ترازاند. گولـلەی بڕنەوەکە کەلەقەندی سەر بەیداخەکەی بەرەو ئاسمان فڕێ دا و بارانی دنکە گەشەکانی ئەڵماسەکەی بەسەر چیمەنەکەدا پژاند. نەغمەیەک ئاوازێک، بەناو هەناسەیەکی تێکەڵ بە دووکەڵی تریاکی سوڕنا، دەگەیشتە ئاسمان. سووڕنایەک کە هەزاران ساڵ لەوەوپێش، بە دەست و پەنجەی کاوڵییەکی هیندیی تاشرابوو. و ژنێکی مەست، بە لەش و لارێکی داپۆشراو بە کراسێکی، زەردی مەیلەو قاوەییی تەنک، لەنێوان دووکەڵی تێکەڵ بە شەهوەتی سەر سندانەکانی ناو پەرستگەییەکی هیندیدا، بە بەزمی هەموو گۆرانییەک سەمای کردبوو. بەو قژە درێژانەیەوە کە لەگەڵ خۆبادانە بێ‌پسانەوەکانیدا، قامچییەکی لەسەر سینگ و مەمکەکانی دەدا؛ پاش سەما و خۆبادانەکانی، لە هەر مارێکی کاوڵییەک، نەغمەی قوربانییەک ساز کرابوو. کیژەکان، بە جلوبەرگە هەمەڕەنگەکانیانەوە، کە داوێنەکانیان لە چیمەنەکانی سەر کوێستان ڕوابوو، بە دەستماڵە دەستکردە حەوت ڕەنگەکان، بە دەوری کڵپەی ئاگرێکدا هەڵدەپەڕین. نەشئەی گۆرانیبێژەکە، لەناو هەموو کچانی تازەپێگەیشتوو، تەنیا یەکیانی هێشتبووەوە و ئەوانی دیکەی لەپێ خستبوو. کیژۆڵەیەک کە هەموو لەشولاری خۆی لەناو کراسێکی زەردی مەیلەو قاوەییدا حەشار دابوو، هەتا لە شەوێکی ئەنگوستەچاو دا، لەشولاری بە پیاوێکی ناو خێڵەکەیان بسپێرێ. بووکەکە، ڕواڵەتی خۆی لەژێر دەستماڵە هیندییە حەوت ڕەنگەکەدا شاردبووەوە. لەنێوان دووکەڵی قانگ و هاوەندا تێپەڕی و گەیشتە بەر لووتی ئەسپەکە. لە تاو شەرمدا، دەستێکی بە سمێڵە خورماییەکەیدا هێنا و هەوساری ئەسپەکەی گوشی. بووکەکە، پێی لە ئاوزەنگی ئەسپەکە گیر کرد، ئەو پێیەی سەردەمێ بە سەمای سووڕنایی لەسەر پانتایی دەشت هەڵپەڕیبوو. بە خۆبادانێک سواری ئەسپەکە بوو و لەژێر سپییەتی تاراکەیەوە، داوێنی زەردی مەیلەو قاوەیی کراسەکەی دەرکەوت. پیاوەکە بڕنەوەکەی بەرز کردەوە؛ بووکەخان پەلاپیتکەکەی چرکاند و دەنگی بڕنەوەکە لەناو شاخەکەدا نرکاندی.

​پیاوەکە بە ترسەوە چاوەکانی کردەوە، هێشتا قامکی لەسەر پەلاپیتکەکە بوو. سەری جووڵاند هەتا ئەستێرۆکەکە ببینێ، بەڵام ئەستێرۆکەکە لە قووڵایی تاریکییەکەدا کوژابووەوە. دەستێکی بەسەر برینە کۆنەکەدا هێنا و پەڕۆی برینەکەی بەستەوە. چاوێکی بە قووڵایی تاریکییەکەدا گێڕا؛ نۆ مانگ بوو دیلی ئەو شاخانە بوو. لەو شەوە ساردەی کە بە بیستنی دەنگی ماشێنی سەربازەکان، بووکەکەی لەناو بۆنی هێل و مێخەکی هەڵواسراوی سەروگەردەنی بەجێ هێشتبوو و لە پشت خێوەتەکانەوە هەڵاتبوو. تا هەشت مانگ لەوەوپێش، هەموو شەوێک بووکی دووگیان، لەناو قووڵایی هەر دۆڵێکدا و دوور لە چاوی پیاوەکانی حکوومەت، میوانی نان و ماچێکی گەرمی کردبوو. بەڵام لەم یەک مانگەی دواییدا، وادەی ژنەکە لەگەڵ تاریکیی خێوەت و ئازاری منداڵەکەی ناو سکی بوو، و وادەی پیاوەکەش لەگەڵ شەوەزەنگی قووڵی ناو شاخ و گولـلەی پیاوەکانی حکوومەتدا بوو.

​هەستایە سەر پێ و شەلەشەل لە نشێوی شاخەکەوە بەر بووەوە؛ چرای ڕێگاکەی، ڕووناکی خەیاڵی کۆرپەکەی بوو. ئازار هەموو گیانی تەنیبوو. لەژێر تاقی دووکەڵگرتووی خێوەتە سپییەکەدا، کە لە زیارتگایەکی هیندی دەچوو، پێچی لەخۆی دا؛ دەتگوت هەڵدەپەڕێ، وەکوو کیژێک کە ماری سازێکی لوولییەک گەستبێتی. خێوەتەکە لە ئابڵۆقەی ئەمنییەکاندا بوو. لە کەسەکانی ناو خێڵ، کەسیان جەربەزەی خۆنزیککردنەوەیان بە خێوەتەکە نەبوو. لە تاو ئازاردا بە دەستێک داوێنی کراسە زەردە مەیلەو قاوەیییەکەی و بە دەستەکەی دیکە قۆناغە بەستراوەکەی خێوەتەکەی دەگوشی. بڕنەوەکەی نایە سەر زەوی و بە سەختی قاچەکانی بەسەر زەوییەکەدا کێشا. لەناو ڕەشایی ئەو تاریکییە مردووەدا، هاواری ژنەکەی بیست. وازی لە بڕنەوەکە هێنا هەتا گۆنای تەڕی ژنەکەی بسڕێت. قاچە بریندارەکەی هێزی ئەو کارەی نەبوو، هەموو گیانی داهێزا. لە تاو ئازاردا چنگی بە چیچکەکانی دەوروبەردا کرد.

​دەماری دەستەکانی ئاوسان. بنمیچی خێوەتەکە لەبەر چاوی وەردەسووڕا. قاچی ساواکە هاتە دەرێ. بە نرکە هەستایەوە و هێرشی کردە سەر خێوەتە سپییەکە. بە دەستە ماندووەکانی گوریسی خێوەتەکەی گرت، بەڵام لەگەڵ دەنگی تەقەی سەربازەکان، تەنافی خێوەتەکە لە دەستی پیاوەکە بەر بوو و چیچکەکانی ناودەستی لە ئاسماندا بڵاو بوونەوە. هەموو گیانی سارد ببووەوە، قایشی قۆناغەکە لە دەستە چیاوەکانی ژنەکە بەر بوو و دەنگی گریانی ساواکە، وەکوو دەنگی سووڕنایەک، بەرەو ئاسمان ڕۆیشت.


تعداد بازدیدکنندگان