"داستان کوتاە"


 "کلووچەی کرماشان"

نووسەر: ئەرسەلان عەزیزی



کاتێک لە پەیژەی ماڵە دوو نهۆمییەکەی (ج) دەهاتمە خوارێ، دایکی جووتێک دەستکێشی پێ دام و وتی: "ئاگات لەخۆت بێ کوڕەکەم، پاش ئەم بەفرە زۆرە دنیا دەڕچێ (دەیبەستێ)." لەبەر دەرکەکەدا، بەستە کلووچەکانم نایە سەر زەوییەکە و دەستکێشەکانم لەدەست کرد. دەستکێشەکان لە خوری بوون؛ کاتێک کردمە دەستم، سییەکانم پڕ بوون لە بۆنی خوریی تازە. کلووچەکانم هەڵگرت، ماڵئاواییم کرد و لە دەرکە ترازام. درێژەی چیرۆک»

بەفرێکی زۆر باریبوو. ئۆتۆمبێلەکانی شارەوانی ناوەڕاستی شەقامە سەرەکییەکانیان خاوێن کردبووەوە. بەفر بۆ هەردوو لای جادە و شەقامەکان هەڵدرابووەوە. چڵوپۆپی درەختەکان لەژێر باری بەفردا نەوی ببوو. خەڵک بە زەحمەت لە هاتووچۆدا بوون. تەکسییەک تێپەڕی، دەستم بۆ بەرز کردەوە بەڵام ڕانەوەستا. شووشەکانی تەم گرتبووی؛ دیار نەبوو جێگەی بەتاڵی نەبوو یان هەر منی نەدی؟

پاش کەمێکی تر، تەکسییەکی دیکە هات. لەبەر سەهۆڵبەندانی جادەکە، زۆر بە هێمنی ڕێی دەبڕی. شۆفێرەکەی بە زەحمەت توانی ڕایبگرێت. تەکسییەکە بەتاڵ بوو، لە پێشەوە سوار بووم. شۆفێرەکە چاوێکی لێ کردم، کەمێک سەرنجی خستە سەر دەستکێش و پاکەتە کلووچەکان و پاشان وتی: "بۆ کوێ دەچی؟" وتم: "ترمیناڵی مەریوان." ناو ئۆتۆمبێلەکە گەرم بوو. بۆنی خوریی دەستکێشەکانم هەناسەی شۆفێرەکەی پڕ کرد و پژمی. شار لەژێر تاراێکی سپیدا ڕاکشابوو. ئۆتۆمبێلەکە بە زەحمەت لێژایی جادەکەی دەبڕی. شۆفێرەکە وتی: "ئەو دەستکێشانە لابە، بۆنی خوری خنکاندینی.

دەستکێشەکانم داکەند. کاتێک لەسەر یەکم دادەنان، نەخش و نیگاری سەر ڕوویان سەرنجی ڕاکێشام. لەسەر هەریەکێکیان، گوڵێک نەخشێنرابوو کە ڕەگەکەی بۆ ناو پەنجەکان دەکشایەوە. دەستکێشەکانم نایە پاڵ کلووچەکان. شۆفێرەکە وتی: "دڵدارەکەت بۆی چنیوی؟" هیچم نەوت. وتی: "پیاو نابێ شەرمن بێ." وتم: "شەرمن نیم." وتی: "ئیدی زۆر بە سەرنجەوە هەڵتگرتن!" ئۆتۆمبێلەکە لە قەراغی ترمیناڵەکە ڕاوەستا، کرێکەم دایێ و دابەزیم.

بە هێمنی بەرەو ناو گەراجەکە کەوتمە ڕێ. بەفرێکی زۆر هەڵدرابووە. خەڵکێکی زۆر لە دەوری تەنکەیەک کۆببووەوە کە گڕی ئاگر لە ناوییەوە بەرز دەبووەوە. هەوا لێڵ و مژاوی بوو، ئەوەش ڕەنگی ئێوارەکەی تاڵتر کردبوو. هێشتا نەگەیشتبوومە لای ئاگرەکە، کەسێک بە ناو بانگی کردم؛ دەنگەکەم ناسییەوە، "عارف"ی دراوسێمان بوو. ترس گەمارۆی دام. هەرچەندە ئەو کاتە چەکی پێ نەبوو یان من نەمدی، بەڵام چەکداری دەوڵەت بوو و لەگەڵ بنەماڵەی ئێمەش نێوانیان زۆر خراپ بوو. وتی: "لێرە چی دەکەی؟" وتم: "چاوەڕێی ئۆتۆمبێلم، دەمەوێت بگەڕێمەوە." سەرنجێکی خۆم و کلووچەکانی دەستمی دا و وتی: "دەتوانی مەنسوور لەگەڵ خۆت ببەیتەوە؟" مەبەستی مەنسووری کوڕی بوو کە چەند ساڵێک لە من منداڵتر بوو. وتم: "پێم وانییە ئۆتۆمبێل دەربچێت." چوو بۆ ناو گەراجەکە و زۆری پێ نەچوو گەڕایەوە. وتی: "لەگەڵم وەرە، من ئێستا دەتاننێرمەوە."

پەیکانێکی سپی پێ بوو، لەو بەری جادەکە ڕایگرتبوو. بەناچاری دوای کەوتم. نەمدەزانی چۆن دەیەوێت بماننێرێتەوە. هەستێکی ناخۆشم هەبوو بەڵام چارم نەبوو. خۆی سوار بوو، منیش دەرگای پێشەوەم کردەوە کە سوار بم، بەڵام مەنسوورم بینی لەوێ دانیشتبوو. نیگایەکمان گۆڕییەوە و من لە پشتەوە سوار بووم. مەنسوور قەڵەو و تا ڕادەیەک گۆشتن بوو؛ من تازە خەتم دابوو، بەڵام ئەو ڕوخساری منداڵانەی هەبوو، هەرچەندە هەوڵی دەدا وا دەربکەوێت کە پیاوە. کلووچەکانم لە تەنیشت خۆم لەسەر کورسییەکە دانا. ئۆتۆمبێلەکە بەرەو جادەی مەریوان کەوتە ڕێ. لەو شوێنەی کە دەبوو بڕیار بدات بەرەو کوێ دەچێت، سوکانەکەی بەرەو لای سەربازگەی سنە (پادگان) لادا. تا بەردەم دەرگای سەربازگەکە تەنیا چەند سەد مەترێک مابوو. لەوێ ڕاوەستا و شووشەکەی هێنایە خوارەوە. ئێشکچییەکە ناسییەوە و ڕێگەکەی بۆ کردەوە. ئاگام لە پاکەتی کلووچەکان بوو نەکەون.

ئۆتۆمبێلەکە بە لای ڕاستدا سووڕایەوە و بە شەقامێکدا چوو تا گەیشتە بەردەم خانوویەکی کۆنکرێتی. لەوێ ڕاوەستا و دواتر دیسان گەڕایەوە شوێنی پێشووی. شووشەکەی هێنایە خوارەوە و لە سەربازێکی پرسی: "کاروانەکە چی لێ هات؟" سەربازەکە وتی: "چارەکێک دەبێت ڕۆیشتووە." پرسی: "هەموویان ڕۆیشتن؟" سەربازەکە وتی: "تەنیا دۆشکایەک ماوە" و بە دەست ئاماژەی بۆ دواوە کرد و وتی: "ئەوا هات."

عارف دابەزی و لەگەڵ شۆفێری ئەو ئۆتۆمبێلەی دۆشکاکەی لەسەر بوو کەوتە قسە. ئێستا من لەناو سەربازگەی سنەدام و نەمدەزانی دەبێ چی بکەم. پاش ماوەیەکی کورت، عارف بە پەلە گەڕایەوە و وتی خێرا دابەزن. ئێمە دابەزین. بە دەنگەدەنگ داوایان لێ کردین لە پشتەوەی ئەو تۆیۆتایە سوار بین کە پڕ بوو لە سندووقی فیشەک؛ کەسێکیش کە دەموچاوی بەستبوو، هەردوو دەستی لە حەڵقەی دۆشکاکە توند کردبوو. مەنسوور سەرکەوت، بەڵام من دەستم کرد بە منەمن و نەمدەویست سوار بم. عارف وتی: "ئێستا دەگەن بە کاروانەکە و لەوێ سواری پاسەکە دەبن."

عارف کلووچەکانی لێ وەرگرتم و دایە دەستی مەنسوور. چاوێکم لە کلووچەکان کرد و بە نابەدڵیی ناچار بووم سەرکەوم. من و مەنسوور لەسەر سندووقە فیشەکەکان و لەژێر سێبەری دۆشکاکەدا، پاڵمان بە نەردەکانی پشت شووشەی ئۆتۆمبێلەکەوە دا. ئۆتۆمبێلەکە لە دەرگای سەربازگە ترازاو وەک فیشەک دوور کەوتەوە؛ دیوارێک لە قوڕ و لم و بارانی بەدوای خۆیدا ڕاکێشا. کلووچەکانم لە مەنسوور وەرگرتەوە و لەنێوان هەردوو قاچمدا جێگیرم کرد و هەوڵم دا لە ڕێگەی حەڵقەی سندووقە فیشەکەکانەوە ڕێگری لە کەوتنی خۆم بگرم؛ بە مەنسووریشم وت دەست بە حەڵقەکانەوە بگرێت. هەوا سارد بوو، با بەفرەکانی قەراغ ڕێگاکەی لوول دەدا و بەسەروچاوی ئێمەیدا دەپژاند. هیچ وێنەیەکم لەو کاروانە نەبوو کە دەبوو پێی بگەین و ئێمە لەگەڵ خۆی ببات؛ تەنیا ئەوە نەبێت کە پیاوەکانی حکوومەت لەو ساڵانەدا، لەبەر کەمینی پێشمەرگە، نەیاندەوێرا بەبێ کاروان لە شارێکەوە بۆ شارێکی دیکە گەشت بکەن. پاش و پێشی کاروانەکان بە دۆشکا و هێزی چەکدار دەپارێزرا. ئەو کاروانەی کە بڕیار بوو ئێمە بگەیەنێت، هەمان کاروان بوو کە دەبوو بەم دۆشکایەی ئێمە بپارێزرێت. ماشێنەکە بە خێرایی بەرەو پێش رێکای دەبڕی. ئێمە لە ترس و سەرما هەڵدەلەرزین. ترسی من و مەنسوور وەک یەک نەبوو. من دەترسام ئەگەر بێتوو بەرکەوین و لەم سەفەرەدا بەڵایێکم بەسەر بێت، بنەماڵەکەم چۆن لەژێر بار شەرمەزاری بێنەدەرێ کە کوڕەکەیان، لەگەل کوڕە جاشێکدا و لە ناو ماشێنی پاسداراندا و بە گولـلەی پێشمەرگە کوژراوە. بەڵام مەنسوور تەنیا لە سەرمان هەڵدەلەرزا و دەترسا.

بە بیرم هاتەوە جووتێک دەستکێشی خورییم پێیە. لەناو عەلاگەکە و لە تەنیشت کلووچەکان دەرم هێنان. مەنسوور لە سەرمادا هەڵدەلەرزا و نەیدەتوانی دەست بە حەڵقەکانەوە بگرێت؛ دەستکێشەکانم دایێ و وتم: "لە دەستیان بکە." کاتێک دەستکێشەکانی لەدەست دەکرد، جارێکی دیکە چاوم لەو دوو گوڵە بڕی کە لەسەر ڕووی دەستکێشەکان نەخشێنرابوون. ئۆتۆمبێلەکە بە خێرایی پانتایی دەشتەکەی دەبڕی و تا دەهات هەوا ساردتر و دنیا تاریکتر دەبوو. بۆ ساتێکی کورت بیرم چووەوە لە چ بارودۆخێکدام. لەکاتێکدا دەستم لە حەڵقەکان توند کردبوو، جووتێک لاقی زەبەلاح لەناو پوتینی سەربازیدا، وەک دوو ستوونی ناو خێمە لەسەر سندووقی فیشەکەکان چەقێندرابوون. خەریک بوو لە خوارەوە بۆ سەر تەماشای ئەو جووتە قاچەم دەکرد، کە لەناکاو قرمژنی گوللە بە سەرماندا باری. بۆ ساتێکی کورت هەستم بە کۆتایی کرد؛ بۆنی بارووت، دەنگی تەقینەوەی گوللەکان و بەربوونەوەی پووکە گەرمەکان بەسەر سەروچاوماندا، ناچاری کردین لەناو خۆماندا گڵۆڵە بین.

پووکەیەک بەر لووتم کەوتبوو و ژانی دەکرد. مەنسوور ددانەکانی وێک دەکەوتن، دەلەرزا و هەنسکی دەدا. پێم وت: "من دەمەوێ دابەزم، لەگەڵم دێی؟" مەنسوور زمانی گۆێ نەدەکرد و بە هەزارحاڵ گوتی: "دێم." ئۆتۆمبێلەکە بە خێرایی بە ناو دۆڵێکدا بەرەو "ئارێز" ڕێی دەبڕی. پاش کۆتاییی دەستڕێژەکە، بە دەست لە قاچی سەربازەکەم ڕادەوەشاند. بەبێ ئەوەی سەیرم بکات، بە تووڕەییەوە وتی: "چییە؟" وتم: "ئێمە دادەبەزین." هاواری کرد: "دابەزین نییە!" وتم: "من نامەوێ لەناو ئەم ئۆتۆمبێلەدا بکوژرێم." بەڵام وشەی "بکوژرێم" لەناو دەنگی ڕەگبار و قرمژنی سەرلەنوێی دۆشکاکەدا ون بوو. دیسان ڕێژنەیەک لە پووکە گەرمەکان بەسەر و ڕووماندا پژا. بە توندی دەستم کرد بە کوتانی شووشەی پشتی ئۆتۆمبێلەکە و هاوارم دەکرد: "ڕایگرە، دادەبەزم!" سەربازەکە بە توندی قاچی بەسەر سندووقەکاندا کوتا و گوتی: "مەگەر خوێنی ئێوە لە خوێنی ئێمە سوورترە؟ هەرچیمان بەسەر بێت پێکەوەین!" پاشان سندووقێکی تەنیشتی کردەوە؛ گوللەکانی دۆشکاکە وەک زنجیر پێکەوە هەڵپێکرابوون. ماشێنەکە گەشتبووە سەرەتای بناری ئارێز و لە خێراییەکەی کەم بووبووە. دەرفەتێکی باش بوو بۆ دابەزین. هەستم دەکرد لە دەروازەکانی جەهەندم دام و شەرای ئاگرەکەی خەریکە دەمسووتێنێ. ناودۆڵ و قەراخ جادەکە پڕ بوو لە بەفر. با بەفرەکەی لوولدەدا لە ماشێنەکەی هەڵدەسوویی. سەربازی پشت دۆشکاکە وەکوو هەیکەلە بەفریینێکی لێ هاتبوو. مەنسوور هەڵدەلەرزی و دەگریا. لە نێوان دوو مەرگدا گیرم کردبوو. مردن لە ناو ئەو ماشێنەدا کە لە هەرکات و ناکاتێکدا لە ترسی پێشمەرگە رێژنەیەک گولـلەی دەر دەکرد و یان رەقبوونەوە و بوونە خۆراکی گورگە برسییەکانی ئەو ئێوارە ساردەی بناری شاخی ئارێز.

دەستەکانم گۆیان نەدەکرد و بۆ ساتێک هەستم کرد چیتر ددانەکانم لەسەر یەک داناندرێن. لە قووڵاییی هەناومدا کە تەنیا کەمێک گەرمایی تێدا مابوو، شەڕێکی گەورە لە ئارادا بوو؛ شەڕی بڕیاری یەکلاکەرەوە و کۆتایی. دەستم بۆ عەلاگەی کلووچەکان برد؛ پەنجەکانم وەک داری وشکیان لێ هاتبوو و نەدەچەمایەوە. ئۆتۆمبێلەکە پێچەکانی "ئارێز"ی دەبڕی و بەرەو سەرێ هەڵدەکشا. لەگەڵ بڕینی هەر پێچێک و دەستپێکردنی یەکێکی دیکە، قرمژنی گوللەکانی سەر سەرمان بێدەنگیی ئەو شاخەی دەشکاند و گڕی چەکەکە، ڕوناکییەکی مەیلەو سووری بەو ئێوارە سامناکە دەبەخشی.

ئۆتۆمبێلەکە هەرچی بەرەو سەرتر هەڵدەکشا، ترسی من لە خۆفڕێدان زیاتر دەبوو. دڵنیا بووم خۆفڕێدان بە مانای مەرگ و کۆتاییە، بەڵام لەولاشەوە مانەوەم لەناو ئەو ئۆتۆمبێلەدا، جگە لە ئەگەری کوژران، لە ناوەوە ڕۆحی دەکرۆشتم. چاوێکم لە مەنسوور کرد؛ لە کاتێکدا هەردوو دەستی بە گوێیەکانییەوە گرتبوو، دەگریا. گوڵی سەر دەستکێشەکان بە شەختە داپۆشرابوون. ئۆتۆمبێلەکە هەرچی بەرەو لووتکەی "ئارێز" بەرزتر دەبووەوە، هیوای خۆبەردانەوە و دابەزین مەترسیدارتر و ترسناکتر دەهاتە پێش چاو. بیرم لەوە دەکردەوە ئەگەر لەو بەرزاییەوە خۆم فڕێ بدەم، هیچ هیوایەک بۆ دەربازبوون نامێنێت. هێشتا لەناو گێژاوی بەفر و سەرما و ترس لە ڕەقبوونەوەدا بووم، کە ئۆتۆمبێلەکە خەریکی بڕینی دوایین پێچی جادەکە بوو وتۆزێک دوواتر گەیشتە لووتکەی شاخی ئارێز.

 لەناکاو تیشکێکی هیوا کەوتە دڵمەوە؛ پێشتر هەموو هەفتەیەک بەو ڕێگایەدا هاتووچۆم کردبوو. دەمەزانی مۆڵگەیەکی گەورەی سەربازی، لەسەر جادەکەیە کە کاری پشکنینی ئەو ئۆتۆمبێلانەیە بەوێدا تێپەڕ دەبن. لە چەند شوێنێکدا، بەرزونزمیی جادەکە ڕێگرییان لە خێراییی ئۆتۆمبێلەکان دەکرد. ئەمە دەرفەتێکی باش بوو؛ دەمتوانی لە کاتی خاوبوونەوەی ئۆتۆمبێلەکەدا خۆم فڕێ بدەمە خوارەوە و ڕزگارم بێت. بیرم لەوە دەکردەوە ئایا مەنسووریش لەگەڵم دێت؟ ئەگەر ئەویشم لەگەڵ بێت، ئاسانتر دەمتوانی لە دەست مۆڵگەکە دەربازم بێت. لەناو ئەم بیرکردنەوانەدا بووم کە ئۆتۆمبێلەکە بەتەواوی ڕاوەستا. کاتەکە گونجاو بوو؛ بە مەنسوورم وت: "خێرا بکە، دابەزە!" بەڵام ئەو نەبزووت، زۆر ترسابوو. بە زەحمەت توانیم کلووچەکان بەرز بکەمەوە، بازێکم دا و بەرەو کانتینەرێک کە لە تەنیشت جادەکەدا بوو هەڵهاتم. سەربازەکە هاواری کرد و دوام کەوت. لە تاریکیی هەواکە کەڵکم وەرگرت و چوومە سووچێکی کانتینەرەکە. تانکەرێکی ئاوی لێ بوو، لە پشتی تانکەرەکە خۆم حەشار دا. تانکەرەکە بەفرێکی زۆری لەسەر نیشتبوو. چاوم لێ بوو سەربازەکە بەدوامدا دەگەڕا؛ و گوێم لێ بوو وتی: "لە سەرمادا دەتۆپی، وەرە دەرێ!" پاش ئەوەی لە دۆزینەوەم ناهۆمێد بوو، وتی: "بە دەرەک، با بڕچێی!"

نەبزووتم. لە پشت تانکەرەکەوە گوێم لە خوڕەی ئاو بوو. بە دڵنیاییەوە ئاوی ناو تانکەرەکە بەستبووی؛ ئەی ئەو خوڕەی ئاوە لە کوێوە دەهات؟ بڵێی کانییەک لەم سەرەشاخی ئارێزەدا هەبێت؟ بە خۆم وت: "نابێ ببزووم." هەواکە هەروا سارد بوو، بەڵام پەنای تانکەرەکە کەمێک باگر بوو. دەستەکانم ڕەق ببوونه‌وه‌؛ بیری دەستکێشە خورییەکانی دایکی (ج)م کەوتەوە. بە دەنگی ئۆتۆمبێلەکەدا دیار بوو کە خەریک بوو دوور دەکەوتەوە. لە پشت تانکەرەکە بەرز بوومەوە. کلووچەکانم بە دەستەوە گرت و وردەوردە لە تەنیشت کانتینەرەکەوە بەرەو جادەکە کەوتمە ڕێ. دنیا کپ و بێدەنگ بوو. لەو بەری جادەکە، لە تەنیشت بورجێکی نیگابانی، ئاگرێک لەناو تەنکەیەکدا گڵپەی دەکرد و بەرەو ئاسمان بەرز دەبووەوە. دڵم بۆ تاوی ئاگرەکە دەکوڵا. لەبەر ڕووناکیی ئاگرەکە، جووتێک لاق دیار بوون کە چەکێک لەنێوانیاندا ڕاگیرابوو. جادەکەم بڕی و بەرەو ئاگرەکە کەوتمە ڕێ. سەربازێک لەناو بورجەکەدا بوو کە تەنیا لاقەکانی دیار بوون؛ دیتم خەونووچکە دەدات. داچڵەکی و دەستی بۆ چەکەکەی برد و هەستایە سەر پێ. بە سەرسوڕمانەوە وتی: "لێرە چی دەکەی؟" سڵاوم کرد. بەبێ ئەوەی وەڵامی سڵاوەکەم بداتەوە، دیسان وتی: "لێرە چی دەکەی؟" وتم: "گەشتیارم و ئۆتۆمبێلەکەم بەجێی هێشتووم." بە نەرمی وتم: "دەکرێ دەستەکانم گەرم بکەمەوە؟ چاوێکی پێدا خشاندم و تۆزێک هێور بووەوە.

وتی: "هیچ ئۆتۆمبێلێک لێرەوە تێپەڕ نەبووە، تۆ لە کەیەوە لێرەی؟" وتم: "زۆر نییە؛ ویستم لەو پشتە دەستبەئاو بگەیەنم، تا هاتمەوە ڕۆیشتبوو." چاوی بڕییە عەلاگەی کلووچەکان و پاشان چاوێکی لە خوارەوە بۆ سەر پێدا خشاندم. هەستم کرد بەزەیی پێمدا هاتەوە، وتی: "وەرە خۆت گەرم بکەوە." لەسەر چۆک لە کەنار ئاگرەکە دانیشتم و دەستەکانم کە وەک دار وشک بووبوون، بردە نزیک گڵپەکە. لە ناو بورجەکەدا دوو چڵ داری خستە ناو ئاگرەکە و پاش تۆزێک ئاگرەکە بەرەو سەر کڵپەی سەند. تینی ئاگرەکە لە ڕێگەی دەستەکانمەوە بە هەموو لەشمدا بڵاو بووەوە. لە عەلاگەکە بەستەیەک کلووچەم دەرهێنا، کردمەوە و بۆنی کلووچەکان هەناسەمی پڕ کرد. خوڵقم کرد. سەرەتا نەیدەویست بیخوات، جارێکی دیکە خوڵقم کردەوە؛ کلووچەیەکی هەڵگرت و نایە دەمی. وتی: "زۆر خۆشە، تا ئێستا شتی وام نەخواردووە؛ ئەمە چییە؟" وتم: "کلووچەی کرماشانە، بە رۆنی خۆمانە درووست دەبێ و تایبەتە؛ هەر جارێک گەشت بکەم دەیکڕم، خوشک و براکانم زۆریان پێ خۆشە." دیسان خوڵقم کرد و کلووچەیەکی دیکەشی هەڵگرت. وتم: "زۆرم پێیە، هەڵیگرە." بە تەواوی هێور بووبووەوە، وتی: "نیگەران مەبە، ئەگەر ئۆتۆمبێل هات، پێیان دەڵێم هەڵت بگرن."

شەو باڵی بەسەر ناوچەکەدا کێشابوو. لە دوورەوە چرای گوندەکان زۆر بە کزی چاوەبڕکێیان دەکرد. هیچ ئۆتۆمبێلێک تێنەدەپەڕی. لە دڵی خۆمدا وتم: "ئەی ئەگەر ماوەی ئێشکگریی (نیگابانی) ئەم سەربازە کۆتایی هات و جێگرەکەی کەسێکی مۆن و تووڕە بوو؟ ئەگەر ویستی کلووچەکانم بپشکنێت یان بەرپرسەکەی ئاگادار کردەوە چی؟ تەمێکی قوورس نیشتە سەر دڵم و دایم زیادی دەکرد یەک لە دووای یەک لە ناخمدا پرسیاری بێ وڵام سەریان هەڵدەدا: ئەگەر لێم بەگومان بوون و ویستیان دەستگیرم بکەن و لێکۆڵینەوەم لەگەڵ بکەن و …؟" 

 لەناو ئەم بیرانەدا بووم کە لە مۆڵگەکەوە چەکدارێک هاتە دەرەوە و بەرەو لای ئێمە کەوتە ڕێ. سەربازەکە وتی: "ماوەی من کۆتایی هاتووە، بەڵام نیگەران مەبە، بە هاوڕێکەمت دەسپێرم."

ئاگرەکە نەختێک کز ببوو. سەربازە نوێیەکە گەیشتە لای بورجەکە، سڵاوی لە هاوڕێکەی کرد و چاوێکی بە مندا گێڕا؛ وتی: "ئەمە کێیە؟" سەربازە کۆنەکە وتی: "ئۆتۆمبێلەکەی جێی هێشتووە و بێچارە لێرە ماوەتەوە." سەربازە نوێیەکە جارێکی دیکە چاوێکی پێدا خشاندم. هاوڕێکەی درێژەی پێ دا: "بێچارە، زۆری سەرمای بووە؛ ئەگەر ئۆتۆمبێل هات، بەڵکوو هەوڵ بدەی سواری بکەن." بۆ ساتێکی کورت بەزەییم بە خۆمدا هاتەوە. سەربازە کۆنەکە ماڵئاوایی کرد و بەرەو مۆڵگەکە کەوتە ڕێ. سەربازە نوێیەکە بە دارێک ئاگری ناو تەنەکەکەی تێک دا؛ لە بورجەکەدا چەند چڵەدارێکی هێنا و ئاگرەکە جارێکی دیکە کڵپەی سەند. پاش گەشبوونەوەی ئاگرەکە لێی پرسیم: "خەڵکی کوێی؟" ـ مەریوان. ـ کەواتە لە سنەوە دێی؟ ـ بەڵێ. ـ لە سنە چیت دەکرد؟ ـ لە ماڵی خزممان بووم. ماوەیەک بێدەنگ بوو. هەستم کرد دەیەوێت لەسەرم شتی زیاتر بزانێت؛ لەبەر خۆمەوە وتم: "دەبێ ئاگام لە خۆم بێت." پاکەتە کلووچەکەم دەرهێنا؛ هەندێک لە کلووچەکان ورد ببوون. خوڵقم کرد، وتی: "ناخۆم." وتم: "کلووچەیەکی تایبەت و خۆشە." دەستم زیاتر بردە پێش؛ چاوی تێبڕی و لەنێوان کلووچە شکاوەکاندا هەوڵی دا یەکێکی ساخ دەربهێنێت. کلووچەکەی نایە دەمی و تامی کرد؛ "کۆکەیەکی بۆ کرد و خواردی. وتی: "شتێکی خۆش بوو." وتم: "کلووچەی کرماشانە." وتی: "دیارە تامی خۆشە." دیسان پاکەتەکەم بردە پێشەوە. لەو کاتەدا گوێی تیژ کردەوە و وتی: "دەنگی ئۆتۆمبێل دێت." کلووچەکەی هەڵگرت و لە شوێنەکەی بەرز بووەوە. گڕی ئاگرەکە بەرەو ئاسمان هەڵدەکشا.

دەنگی ئۆتۆمبێلەکە تا دەهات نزیکتر دەبووەوە. سەربازە نوێیەکە وتی: "پەیکانە." وتم: "دیتت؟" وتی: "نا، بە دەنگیدا دیارە." وتم: "بڵێی سوارم بکات؟" وتی: "ئەگەر جێگەی هەبێت، ناچاری دەکەم سوارت بکات؛ ئەگەر جێیشی نەبوو، ئەوا چاری نییە." هەردووکمان بێدەنگ بووین. پاش کەمێک وتی: "بەڵام نیگەران مەبە، ئەمە نەیبردی دانەیەکی تر دێت." پاشان وتی: "هەڵبەت هەندێک جار تا بەرەبەیان یەک ئۆتۆمبێلیش نایەت." لەم قسانەدا بووین کە شەوقی چرای ئۆتۆمبێلەکە لەناو تەمومژ و تاریکیی شەودا ئەو دەوروبەرەی کەمێک ڕووناک کردەوە. سەربازەکە چووە پێشەوە. هەڵم و تەم نەیدەێشت ناوەوەی ئۆتۆمبێلەکە دیار بێت؛ پەیکانێکی سپی بوو. شۆفێرەکە تۆزێک شووشەکەی هێنایە خوارەوە. سەربازەکە سندووقی پشتەوەی کردەوە و پشکنینی و پاشان بەستیەوە. چوو بۆ لای شۆفێرەکە و لە شووشەکەوە چاوێکی بە ناو ئۆتۆمبێلەکەدا گێڕا، پاشان وتی: "بۆ کوێ دەڕۆی؟" شۆفێرەکە وتی: "مەریوان." سەربازەکە وتی: "ئەم کابرایە لێرە ماوەتەوە و بەرەو مەریوان دەچێت، لەگەڵ خۆت بیبە." دەموچاوی شۆفێرەکە دیار نەبوو، وتی: "کەس سوار ناکەم." سەربازەکە وتی: "هەژارە و لێرە جێماوە، خێرت دەگات." شۆفێرەکە وتی: "من سەرنشین هەڵناگرم و کەس سوار ناکەم." تۆنی دەنگەکەی ئاشنا بوو. ویستی شووشەکە هەڵباتەوە، من چوومە پێشەوە؛ ناسیمەوە، وتم: "کاک عەبدوڵڵا!" ئاوڕێکی دایەوە و وتی: "گاشێت! تۆ لێرە چی دەکەی؟"


تعداد بازدیدکنندگان