«شیکاریی و خەسارناسی»


«بناغە هزرییەکانی بکارهێنانی چەمکی تیرۆر»

«بەشی دووەم و کۆتایی»

نووسەر: ئەرسەلان عەزیزی

بەپێی پێناسەیەک کە لەلایەن هەردوو لێکۆڵەری ئەم بوارە، واتە؛ هێنری هێس(Henner Hess)و زێباستیان شێڕەر(sebastian scheerer)، خراوەتەڕوو، تیرۆر بریتییە لە:" زنجیرە کردارێکی سیستماتیک، بە مەبەستی توندوتیژیی ڕاستەوخۆ و جەستەیی، کە  هەڵبژێردراو و پێشبینینەکراون و بە ئامانجی کاریگەریی دەروونی، جگە لە قوربانییە سەرەکییەکان، بە مەبەستی تۆقاندنی قوربانیانی دیکەش، دەخرێتە گەڕ و وەک، بەشێک لە ستراتیژی سیاسی، کەڵکی لێ وەردەگیرێت. شێڕەر و هێس، جگە لە زەقکردنەوەی پێناسەکانی"تیرۆری دەوڵەتی" بە ڕوونی دووپاتی دەکەنەوە، کە ئەم چەشنە کردارە،  لە کرداری "یاخیبوانی چینەکانی خوارەوە"، بەتەواوی جیاوازە.](١) 

لە سەروبەندی شۆڕشی فەرەنسە(١٧٨٩)دا، کاتێک بیرمەندانی بزوتنەوەی رووناکبیریی دەستیان دایە ڕاپەڕین، دەسەڵاتی پاشایەتییان بەوە تۆمەتبار دەکرد؛ کە بۆ لە ناوبردنی شۆڕشەکەیان، کەڵک لە فەوجێکی پۆشتەی تیرۆریستی(par la terreur) وەردەگرێت. هەروەها لە ساڵی ١٧٦٩دا، وڵتر، فیلسۆفی فەڕانسی، ئەشکەنجەدانی گشتی کە لەلایەن دەوڵەتەوە، پێش لەسێدارەدان، کە دڕاندنە جەستەی مرۆڤەکان دەکاتە نیشانە، وەک "ئامێری تیرۆر" (appareil de terreur) وەسف دەکرد.

وشەی تیرۆر، دواتر لە زمانی فەڕانسەوە، هاتەوەتە ناو زمانەکانی دیکەو کوردەکانیش، کە زۆرترین بەرکەوتە و قوربانی ئەم چەمکە ماڵوێرانکەرەن، بەگشتی وشەی رەشەکوژیی، لە تەنیشت یان لە جێگای وشەی تێروردا، بەکار دەهێنن

 کۆماری ئیسلامی، هەر لە رۆژی یەکەمی هاتنە سەرکاریەوە، هەتا ئێستا، تێرۆری وەکوو چەکێکی کارا و وەکوو رەهەندێکی نەگۆڕ، بەکار هێناوەو بەردەوام کۆڵی لێنادات. ئەگەرچی رێژەیەکی فەرمی لەبەردەستدا نییە، بەڵام دوور نییە، هەتا ئێستا هزاران کەس، بە چەشنێک لە چەشنەکان، قوربانی تیرۆری کۆماری ئیسلامی بووبن. پرسیار ئەمەیە کە  ئایا رەشەکوزی و تێرۆر، مێژووەکەی تەنیا دەگەڕێتەوە بۆ ئەم، نزیک بە نیوسەدەییەی رابردوو، (کە رەهەندی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی تێدا جێگیر بووە) یان وەک لە سەرەتادا ئاماژەی پێکرا، مێژوویەکی قووڵ و  کارەساتباری، دوور و درێژتری لە پشتە. 

هەر لەم بەستێنەدا، گەلێک دەق و سەرچاوەی باوەڕپێکراوی سەرەتاکانی تەشنەی ئاینی ئیسلام، نایشارنەوە، کە خۆێنی شاعیر و ئەدیب و کەسانی رەخنەگر و بە گشتی نەیارانی ئەو رەوتە نوێیە، بە راشکاوی رەواو جایز بووە و لەسەر فەرمان و فتوای پێشەوا و رابەری ئاینی راستەوخۆ لە لایەن بەکوژانیانەوە خوێنیان رژاوتە سەر ئەرز و لەناوچوون. ئەوان بەم شێوەیە پەیامیان بە رەخنەگران و نەیارانی خۆیان داوە، کە ئەگەر واز نەهێنن و بەردەوام بن لە  هەجوو رەخنە گرتن، بە مەردەی ئەوانی دیکە دەچن و سەریان تێدا دەچێ.

عەفک(ابوعفک)، کە شاعیرێکی ۱۲۰ ساڵە بوو،  کەسێکی دیکە بەناوی حارس و هەر وەها کەعبی کوری ئەشرەف و  سارە ناوێک و فرتانە و غەریبە و ئەسما کچی مەروان، کە شاعیر بووە و هەجوی پێغەمبەری کردووە، بەشێک لەو کەسانە بوون، کە لەو سەروبەندەدا، راستەوخۆ فەرمانی کۆشتنیان دەرچووە و لە لایەن موسڵمانانەوە، تیرۆر کراون و سەریان لەناو چووە.(١)

 کاتێک ئێرانییەکان، لەژێر زەبری رم و شمشێری هێڕشبەرە بیابانگەردەکانی دەشتە قاقڕ و لماوییەکانی عەرەبستاندا، ئاینی ئیسلامیان نایە جێگای ئایینی زەردەشتی و بەزۆر وازیان لە ئایین وکلتووری خۆیان هێنا، جگە لە چەند جووڵانەوەەیەکی نەزۆک و ناسەرکەوتوو، بۆ چەند سەد ساڵ، بە تەواوی چوونە ژێر باری هیژەمۆن  و هیمەنەی داگیرکەرانی خۆیان و چاریکیان نەما، جگە لە قەبووڵکردنی ئیرادەی فرمانڕواکانی ئایینی نوێ. دواتر پاش ئەوەی، ئاینی ئیسلام لە ناوچەکەدا، بە تەواوی ئەستۆندەکی خێمەی خۆی چەقاند، هەوڵی ئەوەیان دا لەگەلی رێبکەون و بسازن. بۆ چەند سەدەیەک پێش ئێستا و بەزۆری لە سەردەمی شاسمائیلی سەفەوی بەدوواوە، بە تەشنە کردن و پەرەپێدانی ئایینزای شییعە، وەکوو باڵێک لە باڵەکانی ئیسلام، ناسیونالیستە ئێرانییەکان، جۆرێک لەیەکچوون و هاوتەریببوونیتێدا تێدا دۆزییەوە و بەتەواوی باوەشیان پێدا کرد و هەوڵیاندا، لە رێگای ئاینی شییعەگرییەوە، هەم بەرگریی لە نەتەوەو بەشێک لە رەهەندە کلتوورییەکانی خۆیانی پێبکەن و هەم یەکپارچیی دەسەڵاتی ئەرزی نیشتمانی فارسەکانی پێ بەرین و پتەو بکەنەوە. تەشنەی ئاینزای شییعەگەری، لە سەردەمی شاسمایلی یەکەم بەدوواوە و بەتایبەت سازدكردنی لەشکەری کڵاو سوورەکەن [قزڵباشەکان]، بە رەشترین و خوێناویترین سەردمی هەموو ناوچەکە دادنرێن. کە تێدا، کڵاوسوورەکان بە فەرمانی مورشیدەکانی خۆیان، دەستیان دایە پاکتاوکردن و لەناو بردنی، هەموو ئەو کەسانەی قایل نەدەبوون، واز لە دینەکەی خۆیان بێنن وبڕوا بە ئاینزای شییعە بێنن. ڵەم سەردەمەدا بوو کە رەشەکوژیی بەکۆمەڵ و بەتاک بوو بە کارێکی رۆژانە و لەبڕاننەهاتوو. جگە لە رەشەکوژیی، دوو چەمکی دیکەش، کە ژێرخانی کلتووری هاوبەشی ئێرانی - ئیسلامی لە سەری هەڵچنرا، دەکرێ ئاماژە بە دەقی تەقیە،[واتە، حەڵاڵ کردنی درۆ] و هەروەها لهەڵخەڵەتاندن و لە خشتەبردنی قوربانی بکرێت. کلتووری ئێرانی - ئیسلامی، لەم چەمکە وەکوو بەردی بناغەی کلتووریی، لە مێژوویەکەوە بۆ مێژووییەکی دیکە و لە دەسەڵاتدارێکەوە بۆ دەسەڵاتدارێکی دیکە، پاراستوویەتی و بەکاری هێناوە. لە راستیدا ئێرانییە دەسەڵاتدارەکان، بە پشت بەستن و پشتگەرمی ئەو دوو چەمکە نەگۆڕەی دووایی، بەستێن و زەمینەکانی رەشەکوژی و تێرۆری نەیارانی خۆیانیان هەموار کردووە.

تەقییە" چەسپاوی ئایینی ئیسلامە و تەنانەت لە قورئاندا،  دوو جار ئاماژەی پێکراوە. جارێک لە سوورەتی ئالی عومران و جاری دووەم لە سوورەتی نەحل دا. خودا لە سوورەتی ئالی عومراندا، بە ئیمانداران رادەسپێرێ کە: ["ئیمانداران نابێ کافرەکان لە بەرانبەر موسڵماناندا، وەکوو سەرپەرست بۆ خۆیان هەڵبژێرن. هەرکەس، ئەو کارە بکات، هیچ چەشنە پێوەندییەکی لەگەڵ خودادا نییە، مەگەر ئەوەی لێیان بترسێ و درۆ (تەقییە) بکات و خوداوەند ئێوە لە سزاکانی خۆی دەپارێزێ و گەڕانەوەی هەموو کەس بۆ لا خۆیەتی."] [سوورەی "ئالی عومران ئایەی ۲٨"](٢)

لە ئایینی ئیسلامدا و بە تایبەت لای شییعەکان، گەلێک گرنگە کە سڕینەوەی قوربانییەک، کە بەتۆمەتی کافر و لەدین دەرچوو، رشتنی خوێنی حەڵاڵ کراوە، فتوای پێشوایەکی دینی، یان مەرجەعیەتێکی تەقلید، وەک نوێنەری خوا لە سەر زەویی لە پشت بێ. پەرویز دەسماڵچی، نووسەر و چالاکی سیاسی ئێرانی، بە پشتبەستن بە وتەکانی شایەتی(C) لە دادگای میکۆنوسدا، واتە؛ ئەبولقاسم موسباحی، لە کتێبی تێرۆر بە ناوی خودادا دەڵێ:" خومەینی بۆ خۆی فتوای حوکمی تێرۆر و کوشتنی دۆکتۆر عەبدولرحمان قاسملووی واژۆ کردبوو.” (٣) 

دەرکردنی فتوای کوشتن و ڵەناوبردن، لە لایەن پیاوە ئایینییە دەسەڵاتدارەکانی ئێران، تەنیا بە سڕینەوەی کەسایەتییەکی، وەک دووکتۆر قاسملۆوەوە ناوەستێت، بەڵکوو مەوداکەی دەتوانێت، هاوکات کۆمەڵێکی چەند هەزارکەسی ببنە ئامانجی واژۆ کردن و فتوای مەرجەعییەتێکی ئاینی. وەکوو قەڵاچۆی بەندکراوە سیاسییەکانی پاش کۆتایی شەڕی ئێران و عێراق. یان بۆ نمونە، تەنانەت سڕینەوەی نەتەوەیەک بە هەموو چڵ و پۆپەکانییەوە، وەکوو فتوای خومەینی دژ بە گەلی کورد، لە ٢٨ گەلاوێژی ١٣٥٨ی هەتاویدا، یان درووشمی سڕینەوەی ئیسرائیل لەسەر خڕی زەوی!(٤)

لێکدانەوەی سوننە و شییعە لەم دەقە وەکوو زۆربەی لێکدانەوەکانی دیکەشیان لە سەر دەقە پیرۆزەکان وسەرچاوە و بنەماکانی ئایینی ئیسلام ناتەباو جیاوازە. سووننەکان پێیان وایە، تەقییە بەمانای ترسە، ترسیش لای موسڵمانانی سوننە، بریتییە لە ترس لە نەفس و ترس لە شکاندنی حورمەت و دەبێ خۆی لێلادەی.

بەڵام تەقییە بەلای شییعەکانەوە بە شێوەگەلێکی دیکە هاتووە و دەرئەنجامێکی گەورەتر و هەراوتری لە سەر بنیات نراوە.

یاردن ماریوما دەڵێت: [تقییه، دەقێکە لە فقهی ئیسلامیدا، کە ماناکەی بە شێوەی جیاواز دێت و پێوەندی بە کاتێکەوەیە، کە موسڵمانێک بەپێ شەریعەتی ئیسلام بۆی هەیە "درۆ"بڵێ.] (٥)

چەمکی تەقییە(درۆ)، لای موسڵمانە شییعەکان، هەتا رادەی یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی دیین، وەکوو نوێژ و رۆژوو، لەسەر موسڵمانان فەرزکراوە و دەبێ پیرۆز رابگیردرێ و بپارێزرێت. 

شێخ سدووق لە کتێبی؛ (الاعتقادات)دا کە هەڵگری، هەموو باوەڕەکانی مەزهەبی شییعەیە دەڵێت: "تەقییە،[لە سەر موسڵمانانی شییعە] فەرزە و ئەوەی لە تەقییە، خۆی ببوێرێ، وەکوو ئەوە وایە؛ لە نوێژ کردن دووریی کردبێ."(٦)

 ئێرانییە دەسەڵاتدارەکان بە تایبەت لە سەفەوییەکان بەملاوە و تەنانەت لە سەردەمی پەهلەوییەکانیشدا کە بە بەنەما خۆی وەکوو دەسەڵاتێکی سیکۆلار ناوزەد دەکرد، بەردەوام هەوڵیانداوە تەقییە وەکوو بنەمایەکی نەگۆڕ و پیرۆز، بی پارێزن و بکاری بێنن وپەرەی پێبدەن. لەم ناوەدا کوردەکان کە زۆربەی دانیشتوانی بە سەر مەزهەبی سوونەدا دابەشبووبوون، گەورەترین و بەسامترین زەبرو و زیانیان لێکەوتووە. هەم لەبەر بکار نەهێنانی ئەم چەکە لە کاتی پێویستداو هەم بە هۆی بکارهێنانییەوە، لە لایەن شییعە ئێرانییە دەسەڵاتدارەکان و هەم  لە سونگەی بەناو برا ئایینییە سوننە توركركانیانەوە. شێخ سەعید و شێخ مەحموودی حەفید، کە دوو سەرکردەی نەتەوەیی بەڵام پابەند بە ئایینی ئیسلام، ئەگەر لەکاتی بەرەوڕووبوونیان، لەگەڵ تورکەكان، ئیرانییەکان و بە تایبەت ئینگلیزییەکاندا، تەقییەیان وەکوو شییعەکانی ئێران، بکار هێنابا، رەنگە کورد چارەنووسی بە ئاڕاستەیەکی دیکەدا دەرباز دەبوو. ئەو دوو شێخە شۆڕشگێڕە، سەربەخۆیی و چارەنووسی گەلەکەیان بۆ گرنگ بوو و تەنانەت شێخ سەعید لەبەر کۆڵنەدان و سوور بوونی لە سەر ماڤە رەوا نەتەوەیەکەی، لە گەڵ هاوڕێیانی ملی بە پەتەوە کرا، بەڵام ئامادە نەبوون، بە درۆش بووبێت، سەبارەت بە ئایینەکەیان، هەندێک نەرمی بنوێنن. کەچی ئیمام سادق، کاتێک لە بەرانبەر خەلیفەی عەباسیدا، ناچار بە درۆکردن دەبێت، بە شێوەیەکی دیکه مامەڵە لە گەڵ دەروونی خویدا دەکات. لە بەرگی چوارەمی "کافی"، کە یەکێکە لە سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانی مەزهەبی شییعە، لە زمانی ئیمام جەعفەری سادقەوە دەڵێ:[ لە سەردەمی مەنسووری عەبباسیدا، رۆژێک لە شاری حیرە، رۆشتمە خزمەتی بەڕێزیان. ئەو رۆژە، شکهەڵگر بوو. (یوم الشک) بوو و سەبارەت بە دەرکەوتنی مانگ، خەڵک لە گوماندا بوون. مەنسوور گوتی: ئەی باوکی عەبدووڵا، (یا ابا عبداللە)، ئەمڕۆ بەڕۆژوویت؟ گوتم: ئەمە پێوەندی بە خاوەن شکۆوە هەیە. ئەگەر ئێوە بەڕۆژوو بن، ئەوا ئێمەش بەڕۆژوو دەبین و ئەگەر ئێوە نەیگرن، ئەوا ئێمەش نایگرین. مەنسوور بە نۆکەرەکەی وت:" سفرەکە راخە و منیش لە گەڵ مەنسووردا، نانم خوارد و سوێند بە خودا، دەمزانی کە ئەو رۆژە، رۆژێکە لە رۆژەکانی مانگی رەمەزان. بەڵام خواردنی رۆژێک لە رۆژەکانی مانگی رەمەزان، ئاسانتر لەوە بوو، کە ملم بپەڕێنن و چی دی، خوا نەپەرەسترێت.](٧)

 فریوودان و هەڵخەڵاتاندن، بۆ لە خشتەبردن، لە رێگای تەقییەوە، هەتا ئێستا سەری زۆر رابەر و کەسایەتی دیاری بزووتنەوەی کوردستانی بەبا داوە. جگە لە دووکتۆر عەبدوولرحمان قاسملوو هاوڕیانی، کە لە شاری وین و لەڕێگای لە خشتەبردن و بەکارهێنانی چەمکی تەقییەوە [وتوووێژی درۆ]، برانە شوێنی تێرۆر، دەیانان ناوی دیار دیکەی وەکوو:" ئیسمایل خانی سمیتقلو و براکەی، عزیزخانی دزڵی و مەحموودخانی کوڕی،  حەسەن سوڵتان و هەر دوو براکەی، واتە;(بارام سان و موستەفا سان) هەر بەپشت بەستن بە ئایاتی قورئانی و کەڵک وەرگرتن لە تەقیە (درۆ)، براونەتە قەتڵگا و گیانیان لێ ئەستاندوون! بۆ نمونە و وەك كۆتایی هێنان بە باسە، ئاماژە بە لە خشتەبردن و كوشتنی سەركردەیەكی هەورامییەكان دەكرێت، كە چۆن بە شێوەیەكی تراژیك و بە بشت بەستن بە بە تەقییە و ئیستخارە، سەری دەپەڕێندرێت و دەكوژرێت:

  کاتێک فەرهاد میرزا ناسراو بە موعتەمەدئەلدەولە، مامی ناسرەدین شا و پانزدەهەمین کوڕی عەبباس میرزای کوڕی فەتحعەلی شای قاجاڕ، پاش مەرگی غوڵامشا خان، بوو بە والی کوردستان، دەستی کرد، بە فرتووفێڵ و تەڵەکە نانەوە و گەلێک کاری ناڕەواو کوشەندەی دژ بە کوردەکان، بەناو خۆیەوە تۆمار کرد. فەرهاد میراز لە ناو شازادەکانی دیکەی قاجاڕدا، خاوەن تایبەتمەندیێکی جیاواز بوو. ئەگەر شازادەکانی دیکە، خەریکی عەیش و نۆش و رابواردن لە حەرەمسەراکانیاندا بوون، ئەم پیاوێک بوو، کە سەبارەت بە بنەماکانی مەزهەبی شییعە، پێداگر و دەمارگرژ و باوەڕمەند بوو و تەنانەت جگە لەوەی، گوڵدەستەکانی ئیمام موسای کازمی، لە شاری کازممەینی عێراقدا بە ئاوی زێڕ ئاوکاری کرد، چەند پەرتۆک و چامەیەکی لاواندنەوەشی، لە سەر ئیمامانی شییعە و بەتایبەت حەسێن کوڕی عەلی ئەبووتالب نووسی یان لە عەرەبییەو وریگێرایەوە سەر زمانی فارسی. یەکێک لەو کەسانەی کە لە سەردەمی فەرمانڕەوایی فەرهاد میرزا، لە سەر مێزی وتوووێژدا، گیانی لێئەستێندرا و تێرۆر کرا، گەورە دەسەڵاتداری هەورامانی لهون، حەسەن سانی هەورامان بوو.

فەرهاد میرزای موعتەمدولدەولە، چەند مانگێک پاش هاتنی بۆ شاری سنە، بەرەو مەریوان کەوتە رێ و لە گوندێک بە ناوی  بالك(٨) خێوەت و بارەگای دامەزراند و داوای لە حەسەن سوڵتان کرد، سەبارەت بەداهاتووی ناوچەکە پێکەوە دانووسان و وتوووێژ بکەن. کاتێک حەسەن سان و هەردوو براکەی واتە؛ بارام سان و موستەفا سان، بە پاڵپشتی سەدان چەکداری لێهاتووی هەورامان، گەشتنە نزیک گوندی بالك، بەگەرمی لە لایەن فەرهاد میرزاوە پێشوازی لێکرا.

بەڵام لە میانەی وتوووێژەکانیاندا، لە ناکاو بەسەریاندا دان و سەرەتا پیاوکوژەکانی شازادە، ملی حەسەن سانیان پەەڕاند و پاشان کۆت و زنجیریان لە گەردەنی بارام سان و موستەفا سان ئاڵاند. ئینجا تەرمەکەی حەسەن سانیان بە  پارچەی هەریر داپۆشی و گوریسێکیان پێوە بەست و بە پیاوەکانی حەسەن سانیان گوت؛ ”شازادە خەڵاتێکی نایابی بۆ ئێوەش ناردووە، رایکێشن و لە نێوان خۆتاندا دابەشی بکەن!” تەرمی بێ گیانی حەسەن سان گەشتە دەستی هەورامییەکان و هاوکات بارام سان و موستەفا سانیش، بە دیلی هێنرانە پێش دەرکەی خێوەتەکەی شازادەی قاجاڕ. ئەگەرچی بۆ لەشکری هەورامان، تێکشانی لەشکریی شازادە زۆر دژوار نەبوو، بەڵام لەبەر پاراستنی گیانی دیلەکانیان، بەبێ هیچ دژکردەوەیەک، ئەو ناوەیان بەجێ هێشت و بڵاوەیان لێکرد! دوواتر فەرهاد میرزا لە بیرەوەرییەکانیدا و بە پشتبەستن بەم ئایەتە قورئانییە؛ ئیستخارەی کردبوو، کە لە شەڕ دژی کوردەکاندا سەرکەوتوو دەبێت "فَخُذْهَا بِقُوَّةٍ وَأْمُرْ قَوْمَكَ يَأْخُذُوا بِأَحْسَنِهَا ۚ سَأُرِيكُمْ دَارَ الْفَاسِقِينَ" (سورە العراف آیە ١٤٥). 

واتە؛" ئەوە قایم راگرە و بە قەومەکەت بڵێ، باشترینەکان هەڵبژێرن، من شوێنی حەشارگەی گوناحبارانت بۆ ئاشکرا دەکەم.]

١. ویکی پی

٢. آیە ١٠٦ سورە نحل

تعداد بازدیدکنندگان