بەشی یەکەم؛
"تیرۆر بە ناوی خوداوە"(١)
(بە بۆنەی ساڵیادی، تێرۆری دوکتۆر قاسملوو و هاوڕێیانی)
[...رۆژی سێزدە ژۆئیە، دوکتۆر قاسملوو و عەبدوڵا قادری ئازەر، بەبێ هیچ چەشنە پاراستنێکی ئەمنی، دەگەنە کۆڵانی لینکەبانی ژمارە ٥ [ Linke bahngassse 5] کە پێشتر وەک شۆێنی چاوپێکەوتن دیاری
کرابوو. چاوپێکەوتنەکە بۆ سەعات پێنج و نیوی پاش نیوەڕۆ، هەر لەو ئاپارتمانەدا، کە پێشتر فازڵ رەسووڵ بۆ ئەو کارەی تەرخان کردبوو، دیاری کرابوو. بێجگە لە فازڵ رەسووڵ کەسی دیکە، ئاگاداری ئەو شوێنە نەبوو. شۆێنەکە لە قاتی سێیەمی ئاپارتمانەکەدا هەڵکەوتبوو، کە دەرکەی چوونە ژوورەوەکەی، بە سێ قفڵ دادەخرێ. دەرکەکەش تەنیا لە رێگای ئایفۆنەوە دەکرێتەوە. بەشداربووان بریتین لە: محەمەد جەعفەر سەحراروودی، موستەفا موستەفەوی(ئاجوودی)، غەفوور دەرجەزی دولەق، لە ژێر ناوی؛(ئەمیر مەنسوور بوزرگیانی ئەسڵ)، فازڵ رەسووڵ، عەبدووڵا قادری ئازەر و عەبدولرەحمان قاسملوو.
لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە، سەحراروودی و موستەفەویی ئەندامی وتوووێژەکەن و غەفووری دەرجەزی دوولەقیش، بەرپرسی پاراستنی گیانیانە و لە ژوورێکی دیکەدا دەمێنێتەوە.