"خاوەنی پەیکانە شۆکۆلادییەکە"
- ئەرسەلان عەزیزی
شەبڕەنگ ناوی یەکێک لە گۆڕەپانە سەرەکییەکانی شاری مەریوانە کە ناوەکەی خۆی لە میوانخانەیەکەوە بە میرات بۆ ماوەتەوە؛ کە لە باکووری رۆژهەڵاتی ئەو گۆڕەپانەدا ساز کرابوو. میوانخانەیەک کە ساڵانێکی زۆر دوور، حاجی ئەحمەد ڕاستی دروستی کردبوو. میوانخانەکە دوای شۆڕش روخاو و شوێنەکەی بوو بە کەلاوە. هەڵبەت ئەو شوێنە، گۆڕەپانی «یادبود»یشیان پێدەگوت. هۆی ئەو ناوە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی دەیەی چل. پاش شۆڕشی سپی و چاکسازیی زەویوزار لە سەردەمی شادا، یادبوودێک دروست کرا کە لەوحێکی برنجی گەورەی پێدا هەڵواسرابوو و هەردوازدە خاڵەکەی ئەو شۆڕشە سپییەی لەسەر هەڵکەنرابوو. بلوارێکی درێژ لە سەرەتای یادبوودەکەوە دەستی پێ دەکرد و هەتا خواروی شار و چۆمی کەڵینکەوە، ئەو بەشەی شاری دەکرد بە دوو کەرتەوە. لە نێوانی هەردوو سایتی بلوارەکەدا چیمەن و ناوبەناو دارپەڵکیان چاندبوو. هەرکە دار پەڵکەکان گەورەبوون، سێبەر و جوانییەکی تایبەتییان بەو بەشەی شار بەخشتبوو و بووبوو بە شوێنێک بۆ پیاسە و کاتبەسەربردنی ئێوارانی خەڵک، بەزۆری چینی مامناوەندی شار، مامۆستایانی قوتابخانەکان و مووچەخۆرانی فەرمانگەکان، قۆڵیان بەناو قۆڵی یەکتردا دەکرد و لە لای راستی بلوارەکەدا بە شێنەیی پیاسەیان دەکرد. پاش شۆڕش و جێگیربوونی دەسەڵاتی نوێ، وردەوردە هەموو شتێک گۆڕدرا. شۆڕشگێڕان سەرەتا لەوحەکەیان لێ کردەوە و دروشمی خۆیان بەسەرەوە نووسی. پاش ئەوان حکومەت یادبوودەکەی ڕووخاند و ئاسەواری نەهێشت و لە جێگاکەی هەیکەلی حەسێن فەهمیدەی دانا، کە ئەویش لەئاکامی شۆڕشی خەڵک سوتێندرا و بە تراکتۆر ڕاکێشکرا بۆ ناو دۆڵ و کەنداوێکی چۆڵ. ئەوەی مایەوە، ناوە کۆنەکەیەتی کە لەو میوانخانەیەوە بە میرات بۆی ماوەتەوە. درێژەی بابەت






